خراپ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیاو سۆشیاڵ میدیای ساخته (فه‌یك)

به‌ختیار ئه‌مین
  2019-05-15     1134
خراپ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا یان دروستكردنی سۆشیاڵ میدیای ساخته‌ یان ڕێگا پێنه‌دراو (په‌یج و ئه‌كاونتی فه‌یك‌) به‌ مه‌ترسیترین هه‌ڕه‌شه‌ و كوشنده‌ترین فایرۆسی سه‌ده‌ی ٢١ هه‌ژمار ده‌كرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان سوودێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا چه‌ندین كرداری مه‌ترسیدار و تاوانی ئه‌لیكترۆنی زۆری پێ ئه‌نجام ده‌درێت له ‌وانه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری و هه‌واڵی ناڕاست، بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی كه‌سانی دیكه‌ به‌بێ ره‌زامه‌ندی خودی كه‌سه‌كه‌، وه‌ بازرگانی كردن به‌ بابه‌ت نایاسایه‌كان و كه‌ره‌سته‌‌ ڕێگا پێنه‌دراوه‌كان یان به‌كارهێنانی زانیاری و داتای به‌كارهێنه‌ران بۆ مه‌به‌ستی جۆراو جۆر. دیارترین ڕوداوی خراپ به‌كارهێنانی زانیاری و داتای هاووڵاتیان له‌لایه‌ن خودی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوكه‌وه بوو كه‌ زانكۆی كامبریج توانی له‌ساڵی  ٢٠١٨ ئه‌و كاره‌ نهێنیه‌ ئاشكرابكات. له‌ ئه‌نجامیشدا فه‌یسبوك تۆمه‌تبار كرا به‌ خراپ به‌كارهێنانی هه‌ژماری پتر له‌ ٥٠ ملیۆن هاوڵاتیانی ئه‌مریكی بۆ پێشبینیكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا و زانینی ڕای به‌كارهێنه‌رانی فه‌یسبوك له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ  (بڕوانه‌ سه‌رچاوه‌-١). هه‌روه‌ها به‌ڕیوبه‌ری فه‌یسبوك (مارك زوبێرگ) ڕوبه‌ڕوی ڕه‌خنه‌ی توندی ووڵاتانی وه‌كو ئه‌وروپا و ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕووبه‌ڕوی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایش بووه‌وه‌‌‌. بۆیه‌‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ ٢٥ مه‌ی ٢٠١٨ دا بڕیارێكی نۆی ده‌ركرد كه‌General Data Protection Regulation (GDPR)) ناسرا‌. له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ هه‌موو كۆمپانیا ئه‌لیكترۆنیه‌كان و ماڵپه‌ڕ و سۆشیاڵ میدیاكان په‌یوه‌ست كران‌ به‌م یاسایه‌وه‌ تاوه‌كو  ڕێز له‌ پرایڤه‌سی به‌كارهێنه‌رانیان بگرن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك زانیاری به‌شداربوونیان به‌كارنه‌هێنن بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌ت‌ یان ئاڵوگۆڕی پێ بكه‌ن له‌گه‌ڵ لایه‌نی دیكه‌دا به‌مه‌به‌ستی كڕین و فرۆشتن. پابه‌ند نه‌بوونی  هه‌ر كۆمپانیایه‌ك یان دامه‌زراوه‌یه‌ك  ‌به‌م یاسایه‌وه‌  سزاكه‌ی به‌ بڕی ٢٠ ملیۆن یۆرۆ ده‌ستنیشان كرا. 

لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم كه‌ ئاماژه‌ به‌ خراپ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا و په‌یجی ساخته‌و فه‌یك بكه‌م له‌گه‌ڵ فاكته‌ره‌ نه‌گه‌تیڤه‌كانی.

