چەکل و سیاسەت

ئارام سەعید
  2019-05-14     888
یەکێک لەو دیاردانەی لەماوەی چەند ساڵی رابردودا بەدی دەکرێت لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکاندا مەسەلەی تەشهیر و جنێودان و سوکایەتیکردنە بەشیوازی جیاواز کە هەندێکیان بۆ کۆمیدیا و هەندێکیان بۆ بەکارهێنانە دژی کەسایەتی و گروپی جییاواز، کە ئەوانیش وردە وردە کۆدەکرێنەوەو دەبنە گروپی رێکخراو، حزب ،تاقم ودەستە جیاوازەکان بەکاریان دەهێنن، واتە ئەوەی جاران لەسەر شەقامەکان خەڵکی بەرشەق دەدا و ئێستاش هەیە، بەشیوازێکی تر دەرکەوتۆتەوە کە ئەویش دروستکردنی پەیجی جیاواز و بەکارهێنانی ناوی خوازراو سەرنج راکێش بۆ ئەوەی بتوانن لە رێگەیەوە لە رکابەرەکانیان بدەن و هیچ یاسایەکیش نیە بۆ بەرەنگاربونەوە چونکە ئەنجامدەران نەناسراون و ئازایەتی ئەوەیان نیە بەناوی خۆیانەوە هیچ بڵێن.
موئەیەد ناسری نوسەر دەڵێت ” لەسەردەمی عوسمانیەكاندا ئەوانەی چاودێری نرخی بازاڕیان دەكرد وەك كارمەند ناویان شەللاتی بوو پاشان لەبەرئەوەی فێری گەندەڵیی و بەرتیل خواردن بوون، حكومەت فەرمانبەری نوێی دانا بۆ چاودێری ئەوان و ناویان نا سەرسەری" ، كەكاری سەرەكیان چاوێری شەللاتیەكان بوو." دواتر لەبەرئەوەی ئەوانیش فێری بەرتیل خواردن بوون ئیتر ئەو دووناوە لە ناو كۆمەڵگەدا وردە وردە ناشرین بوو، بەشێوەیەك تا ئێستا لە زمانەكانی ئەم ناوچەیەدا چەندین دەستەواژەی تری ناولێنراوە، وەك چەورە، چەكل، چەقاوەسوو، شەقاوە...هتد . هەمیشە دەسەلات و خاوەن پارە هەوڵدەدات بەكاریان بهێنێت بۆ ئەوەی بەڕێگایەکی ئاسان بەرامبەرەکانیان پێ بترسێنن. 
لەمێژووی شۆڕش وخەباتی رابردوشدا سوود لەم جۆرە کەسانە بینراون، گەر لە رابردودا ژینگەیەکی دیاریکراو لە گەرەکێکدا کەسێ یان دوانی لەوجۆرەی دروستکردبێت ئەوا ئێستا دامەزراوەو کارگەی دروستکردنی ئەم جۆرە کەسانە دروستکراوەو بەردەوام شێوازی نوێ بەرهەم دەهێنێت کە جیاوازن لە رابردوو، گەر سەیری ئەخلاقی رابردوی شەلاتیەک بکەیت لە رابردودا لە سلێمانی وا ناسراوبون کە لە گەرەکی خۆیاندا ئەو جۆرە هێرش و پەلاماردانەیان نەدەکرد، بەڵکو لەگەرەکێکی تر و دوور لە دراوسێکانی خۆیان و هەندێ جار بەرگریکاری باشیش بوون لە دەرودراوسێی خۆیان. تەنانەت لە ناو باندەکانی مافیاشدا هیشتا هەندێ رێسا هەیە کە پابەندی دەبن. بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی بە رێکخراو بۆ ئەو ئامانجە بەرهەمهێنراون ئەخلاقیشیان جیاوازە و دەست لەکەس ناپارێزن. ئەمە سەرەرای ئەوەی بۆ ئەوەی کەسێکی شارێک بەرشەق بدەیت لەسەر سیاسەت پێویستت بەوەبوو لە شارێکی ترەوە خەڵک بهێنیت چونکە خەڵکی ئەو شارە لە رووی نەدەهات کە هاوشاریەکی خۆی ئازاربدات لەبەرهۆی سیاسی. 
