سەبارەت بە هەڵبژاردن – 3

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2025-11-08     172

کوردی هوشیار، دوو جار دەست بە کونێکدا ناکا!

ئاشکرایە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی (عێراق) بە گشتی و (کوردستان) بە تایبەتی، گزییەکی گەورە دەکرێ. لەبەرئەوە ئەمە هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو دابەشکردنی دەنگەکانە. بۆیە زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم: ئایا دەنگ بۆ کام پەرلەمان دەدەن؟!!

ئاواتەخوازبووم، هەموو پارتەکانی (کوردستان) پێکەوە، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی (عێراق)دا نەکردایە، تا ڕەوشی نەتەوەیی و ڕامیاری نێوچە دابڕاوەکان، ئاسایی و هێمن نەبوونایەتەوە، نەک لەبەرئەوەی گزیکراوە، بایکۆتی پەرلەمان بکەن و هێندەی دیکەش، زیان بە یەکێتی ڕیزەکانی گەلی کورد بگەیەنن. بۆچی ئەمە یەکەمین جارە، دزی لە دەنگی کۆمەڵانی خەڵک دەکرێ!!

سەرکردایەتی پارتەکان دەبووایە، کەڵکیان لە ئەزموونی (5) هەڵبژاردنی پێشووی (عێراق) وەرگرتایە، فێری ئەوەی بکردنایە، بڕوا بە ئەو جۆرە هەڵبژاردنانە نەکەن. نەک دوایی بڵێن: دەنگەکانمان دزراوە، هەڕەشەبکەن و بەشداری پەرلەمانی (عێراق) نەکەن. ئەدی پارتە عەرەبییە شیعەکان، زۆر بە ڕێکۆپێکی و دەسپاکییەوە، بەشداری هەڵبژردنەکانیان کردووە و پاڵێوراوەکانیان دەرچوون؟!! ئاخر سەرکردەی هوشیار، دوو جار دەس بە کونێکدا ناکا!

 

هەڵبژاردن و بەربژێرەکانی کورد

ئاشکرایە، ئەوانەی چەندین جارە، خۆیان بۆ پەرلەمانی (عێراق) و (کوردستان) بەربژێرکردووە و دەیکەن، تەنیاوتەنیا، هەر بۆ مووچە زۆرەکەی مانگانە و خانەنشینە چەورەکەی نەبێ، بۆ هیچ شتێکی دیکە نییە، ئاخر کەی ڕەوایە، بەربژێرێ چەن جارێ خۆی بپالێوێ، گەر لەپێناوی بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیدا نەبێ؟! بۆچی ئەم گەلە کۆڵنەدەرە خەباتگێڕە، کەسی دیکەی تیدا نییە، داکۆکی لە گەلی کورد و خاکی نیشتمانەکەمان بکا؟!

ئاخر دیارە، بۆچی دووبارە خۆیان هەلدەبژێرنەوە، چونکە کاسبییەکی بێ سەرمایەیە، بێ ئەوەی ئارەق بڕێژن، بێ ئەوەی هێندەی فەرمانبەرێکی فەرمانگەکانی (کوردستان) ماندووبن. مانگانە پارەیەکی مفتومۆڵ وەردەگرن، ئەگینا بۆ ئەوە خۆیان بەرێژێرناکەن، تا داکۆکی لە مافە ڕەوا خوراوەکانی گەلی کورد بکەن!

جا گەر وا نییە، تا ئیستە (5) جار هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی (عێراق) و (5) جاریش، بۆ پەرلەمانی (کوردستان) کراوە، ئایا چەن نوێنەری لیستی پارتە جیاجیاکانی (کوردستان)، لە پەرلەمانی (عێراق) داوایانکردووە، خاڵی (140) جێبەجێبکرێ؟! یا دژی خولی نوێی بەعەرەبکردنی نیشتمانەکەمان (2003-2021)، ناڕەزاییان دەربڕیبێ؟! یا لە ئەو جیاوازییانەی لەنێوان گەلی عەرەبی (عێراق) و گەلی کورددا دەکرێ، داکۆکییانکردبێ، کە دەسەڵاتی شیعەکان پێڕەوی دەکەن؟!

ئەوە جگە لە ئەوەی، هێندێکیان خۆیان بە لایەنێکی عەرەبیدا هەڵواسیوە، بۆئەوەی لێیان ڕازیبن، یا خۆیان لەسەر لیستەکانیان بەربژێرکەن. هێندێکیشیان، قسەی زۆر خراپ و ناشیرین دەکەن.

بۆیە زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم: ئایا گەر مووچەی پەرلەمانتارانی هەردوو پەرلەمانی (عێراق) و (کوردستان)، هێندەی مووچەی ئاسایی خۆیان، یا هەر فەرمانبەرێکی کورد بووایە، کە لە (کوردستان) کاردەکەن، کەس خۆی بەربژێردەکرد؟!!

ئاخر کورد لە مێژە گوتوویەتی: گەر جارێکیان خەڵەتاندی، ئەوا خوا بیانگرێ، گەر جارێکی دیکەش هەڵیانخەڵەتاندیتەوە، ئەوا خوا خۆت بگرێ! بۆیە، ئەو کەسەی دوو جار، لە دەرگەیەکی ساختە بدا و لێی نەکەنەوە، گەر سێیەمین جاریش هەر لێی بداتەوە، ئەوا تا ماوە، گاجووتێکە و لە پێستەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە!

لەبەرئەوە، لە ئەم بارودۆخەی ئێستەی هەرێمی (کوردستان)دا، ئەو کوردەی دەنگ بۆ پەرلەمانی (عێراق) و (کوردستان) بدا، مانای وایە، زۆر ساویلکەیە و هێشتا زۆری ماوە، لە ڕەوشی ئەم پارتە دز و درۆزنانە تێبگا!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
پارێزەرانی سلێمانی هۆشداری دەدەن لە بەسەربازگەکردنی دادگا و داوای گەڕاندنەوەی شکۆی سەروەری یاسا دەکەن
یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ: ئاماده‌ین بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن
بەغدا ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات
نه‌تانیاهۆ له‌ سوریاوه‌: زۆر نزیكین له‌ روخاندنی رژێمی ئێران‌
فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کەشتییەکی هەڵگری دوو ملیۆن لیتر سووتەمەنیی عێراقی کردە ئامانج
وه‌زیری به‌رگریی پاكستان: هێرشی حوسییه‌كان بۆ سه‌ر سعودیه‌ رێككه‌وتنی به‌رگریی هاوبه‌ش كاراده‌كات
رونكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ له‌باره‌ی كردنه‌ ئامانجی كه‌شتییه‌كی هه‌ڵگری نه‌وتی عێراق
پاکستان هەڕەشەى کاراکردنى ڕێککەوتنامەى مەککە دژى حووسییەکان دەکات
ئەمریکا مەرجی نوێ بۆ هاوبەشی لەگەڵ بەغدا دەخاتەڕوو: کۆنترۆڵکردنی چەک و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
بڕیارێکی نوێ لە سەرۆکایەتیی هەرێمەوە؛ ٥١٩ ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×