بایکۆت مەکە، بەگیرفانی بەتاڵەوە ھەر بڕۆ دەنگ بدە

ئاسۆ عەبدوللەتیف
  2025-10-23     267

- ئەوە بزانە پەڕلەمانی عێراق، لەخولی یەکەم تا ئێستا کەبەرەو ھەڵبژاردنی خولی شەشەم دەڕۆین لە ١١-١١-٢٠٢٥ قەت جێگای ئومێد نەبوە بۆ کوردو نەتەوەو جڤاکی کوردیی، تەنھا ناوەندی خۆدەوڵەمەندکردن و کۆکردنەوەی ئیمتیازاتی شەخسی و حیزبی بوەو بەس، تۆ ھەر بڕۆ دەنگ بدەو مەوەستە ئەوە فەرزە، فەرزی عەین.

- تۆ دەزانیت پەڕلەمانی عێراق دەوڵەتی قوڵی وەلائی و ڕەھبەریزم بەڕێوەی دەبات و ھەزاران سەفەقات و کڕین و فرۆشتنی گەورەی تێدا دەکرێ وەک سوقی ڕەقیق، بازاڕی بەندەکان، خۆ نەدەستورێک ھەیەو نەیاسایەکی فیدراڵی و نەمافی کەمینەکان بۆ لێپرسینەوەو ئیستیجواب، تۆی کورد لێرە یاریپێکراوی بۆ ململانێی حیزبی و تایەفەگەریی و دەبێ ھەر غاردەی بەدوای دروشم و ھوتاف و دەنگدان و کورسی و نوێنەری ڕاستەقینەی خۆت و حیزبەکەت و ھەڵواسینی فلێکس و خۆبەنجکردن و خۆفریودان و وەھم و ھیلاکەت و فەلاکەت، دواجاریش نەکورسی کورد زیاد دەکاو نەکەم ئەکاو بڕاوەتەوە ئەوە دەسەڵاتی کوردە تا ئەو سنورو قەڵەمڕەوییە بۆت ھەیە بڕۆیت.

- کورد بەھەموو ئەحزابی سیاسیەوە، بەم جۆرە ھەڵبژاردنە نمایشیگەریە، خۆی ئەخەڵەتێنێ و گەلەکەشی سەرگەردان ئەکات، ئەگینا بەدەنگدان نەگۆڕانکاریەک ڕووئەداو نەئومێدێک بۆ کورد بەدی دەکرێ، ئەوەی ھەیە قەڵەوبوونی زیاتری خێزانە سیاسیە ئۆلیگاریکیە گەورەکان و ئەقتابەکانی بازرگانی نەوت و کۆمپانیاکانی دەرمان و چەک و باروتەو عێراق وەک سەرزەمینی فیتنەو بەھەدەردانی سامان و نەوتەکەی دەمێنێتەوە.

- عەرەبی بزانی یان نا، قسەو موداخەلە بکەی یان نا، شەڕبکەی یان نا لەو پەڕلەمانە مەزھەبیەدا وەک یەک وایەو مافی کوردان ناپارێزی و ئەسڵەن ماف لەوێ نیەو درۆیەکی گەورەیەو ھیچ پڕۆژە یاساو بڕیارێک لەئارادانیە، بودجەو موازەنەو ئاسایش و دارایی و نەفەقاتی سیادی و مادە دەستوریەکان بەبێ ئۆکەی ئەو زۆرینەیەو دادگای باڵای فیدڕاڵی نابێتە بڕیار.

- بۆمەگەر دوورخستنەوەی حەلبووسی سەرۆکی پەڕلەمان چی بوو؟ دەنگدان بەیاساکانی حەشدی شەعبی چۆن بوو؟ تێپەڕاندنی میزانیەو موازەنەی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ چۆن ڕویداو چەند مادەو فەقەرە دەستکاریکراو کورد ھیچی پێنەکرا لە ١٢/٦/٢٠٢٣ کەسێ شەوی خایاندو کرایە ٦٩ مادەو نەخشەی فاشیزمانەی ئەو پڕۆکسییە مەزھەبیەمان بینی؟ ھەڵوەشانەوەی پەڕلەمانی کوردستان کێ کردی؟ دەنگدان لەدژی کوردو شایستە داراییەکانی چۆن کرا؟ 

- ئەمجارەش کورد وەک کەمینەیەکی لاوازی پەرت و لات و پووتی حیزبی و شوانکارەیی دەڕواتەوە بەغداد، دەچێتەوە تەنیشتی زۆرینەیەکی بەھێزی مەزھەبی نەتەوەیی و سوێندی یاسایی پەڕلەمانی دەخوات بۆ سەروەریی و یەکپارچەیی عێراقی فاشیست، دەی عێراقی یەکپارچە سودی چیی بووە بۆ تاکی کورد جگە لەقوربانیدان و کارەسات و ماڵوێرانی. 