لەپێ‌ل ئەمانەدا ئێستا قوتابخانەیەکی ترهەیە لە سۆشیال میدیا کە ئەویش چەورە و چەکلەکانی فەیسبوکن،کە وەک چەمکێکی نوێ ئەم جۆرەش لە چەکل دروستبوەو ئەرکی سەرەکیان بەردەستی و کۆمێنت نوسین و پۆست کردنی بابەتی جنێو و ئابروبردنی خەڵکە لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکان و لەرێگەی پەیجە ساختەکان و گروپی چاتەوە ئاراستە دەکرێن. ئەم گروپە لە دەورو خولی سەرۆک حزب و سەرۆکی دەستەو تاقمە کۆمەڵایەتیەکان کاریان گەورەکردن و پەردەپۆشکردنی ناشیرینیەکانی دەسەلات و بەرپرسەکانیانە، لە پرۆسەیەکی رێکخراو و بە بەرنامە لە کەسی خاوەن را و خاوەن بیرکردنەوەی ئازاد خاڵیدەکرێنەوە و دەبنە داردەست و ئەندامی دەستەو و باند. لە رابردودا ئەم گروپانە هەبوون، لە ناو حزبە سیاسیەکان مێژویەکی کۆنییان هەیە کە هەندێ جاربە "ماستاو چی و کۆیلە" ی حزب ناوهێنراون . بەڵام لە سەردەمی تازە ئەم گروپانە وەزیفەیەکی گەورەتریان هەیە لە کاری "ماستاوچی" ، ئەویش مینبەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاردێنن بۆ شێواندنی رایگشتی . ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەم گروپانە خاوەن بروانامە و باکگراوندی ئەکادیمی و رۆناکبیرین وەک کەسانی خاوەن را خۆیان پیشان دەدەن لە کاتێکدا ئەمانە لەرێگەی گروپی چات و بە نامە هەڵدەسورێنرێن و هاندەدرێن و دەکرێنە چەورە و مرۆڤی بێ ئیرادە.
ئەم گروپانە لە دەوری ئەو سەرکردانە کۆدەبنەوە کە پێویستیان بەوەیە بە درۆ چەواشەکاری بەردەوامی بە دەسەڵاتیان بدەن جا چ لە دەسەڵاتی حوکمڕان بێت یان دەسەلاتی ئۆپۆزیسیۆن، لەجیاتی ئەوەی دەیان ئەکادیمیا و سەنتەری راهێنان بکەنەوە و کاربکەن لەسەر پەرەپێدانی مرۆیی و بونیادنانی سەرکردەی بەتوانا، کاردەکەن بۆ ئەوەی کۆیلە بەرهەمبهێنن بۆ بەرگری لە ناڕەوایەتی کردوەکانیان. سەرکردەی راستەقینە لەبری چەورە و چەکل، کەسانی حەکیم و بیرکەرەوە و ژیر کە خاوەن رای جیاوازی خۆیانن لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی بەردەوام مەعریفەی نوێ بەرهەمبێنێنن، بۆ تێروانینی نوی و هەموو تاکێکی کۆمەڵگە فێربکەن، سەرکردە راستەقینەکان ئەوانەن کە هاولاتیان خەونەکانی خۆیان لەچاویدا دەبینن، بەڵام ئەو سەرکردانەی پێویستیان بە کۆمێنت نوس وچەکلەکانی فەیسبوکە کەسانی بیرکەرەوەیان ناوێت، بەڵکو چەورە و چەکل کە بەردەوام پێیدا هەڵبدەن و ئەویش هانیان بدا ئەوە دوبارە بکەنەوە. 
لەکۆتاییدا گرنگە خەڵک جیاوازیەکانی سەرکردایەتی و غەوغائیەت جیابکاتەوە، رەنگە پۆپۆلیزم ئیلهام بەخش بێت بەلام ئامانجەکانی و ئامرازەکانی پاک و بێگەرد نین. دەبیت بپرسین ئایا ئەو سەرکردەیە کە بروامان پێیەتی ژیانی خۆی تەرخانکردوە بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک؟ یان دروستکردنی مێگەلێک و کردنیان بە کۆیلە بۆ پیرۆزکردنی خۆی؟ سەرکردەی راستەقینە ئەوانە نین کە خەریکی زیادکردنی شوێنکەوتوی خۆیانن، بەڵکو ئەوانەن دەوروبەریان فیردەکەن چۆن ببنە سەرکردە. ئەوکەسانە سەرکردەن کە خۆیان ناسەپێنن بەسەر دەوروبەردا و ئازادیان زەوت ناکەن. چۆن متمانە بە سەرکردەیەک بکرێت کە خۆی بروای بەو بەهایانە نەبێت کە باسی دەکات و بگرە هەندی جار هەڵسوکەوتی پێچەوانەی ئەو بیروباوەرانەیە کە باسی دەکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×