سپاسنامەیەک بۆ گالڤان نەک بۆ سەددام

دلێر محەمەد نوری
  2025-10-28     244

ھەندێک جار شاکارێکی ھونەری یان ئەدەبیی تاکە کەسێک، پاڵەوانی شانۆییەک یان فیلمێک، ھێندەی چەندەھا ساڵی خەباتی گەلێک یان سەرکردەیەک، کاریگەردەبێت.

 یاخود ھێندەی لۆبی گروپێک یان دەزگایەکی دەستەگەری، لە گەیاندنی ئازاری گەلێک بە دونیای دەرەوەی خۆی، خێراتر پەیامەکەی دەگات.

یەکێک لە ھەرە ھۆکارە سەرەکی و گرنگەکانی ھێنانەپێشەوەی کەیسی جوولەکە، لە دوای جەنگی جیھانی دووھەمەوە، بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی و بەر تیشکی میدیاکان، دۆکیومێنتکردنی خێرای گێرانەوە تاکە کەسییەکانی، ڕزگاربووانی ھۆلۆکۆست بوو. بەڵام کورد لە دوای ٣٧ ساڵ لە ئەنفال، ھێشتا ڕووفاتی ئەنفالکراوانی، بۆ نەگەڕێندراوەتەوە زێدی خۆیان. جگە لەوەش زۆرینەی رزگاربووانی ئەو پرۆسەی جینۆسایدکردنە، یان مردن وچیرۆکەکانیشیان لە گەڵیاندا نێژران، یاخود پیربوون و بەڕێگەی مەرگەوەن. ئەم کارەسات لە بیرکردنە لە لای کورد، بۆ کیمیابارانی ھەڵەبجە و تەنانەت بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای گەرمیان و جینۆسایدی ئێزیدییان و لە ناوبردنی ناسنامەی کوردانی باکور و ڕۆژئاوا و لە سێدارەدانی ڕۆڵەکانی ڕۆژھەڵات و زۆر کارەساتی دیکەش ھەر ڕاستن. 

شەوی ٢٦ لە سەر ٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، بە خۆشحاڵییەوە یەکێک بووم لە نێو ئەو ھەزار و چوارسەدد تەماشاکەرەی نێو ھۆڵی شانۆیی میللی ئۆسلۆ، بۆ بینینی شاکارێکی شانۆیی تاکە کەسی نەرویجی (کارێکی مەنەلۆجی شانۆیی)، لە ژێر ناوی "سپاسنامەیەک بۆ سەددام"دا، کە لە نووسین و  پێشکەش کردنی ئەستێرەی کۆمێدی کوردی-نەرویجی گالڤان مەھدی ٣٧ ساڵ بوو.

گالڤان مەھدی کە لەدایکبووی باشوری کوردستانە لە ١٩٨٨دا، پێشکەشکاری ڕادیۆیی، ئەستێرەی کۆمیدی، دەرھێنەر و ئەکتەرێکی بە ناوبانگی نەرویجی-یشە. مەھدی لە تەمەنی چوار ساڵیدا لە گەڵ خێزانەکەیدا وەک پەنابەری کورد ھاتوونەتە وڵاتی نەرویج.

گالڤان خاوەنی چەندین پرۆگرام و کارو چالاکی ھونەری و تەلەفزیۆنییە.  لە نوێترین  چالاکیدا و لە یەکێ لە ھەرە شاکارە جوانەکانی، پێشکەش بە دانیشتوانی ئۆسلۆ و دەروبەری کرد. کارێک کە شایەنی ئاماژە بۆ کردن و دەست خۆشییە.  ئەم کارە شانۆییەی مەھدی لە دونیای ھونەر پێی دەوترێ  "STAND UP"!

ستاند ئاپ-جۆرە ھونەرێکی نمایشکاری شانۆییە، کە تێیدا کۆمیدیکار لە سەر شانۆ و بەرانبەر بە بینەرەکانی، چیرۆکی ڕاستەقینەی تراژیدی ڕەخنەگرانە، بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕی دەگێڕێتەوە. زۆرجار ئەو چیرۆکانە یان ئەزموونی تاکەکەسییە یان ڕووداوی ھەنووکیی یان کارەساتی گرووپ یاخود تەنانەت میللەتێکیشە. 