١. خراپ به‌كارهێنانی ئامێر و سۆفتوێره‌كان:

بێ گومان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ر كردارێكی ئه‌لیكترۆنی نه‌شیاودا ڕێگایه‌ك هه‌یه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ‌ بكه‌رانی‌‌‌ بۆ نمونه‌ له ‌‌هه‌موو كه‌ره‌سه‌یه‌كی هاردوێر یان سۆفتوێر (Hardware -Software)ی كۆمپیوته‌ردا و پرۆگرامه‌كانی فایلێكی نهێنی هه‌یه‌ بۆ تۆماركردنی ئه‌و كردارانه‌ی كه‌ كه‌سێك ئه‌نجامیان ده‌دات و هه‌موو كرداره‌كان له‌ event property  تۆمارده‌بن‌ كه‌ به‌ په‌نجه‌مۆری ئه‌لیكترۆنی ناسراون. له‌م لۆگ فایلانه‌دا  لیستی كرداره‌كان، كات و ڕۆژی ئه‌نجامدانی كرداره‌كانی تێدا تۆمارده‌بن، له‌گه‌ڵ ناوی خاوه‌نی ئه‌و كۆمپیوته‌ره‌ی كه‌ كرداره‌كانی پێ ئه‌نجام داوه‌. هه‌روه‌كو چۆن له‌ ئامێری مۆبایله‌كه‌تدا لیستی ناو و ژماره‌ی په‌یوه‌ندی هاتوو یان ڕۆشتو، كاته‌كانی په‌یوه‌ندی تۆمار ده‌بن، به‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌م كردارانه‌ له‌ كه‌ره‌سته‌كانی‌ ته‌كنه‌لۆجیا و فایله‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كاندا تۆمار ده‌بن به‌ بێ خواستی به‌كارهێنه‌ری ئامێر و به‌رنامه‌كان (دیڤایس و سۆفتوێره‌كان). ده‌توانین ئه‌م پرسیاره‌ بكه‌ین؛ له‌ مۆبایلدا ده‌توانرێت ژماره‌كان بسڕینه‌وه‌؟ به‌ڵی ڕاسته‌ ژماره‌كان ده‌توانرێت بسڕدرێنه‌وه‌ به‌ڵام زانیاریه‌كان هه‌ر له‌ سیستیمی تۆڕه‌كانی مۆبایلدا ده‌مێننه‌وه‌.  بۆیه‌ له‌م ڕێگایه‌وه‌ كه‌سی پسپۆڕ ده‌توانێت پشكنینی وورد بكات و بزانێت (كێ ئه‌و فلاش میمۆریه‌كی به‌كارهێناوه‌، چی جۆره‌ داتایه‌ك- زانیاریه‌كی خراوه‌ته‌ سه‌ر یان لێی كۆپی كراوه‌ له‌ كاتی داخڵ بوون و ئه‌نجامدانی كرداره‌كاندا). دیاره‌ ئه‌م لۆگ فایلانه‌ له‌هه‌موو پرۆگرامه‌كانی كۆمپوته‌ردا بوونی هه‌یه‌ بۆ لایه‌نی سكیوریتی و دۆزینه‌وه‌ی زانیارین (بڕوانه‌ سه‌رچاوه‌ی ٢). 

٢. خراپ به‌كارهێنانی سۆشیاڵ میدیا یان تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان

نه‌ك هه‌ر له‌ كوردستان به‌ڵكو ووڵاتانی پێشكه‌وتووش به‌ده‌رنین له‌ په‌یج و ئه‌كاونتی فه‌یك (واته‌ ساخته‌) بۆ به‌كارهێنانی جۆره‌ها كاری‌ نه‌شیاو‌، بۆیه‌ ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ به‌ ڤایرۆسێكی كوشنده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌زانرێن و له‌ هه‌مانكاتیشدا‌ تاڕاده‌یه‌ك نه‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار، نه‌ كه‌س و گروپه‌كان خۆیان به‌ به‌رپرسیار ده‌زانن له‌ ئاستیاندا. به‌ داخه‌وه‌‌ ڕۆژانه‌ گوێبیستی چه‌ندین كاری ناشیاو مه‌ترسی ده‌بین، ئه‌مه‌ش به‌هۆی نه‌بووی فیلته‌ری بابه‌ته‌كان و هه‌میش شه‌یه‌ركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی زنیاریه‌كان به‌‌ ڕاسته‌وخۆ و زۆرخێرا كه‌ توانای كۆنترۆڵ كردنیان ئاسانیه‌. ‌به‌هۆی خراپ به‌كارهێنانی سۆشیاڵ میدیاو و فاكته‌ره‌ نه‌گه‌تیڤه‌كانی  ساڵانه‌ چه‌ندین كه‌س كۆتایی به‌ ژیانی خۆیان ده‌هێنن و ده‌بنه‌ قوربانی ده‌ستی ئه‌م كرده‌وه‌ ناشرینانه‌. بۆ نمونه‌ ‌  له‌ ساڵی ٢٠١٦ دا، كچێكی ئیتاڵی وێنه‌ نهێنیه‌كانی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاوكرانه‌وه‌ له‌لایه‌ن هاوڕێ كوڕه‌كه‌یه‌وه‌، ده‌‌رئه‌نجامیش كچه‌ ئیتالیه‌كه‌  كۆتایی به‌ژیانی خۆی هێنا (بڕوانه‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ ٣ و ٤ بۆ زانیاری له‌سه‌ر لیستی ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ قوربانی ده‌ستی سۆشیاڵ میدیا ) (٤). بۆ دۆزینه‌وه‌ی بكه‌رانی ئه‌م كاره‌ مه‌ترسیدارانه،‌ دادگای ووڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان له‌ ڕێگای به‌دواداچونی وورد و وه‌ به‌هاوكاری كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زای بواری ته‌كنه‌لۆجیا توانیویانه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ئه‌نجامده‌ران و تاوانباران بدۆزنه‌وه پێش ‌یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كان‌‌. به‌ ئه‌نجامدانی چه‌ند تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ ڕێگای‌ (ئایپی ئه‌دره‌سی ئه‌كاونته‌كان، لۆكه‌یشنی-شوێنی ئه‌كاونت و په‌یجه‌كان، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌سته‌ره‌ی په‌یجه‌كان _وێب ئه‌دره‌س و ئایده‌كان، داواكاری زانیاری له‌ فه‌یسبوك بۆ مه‌به‌ستی یاسایی).  

هیوادارم هاونیشتیمانیانی كوردیش خۆیان به‌دوور بگرن له‌ هه‌ر تاوانێكی ئه‌لیكترۆنی. ‌ ئه‌مڕۆ به‌هۆی پێشكه‌وتنه‌ خێرایه‌كانی ته‌كنه‌لۆجیاوه‌ چه‌ندین ئه‌پڵیكه‌یشنی و پرۆگرامی نوێ دروست ده‌بن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی ئه‌م ئه‌پڵیكه‌یشن و پرۆگرامانه‌ش بێگومان ده‌رچه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌ر تاوانێك یان كارێكی نه‌شیاو. 

د. به‌ختیار ئه‌مین (وانه‌بێژ و توێژه‌ری له‌ زانكۆی لیڤه‌رپوڵ-به‌ریتانیا)
12/05/2019


سه‌رچاوه‌كان:
https://www.bbc.co.uk/news/topics/c81zyn0888lt/facebook-cambridge-analytica-scandal
وێنه‌ی یه‌كه‌م, https://www.forensicswiki.org/wiki/USB_History_Viewing 
ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یه‌ڵی به‌ریتانیا، كوشتنی كچێكی ئیتاڵی: https://www.dailymail.co.uk/news/article-3790966/Humiliated-Italian-woman-commits-suicide-sending-sex-tape-ex-boyfriend-taunt-uploads-Internet.html
 لیستی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌هۆی فاكته‌ری سۆشیاڵ میدیاوه‌ كۆتایان به‌ ژیانیان هێناوه‌؛ https://www.ranker.com/list/the-13-craziest-deaths-caused-by-social-media/whitney-milam?page=2
The Negative Effect of Social Media on Society and Individuals by Brian Jung, Demand Media: https://rampages.us/cjrajendran/wp-content/uploads/sites/9355/2015/12/Media.pdf

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×