۱۹ی ئایار ؛ دوو کەرنەڤاڵی گەش و ڕەش
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا
2019-05-17   767
گەر بە وردی سەیرێکی مێژووی دورو نزیکی گەلی کورد بکەین ئەوا زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت کە کەم سات و ڕۆژی تێدایە ڕوداو یان کارەساتێک تێیدا ڕووینەدابێت ئیتر ئەو ڕۆژە گەش بوبێت یان ڕەش ، کەبەداخەوە لەڕۆژژمێری کوردیشدا ڕۆژە ڕەشەکان گەلێک زێدەترن لەو ڕۆژانەی کەبە گەش هەژمارکراون لەمێژووی دورو نزیکماندا۰
( ۱۹-٥-۱۹۹۲) ئەو ڕۆژە بوو کە دوای چەندین ساڵ لەژێردەستەیی وچەوساندنەوە، و دواتر سەرکەوتن و سەرخستنی ڕاپەڕینی کومەڵانی خەڵک لەباشوری کوردستان
لەبەهاری سالی(۱۹۹۱)دا کەنەوشیروان مستەفا بەداڕێژەرو ئەندازیارەکەی دادەنرێت ،
کومەڵانی خەڵکی کوردستان بەگەشبینی ودڵێکی پڕلە جۆش و خرۆشەوە ، وئاپۆراو کەرنەفاڵێکی گەورەو بێشومار ڕوویانکردە ناوەندەکانی دەنگدان و هەڵبژاردن بەمەبەستی دروستبون وپێکهێنانی حکومەت وپەرلەمانی کوردستان کەبۆ ئەو سەردەمەو لەو دۆخەناسەقامگیرو ئاڵۆزەی ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕی وەرچەرخانێکی گەورەو گرنک ومێژوویی بوو ۰
بۆیە دەکرێت سەرەڕای سەرنج و تێبینی زۆر دوای زیاتر لەچارەکە سەدەیەکی حوکومڕانی خۆماڵی ، بەڵام ( ۱۹-٥-۱۹۹۲) بەڕوژێکی گەش لەمێژووی کورد
وێناو ناوزەند بکرێت، وەک یەکەم ئەزمونی هەڵبژاردن ۰
بەڵام دوای [۲٥]ساڵ واتا چارەکە سەدەیەک لەهەمان ڕۆژو بەرواردا واتا (۱۹-٥) ی ساڵی (۲۰۱۷) ڕۆژژمێری کوردی ڕۆژێکی تری ڕەشی خستە سەر ڕۆژە نەهات وڕەش و بێزراوەکان کە تێیدا [نەوشیروان مستەفائەمین]ی نوسەروسەرکردەی خاوەن نیوسەدەخەباتی کوردایەتی و ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆدواجار ماڵئاوایی لەخاک وخەڵکی کوردستانکرد ، کە جگەلەتاسەباربوونی میللەتێک ، جەماوەرێکی بێشوماریش بەدڵێکی پڕ لەگریانەوە بەشدارییانکرد لەماڵئاوایی مرۆقێک کەپڕبونەوەی جێگاکەی زۆرئەستەم وقورسە۰
ئەو یەکێک بوو لەو سەرکردە بێ وێنانەی کە خاوەنی مێژوویەکی زێڕین وبێگەردبوو ، لەخەباتی چەکداری وشارستانیشدا سەرقافڵەو سەرمەشق بوو،
نەوشیروان مستەفا خاوەنی چەندین خەسڵەت وبەهای بەرزبوو کە ئەمەش جگەلەوەی خاڵی بەهێزی ئەوبوو ،بەو هۆیەشەوە هیچ کاتێکیش نەیارەکانی نەیانتوانیوە ڕووبەڕووی ببنەوە ۰
ئەوبەهاوخاسیەتانەی لەنەوشیروان مستەفادا هەبوون وایکردبوو کە یارو نەیارو دۆست ودوژمنی پێی سەرسامبن ،
ئەمەجگەلەوەی کەچەندین نازناوی پێدرابوو لەوێنەی ( سەرکردەی خاکی ، یەک ڕووڕاشکاو ، باوکی هەژاران ، کاکەنەوەو پیاوە مەردەکە) و ۰۰۰۰۰ هتد ۰
