عێراق لەکوێی بەرداشی ئەمریکا ئێراندا

سالار مەحمود
  2019-05-03     776

پێشھاتی نوێ چاوەڕێی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات. کێشەی نێوان ھەردوو وڵات کاریگەری کردۆووەتە سەر دۆخی سیاسی لەعێراقدا، ھەریەکە لە ئێران و ئەمریکا دەیانەوێ عێراق بەلای خۆیاندا پەلکێش بکەن، عێراقیش دەیەوە بێ لایەن بێ و ناوەڕاستی تەرازووەکە بگرێ. کرانەوە بە رووی وڵاتانی دراوسێ و جوڵەی دیبلۆماسی لە دژواری دۆخەکە کەمناکاتەوە، بەقەد ئەوەی لەناوخۆدا ئیرادەی کرداریی بۆ رووبەڕووی مەترسیە کوشندەکەی عێراق  دروست نەکرێت.

ھەڕەشەی گەورە لەئێستادا گەندەڵیە، کە دەیان جۆر گەندەڵی دارایی و کارگێڕیی و سیاسی لە وڵاتدا بوونەتە مەترسی سەرەکی لەسەر چارەنووسی بەڕێوەبردن.

ئاڵنگاری گەورە بەکرداریکردنی میکانیزمەکانی  رووبەڕووبونەوەی دیاردەی گەندەڵیە.

ھەمان ئیرادەی سەرکەوتن بەسەر تیرۆری داعش پێویستە، بۆ سەرکەوتن بەسەر گەمارۆدانی گەندەڵی و سەرخستنی ھەوڵە نوێکانی کەمکردنەوەی. عێراق و ھەرێم لە گەمارۆدانی گەندەڵی دەتوانن ھێز وەرگرن و لەتوانایاندایە دەرباز ببن لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران و دوورخستنەوەی گۆڕەپانی بەریەککەوتنەکانی نێوانیان.

ئەشێ ئەو پرسیارە دروست ببێ کە بابەتی گەندەڵی و خۆ پاراستن لە دەستێوەردانی وڵاتان دوو کەیسی جیاوازن بەڵام بۆ ھێزی ناوخۆیی و یەک گوتاری و ھەستانەوە بەڕووی ھەردوو مەترسیەکەدا یەکتر تەواوکەرن.

یەک گوتاری و یەک سیاسەتی ھاوبەشی دەسەڵاتەکانی عێراق و ھەرێم بەرامبەر بە ئەمریکا و ئێران پێویستە بۆ ئەمەش دروستکردنی ژووری عەمەلیاتی ھاوبەش بە پێویست دەزانرێت بەر لە ھەڵکردنی گەردەلولی ناکۆکیەکانیان. یەک ئاراستەی کار دروست نەبێت ئەوا بە ئاسانتر دەستێوەردان لەسیادە و سامان لایەن ھەردوو وڵاتی ناکۆکەوە دروست دەبن و، وڵات دەبێتە پێخۆری شەڕی بەرژەوەندیەکانیان.

ھاودەنگی دەسەڵاتەکان و کاربەدەستان بەپێی دەستور گرەنتی سود وەرگرتن لە بەردەوامی ئارامی سیاسی و کۆمەڵگایی، دەرفەتی زیاتر دەدەن بۆ ئایندەیەکی باشتر لە ئێستای پڕ دڵەڕاوکێ و، واش دەکات لایەنە دەرەکیەکان سڵ بکەنەوە لەدەستێوەردان و بیرکردنەوە لەوەی وڵاتەکە بە ھەرێمەوە بکەنە گۆڕەپانی شەڕی بەرژەوەندیەکانیان لەسەر حیسابی خەڵک و سامانەکەی.

پەلەکردن لە بەجێگەیاندنی بەڵێنەکان و بەکردار کردنیان توڕەیی شاراوەی شەقام لە گەرمای ھاوینی چاوەڕوان کراو سارد دەکاتەوە.

تێوەگلانی بەشێک لەدەسەڵاتداران لەگەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات، سەرمایەیەکی لەحساب نەھاتووی بەفیڕۆ داوەو یەک گوتاری نەھێشتوەو کارتەکانی تێکەڵکردوە.

لەبەر ئەوە شەڕی گەندەڵکاران و تۆڕی جاڵجاڵۆکەی بەرژەوەندیخوازان شەڕێکی یەخەگرتووی سەختەو، چیتر دواخستن ھەڵناگرێ.

ھەر لەم سۆنگەیەوە لەبەرپاکردن و سەرکەوتنی شەڕی گەندەڵیدا دەتوانرێ عیراق بکەوێتە دەرەوەی بەرداشی نێوان ئەمریکا ئێرانەوە نەک لەنێوان بەرداشیاندا بھاڕدرێ.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×