"سپاسنامەیەک بۆ سەددام" ناونیشانی ئەو شاکارە بوو کە کالڤان مەھدی زۆر بە ویقار و بە لە خۆبورد و زۆر بە وردیش، تەواوی تراژیدیای ئەنفال و جینۆسایدی سەر کوردی، لە سەر دەستی سەددام و تەنانەت قوربانی دانەکانی کورد لە دژی داعش و بۆمبابارانی تورکیا و ئێرانی بۆ باشوری کوردستان و زۆر کارەساتی دیکەشی، بە شێوەیەکی کۆمێدیانە و گاڵتەئامێز، لە ماوەی تەنھا کاتژمێر و نیوێکدا جێکردەوە. ئەو گێڕانەوەکانی پاڵپشت کردبوو بە ھەندێ دیمەن و ڤیدیۆی کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفال و کۆڕەو. جگە لە نیشاندانی ھەندێ دیمەنی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگای کوردی لە سەردەمی ئێستادا. ئەو کە لە تەواوی ٣٧ ساڵی تەمەنیدا، تەنھا چوار ساڵی یەکەم لە کوردستاندا ژیاوە! بەڵام توانی زۆر وەستایانە تەواوی وردەکاری ئەو کارەساتانە، بگەیێنێتە دڵ و دەروونی ئەو ھەزار و چوارسەد بینەرەی نێو ھۆڵی شانۆیی میللی ئۆسلۆ، وەکو ئەوەی تەواوی ژیانی لە کوردستاندا بووبێت.

من ئەو ڕۆژە جگە لە قاقای پێکەنینی بینەرانی ئەو کارەی کالڤان مەھدی، دیقەتی ھەندێ چرکەساتی ناو ھۆڵەکەم دا، کاتێ کالڤان ئەھاتە سەر ناوکی گێڕانەوەی کارەساتەکان، تەنانەت گوێت نەک لە دەنگ، ھەناسەشی لە بینەرانی ناو ھۆڵەکە بڕیبوو. ئەو بینەرانی وەھا تاساند بوون کە، وێناکردنی ئەو کارەساتانەی لە زیھنی خۆیاندا، زەحمەتتر کردبوو. لە کۆتایی نمایشەکەدا کالڤان سپاسنامەیەکی بۆ سەددام خوێندەوە کە کورتکراوەکەی ئەوەبوو کە، تۆ ویستت میللەتێک لە ناوببەی بەڵام سپاس کە ئێستا مردوویت و ئێمەش ماوین و ئەژین.

شایەنی باسە ئەم کارەی  کالڤان مەھدی لە تەلەفزیۆنی فەرمی نەرویج و زۆرینەی ڕۆژنامە بەربڵاوەکانی نەرویجدا، بە درێژی لە بارەیەوە نووسراوە و ڕەخنەکراوە بەوەی کارێکی ھونەری شانۆیی گاڵتەئامێزی ڕەخنەگرانەی زۆر دەگمەنە، لە مێژووی کۆمێدیای نەرویجیدا! 

ماوەتەوە بڵێم ھەندێ کاری تاکە کەسی ھەن لە گەیاندنی دەنگی نەتەوەکەیان بە جیھانی دەرەوە کە بارتەقای خەباتی چەندین ساڵەی گەڵێک دەنگدانەوەی ھەیە، بۆیە جێگەی دەستخۆشی و ڕێزلێنانن نەک  فەرامۆش کردن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
له‌سنوری "پاوه‌"ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان شه‌ڕ رویداو پاسه‌وانێكی سنوری ئێران كوژرا
مه‌زڵوم عه‌بدی: ده‌بێت مافه‌ نەتەوەیی، كو‌لتوری و ئیدارییه‌كانی كورد له‌ سوریا به‌ ده‌ستور مسۆگه‌ر بكرێن
لە حەسەکەوە بەرەو دیمەشق: مەزڵوم عەبدی بە فەرمی وەک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی دەستبەکار دەبێت
دادگای باڵای عێراق بە فەرمانی فایەق زێدان هێرشکردنە سەر ناوچە دیپلۆماسییەکان بە "تیرۆر" ناودەبات
ترەمپ: بە کامێرا چاودێریی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەین
سوپای پاسداران بە موشەک هێرشی کردەسەر ئامانجەکانی ئەمریکا ئوردن
سۆمۆ: داهاتی پێشبینیکراوی نه‌وت دەگاتە نزیکەی 4.5 ملیار دۆلار و نه‌وتی هه‌رێم به‌ 87 دۆلار ده‌فرۆشرێت
هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌: بە بڕیاری دادگا شەرعییەت لە دانا ئەحمەد مەجید وەردەگرینەوە
عراقچی له‌باره‌ی هێرشه‌كانی وڵاته‌كه‌ی، وه‌ڵامی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوردن ده‌داته‌وه‌: ده‌بوایه‌ چه‌ند چاوه‌ڕێمان بكردایه‌
هێشتا وەرزی زستان نەهاتوە، نرخی نەوتی ماڵان لە بازاڕەکانی هەرێمدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×