لێرەدا تەنهادوو نمونە دەخەینەبەرچاو لەسەر کەسایەتی و گرنگیەکەی کە چۆن وچی بوە؟ یەکەمیان هەڵسەنگاندنێکی کورتی نەوشیروان مستەفایە لەلایەن حیزبی بەعسی فاشت کەهەڵسەنگاندنیان بۆ زۆرێک لە سەرکردەکانی شۆڕشی کورد کردوە لەباشوری کوردستان ، لەیاداشتەکەدا کەلەئەمنەسورەکەی سلێمانی بووە ٫و شوێنی داپڵوسینی گەنجان وتێکۆشەرانی کوردبوو لەلایەن ئەو ڕژێمەوە ، هاتوە کە [ نەوشیروان مستەفا کەسێکە نەمەیلی بۆ ماددە هەیە نەبۆ سێکس وئافرەتیش ] کەلەسەرزەمینی واقیعدا کەمن ئەو بەرپرسانەی کەلەئێستادا هەن لەبەرامبەریان خۆڕاگر بوبێتن و چۆکیان بۆ دانەدابێت، ئەمە لەکاتێکدایە کەنەوشیروان مستەفا کاریگەرترین سەرکردەی شۆڕش بوە لەوئان وساتەی کەناوی لەو یاداشتەدا بەوشێوە هاتوە بودژایەتی کردنی ڕژێمی بەعس وسیاسەتەکانی۰
نمونەی دووەمیش هی چەند ڕۆژێک دوای کۆچیدوایی نەوشیروان مستەفایە لەمانگی ئایاری (۲۰۱۷)دا ، کە ( نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریکا ٫ فەرەنسی وبەریتانیەکانیش
زۆر بەڕاشکاوی ڕایانگەیاندبوو کە ئێمە هەرگیز چاوەڕوانمان نەدەکرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەسێک هەبێت بەو شێوەیە جەماوەری بێت لەکاتێکدا کەسەکەش هەم بێ چەک بێت هەم بێ پارەش ) .
دیارە لەلایەن کەسایەتیە ناوخۆیی وبیانیەکانیش بەچەندین شێوازی جۆراوجۆر پێناسەی نەوشیروان مستەفاکراوە، بەڵام تەنها ئەو دوو نمونە بەسە بۆ تێگەیشتنی تەواو لێی ۰
یەکێک لەهاوڕێ نزیکەکانی نەوشیروان مستەفا چەند ڕۆژێکی کەم پێش کۆچیدواییەکەی سەردانی کردبوو ، هاوڕێکەی ووتی: سەرەڕای خراپی باری تەندروستی ، کاک نەوشیروان هێندەی سەرکەوتنی بزوتنەوەکەی لا گرنگ و مەبەست بوو هێندە بەتەنگ تەندروستی خۆیەوە نەبوو۰
بۆیە پێویستە و گرنگیشە کەچۆن نەوشیروان مستەفا لەسەرەمەرگیشدا سەرکەوتن وپاراستنی بزوتنەوەکەی بەلاوە مەبەست وگرنک بوە ، دەبێت بەرپرسان وهەڵسوڕاوو گۆڕانخوازانیش سەرخستن وسەرکەوتنی بزوتنەوەکە بکەنە خاڵی بەهێزو هاوبەش ٫ وە نابێت بەرپرسانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕانیش هێندە بێ باک و خەمساردبن لەئاست ڕەخنەو سەرنجی هەڵسوڕاوان ، جونكە نیازو مەبەستی هەموان پاراستنی بزوتنەوەکەو گەشەکردن و سوربونیەتی لەسەر دروشمە سەرەکیەکانی کەبۆی دروست بوە یان دامەزراوە ۰
گرنگترین کاریش کە بەرپرسانی باڵای گۆڕان بیکەن پەلەکردنە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و بەستنی
کۆنفرانس و کۆنگرەیە لەماوەیەکی دیاریکراوداو، گەر بشتوانرێت تاکو ( ۲۵ـ۷) کەساڵڕۆژی یەکەمین بەشداری کردنی بزوتنەوەکەیە دوای دروستبونی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ئەوا کارێکی شیاووبەجێیە۰
وە پێویستە لە کونگرەشدا ڕێز لەهەموو پڕۆژەو پێشنیارێک بگیرێت ، چونکە بەدڵنیاییەوە هەر پڕۆژەو پێشنیارێک کە هەڵسوڕاوو گۆڕانخوازان بەبێ جیاوازی پێشکەشی دەکەن مەبەست لێی بەهێزبونی بزوتنەوەکەو مانەوەیەتی بەگەورەیی٫ نەک خوێندنەوەو شیکردنەوەی جودا جودای بۆ بکرێت، و بەو هۆیەوە وەلابنرێت وپشتگوێ بخرێت ۰
ماوەتەوە بڵێین گەر[۱۹-٥] ی (۱۹۹۲) کەزیاتر لەچارەکە سەدەیەکی پێش ئێستایە لاپەڕەکانی مێژووی کورد ڕۆژێکی گەشی لای خۆی تۆمارکردبێت ، ئەوا لەساڵی (۲۰۱۷)شدا ئەو بەروارە بۆتە ڕۆژێکی ڕەش لەو تۆمارەمێژویەدا۰