- کۆمەڵە وەزیرو مەندوب و سەفیرێک بەسەرۆک کۆمارێکی تەشریفاتی و سەدان ڕاوێژکاری بێئیش و ماستاوچی نەشئەی سەرکەوتن ئەیانگرێ و، مەست ئەبن بۆ یەک دوومانگ، رەسم ئەگرن و دێن و ئەچن. گەشت ئەکەن بۆ دەستکەوت و ئیمتیازاتی حیزبی و حەماسەتی ناوخۆیی پێ سواق ئەدەن لە ھەولێرو سلێمانی و دھۆک و ھەڵەبجەو کەرکوک، دواتر شاندی حیزبی دەڕۆن بۆ بەغداد بۆ دانوستان، دەی ئەوە چ جۆرە نوێنەرایەتیەک و چ جۆرە فۆڕمێکی حوکمڕانی و موشارەکاتێکی سیاسیە؟

- ئینجا بەو ٦٠ کورسیەی کورد، بەھەموو حیزبەکانەوە، کەھەرگیز نابێت بە ٧٠ کورسی، لەبەرامبەردا ئەوان ڕێژەی کورسیەکانیان ٢٦٩ کورسی مەزھەبی ڕقئەستوورە، ھەرپڕۆژەیاسایەکیان بوێت تێیدەپەڕێنن وەک دەساڵی ڕابردوو بەزۆرینەی پەڕلەمانی.

- دەی تا ئەو عێراقە ماوە کورد ھەر کەمینەیەو لەژێر چەپۆکی بیرو زیھنیەتی ستەمکاریانەی قەومی و مەزھەبی عەرەبیدایەو پەیتا پەیتا ئیرادەی کورد زیاتر ئەشکێنن بەدەستی حەشدی شەعبی و پوازی ناوخۆیی و مەندوبی بەکرێگیراوو فیرقەو کەتیبەکانی عەسائیب و ڕەبعەڵاو حیزبوڵاو نوروڵاو زوڵفەقارو زۆرینە مەزھەبیەکەوە، ئەمەی کورد تیایدایە لەڕووی کۆمەڵناسی و دەروونپزیشکیەوە سایکۆپاتی و سادیزمە بەپلەی ئیمتیاز.

- دەستورو فیدراڵیەتی دوای بەعسیزم، ھیچ نەبوو جگە لە وەھم و مۆدێلێک بۆ داپۆشینی دیکتاتۆریەتی رابردووی بەعس و جوانکردنی ئەزموونی دەوڵەتی مەزھەبی شیعی، ئەو مۆدێلەی کاری پێدەکرێت و کورد بەشدارە تیایدا بۆ ئیمتیازات، زیاتر مۆدێلی خێڵ و میللیگەرایەو ئاماژەکان ھەمیشە ئەوە دەردەخەن عێراقێکی نوێ لە ئارادا نیەو ڕوخسارە گەورەکان وەک خۆیان دەمێننەوەو فیقھی عەشائیرو فەتواو بەیعەت و دارولخیلافەی مەزھەبی شوێنی دەنگدان و دیموکراسیەت و دەزگا مەدەنیەکانی گرتۆتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ستیڤ فه‌یگن بۆ بارزانی: پشتیوانی له‌ عێراقێك ده‌كه‌ین كه‌ میلیشیاكان چه‌كدار نه‌بن
ناوه‌ڕۆكی ئه‌و شه‌ش یاداشتی لێكتێگه‌یشتنه‌ی كه‌ له‌نێوان عێراق و فه‌ره‌نسا ئیمزاكران
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت بۆ راوێژكارێكی سه‌رۆكی هه‌رێم: ئه‌وانه‌ لە زیندان ئازاد بکەن کە لەسەر وشەو رای جیاواز گرتوتانن
پەرەسەندنی ململانێکانی یەمەن؛ هێرش بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی سعوودیە و پێشڕەوی هێزەکانی حکومەت لە چەند بەرەیەکدا
وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی هۆشداری دەدات: هەر خاوەنکارێک پێشێلکاری بەرامبەر کرێکاران بکات ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە
مه‌زڵوم عه‌بدی: لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شه‌فاف و سه‌ربه‌خۆ له‌باره‌ی روداوه‌كه‌ی زیندانی كۆبانی بكرێت
لە سوید دیموکرات و چەپەکان پێشەنگی هەڵبژاردنن
بە سێ مووشەک کەمپی بنەماڵەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە زڕگوێزەڵە کرایە ئامانج
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم: گه‌له‌كۆمه‌ له‌ رۆژنامه‌نوس بڕیار نامیق مه‌كه‌ن
بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە؛ نرخی غاز لە ئەوروپا هەزار دۆلاری تێپەڕاند
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×