ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان

برزۆ مەجید
  2019-03-01     896

⁃ بەشداریكردن لە حكومەت 
⁃ رەخنەكان 
⁃ دەستلەكاركێشانەوەكان

ستراتیژو بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان، جا لە ئۆپۆزسیۆن بوبێت یاخود لە دەسەڵات، ھەمیشە بە پشتیوانی بەشێكی گەورە لە ھاونیشتمانیان و ئیرادەی خۆی، كارو خەباتی بۆ بەدیھێنان و پراكتیزەكردنی ئەو بنەمایانە كردوە كە لەسەریان دامەزراوە. بنەماكانیش رونن و بریتین لە چاكسازی لە دامودەزگاكانی دەسەڵات، دادپەرەوەی كۆمەڵایەتی و بژێوی خەڵك، سەروەری یاساو بەدیھێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان.

بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان-یش بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نۆیەمی حكومەت، دیسان ھەر لەسەر ئەو بنەمایانە بوە. جا لەم كابینەیە، ھەر رێژەیەك یاخود ھەمو لەو رێككەوتننامەیەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان جێبەجێبكرێت، ئەوا سودمەندی یەكەم خەڵك و چین و توێژە جیاجیاكانی ھەرێمی كوردستان دەبێت.


یەكێك لەو پرسیارانەی سەبارەت بە چونە حكومەتەوە ئاڕاستەی گۆڕان دەكرێت، ئەوەیە: كە ئەو ھێزانەی دەسەڵات نەگۆڕاون و، ھەر ئەوانەی پێشون، ئەی بۆ ئێوە حكومەتیان لەگەڵ پێكدەھێنن؟ بەڕای ئێمەش وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوەیە: كە گۆڕەپانی سیاسی ھەرێمی كوردستان، ھەر لەم ھێزولایەنە سیاسیانە پێكدێت، ئەگەر تۆ لە ئۆپۆزسیۆن بیت یان لە دەسەڵات، ئەوا دەبێت لەگەڵیان مامەڵە بكەیت. سەبارەت بەوەی كە گۆڕاون یان نا، ئەوا ئەو پرسیارە لە خۆیان بكرێت باشترە، ئەوەی سەبارەت بەم پرسیارەوە پەیوەندی بە گۆڕانەوە ھەیە ئەوەیە: كە ئێمە كار لە سەر نەگۆڕانی خۆمان و بەردەوامیدان بە بەرنامەكانمان دەكەین.

واقیع و پرەنسیپێك لە سیاسەتدا ھەیە، كە نە دۆستی ھەتاھەتایەو، نە نەیارو دوژمنی ھەتاھەتایە نییە، لەم روانگەیەوە ستراتیژی گۆڕان پاڵپشت بە تاكتیكەكانی بەپێی واقیعی ھەر قۆناغێك درێژە بە سیاسەتكردن دەدات.

لە پێش و لە دوای بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لە حكومەت، رەخنەی جۆراوجۆر لەلایەن كەسانی بەڕێزی نوسەر، رۆشنبیر، رەخنەگرو تەنانەت بەشێك لە ھەڵسوڕاوانی گۆڕان-یش لە میدیاكانەوە ئاڕاستەی گۆڕان دەكرێن.

وەكو پرەنسیپ، گۆڕان ھەمیشە بە سوپاسەوە پێشوازی لە ھەر رەخنەیەك كردوە كە ئاڕاستەی كراون و ھەوڵیداوە سودیان لێوەرگرێت، بە تایبەت ئەو رەخنانەی كە دروستكەرو بابەتین، بەڵام بێگومان ھەندێك رەخنەش ھەن كە بابەتی نین و، بە گیانی ململانێی و شكاندنی گۆڕان دەجوڵێندرێن و لە میدیاكان بڵاو دەكرێنەوەو، ھیچ دەرفەتێك ناھێڵنەوە سودیان لێوەربگیرێت.

سلبیاتی بەشێكیش لە رەخنەكان ئەوەیە؛ ئەوندەی تەركیز دەكەنە سەر ئەوەی گۆڕان سازشی كردوە، یاخود پارتی بۆ بەرژەوەندی خۆی ھەوڵیداوە بە ھەر شێوەیەك بێت گۆڕان بباتە حكومەتەوەو، دواتریش رێككەوتنەكەی لەگەڵ جێبەجێناكات(كە لێرەدا مەبەستیان لێدانە لە گۆڕان، گوایە پاشەكشەی كردوە لە بنەماكانی یاخود فێڵی لێكراوە) ئەوەندە نایەن لە بەرژەوەندی خەڵك رەخنە بگرن و، بڵێن ئەگەر ئەو رێككەوتنە جێبەجێنەكرا، ئەوا خەڵكی كوردستان زەرەر دەكەن و، بەرژەوەندی ھەرێمەكەمان پارێزراوە نابێت، بەڵكو لە ئێستاوە دەیانەوێت بە شێوەیەكی گریمانەیی وێنای شكستی پێشوەختە بۆ گۆڕان بكەن. ئەم بەشە لە رەخنەكان مۆركی سیاسی و حیزبی و شەخسییان پێوەدیارە.

تایبەت بە رەخنەی بەشێك لەو ھەڵسوڕاوە بەڕێزانەی گۆڕان-یش كە رەخنە دەگرن و لە میدیاكان بڵاوی دەكەنەوە، وەكو دیسپلین و ماف، ھەمومان مافی رەخنە، پڕۆژە و پێشنیارمان ھەیە ئاڕاستەی بزوتنەوەكەمانی بكەین، بەڵام مادام ئەندام و ھەڵسوڕاوی گۆڕانین، وا پێویست دەكات و سودبەخشە كە لە كۆڕو كۆبونەوەو ئۆرگانەكانی گۆڕان رەخنەو پێشنیارەكانمان جا بۆ ھەر بابەت و پرۆسەیەك و لە ھەر قۆناغێك بێت بخەینەرو و، بە توندی داكۆكی و لۆبیان بۆ بكەین و ھەوڵبدەین بڕیاری گۆڕان بەو جۆرە بێت كە ئێمە پێمانباشە یان دەمانەوێت، بەڵام كە لە ئەنجامدا بڕیار بە ئاڕاستەیەكی تر وەرگیرا، ئیتر ئەوە دەبێت بە بڕیاری كۆتایی بزوتنەوەكە با بە ویست و پێشنیاری ئێمەش نەبوبێت، بەڵام پێویستە پشتیوانی بكەین، یاخود لانیكەم لە میدیا لە دژی نەوەستینەوە، چونكە كە لە میدیادا وردەكاری جیاوازی و ململانێی بزوتنەوەكە لە لایەن ھەڵسوڕاوەكانیە باسكرا، ئەوا بە دڵنیاییەوە زەرەرمەندی یەكەم گۆڕانەو، سود مەندی یەكەمیش نەیارەكانی گۆڕانە، كەگوایە تۆ قسەت لەسەریان ھەیە.

بێگومان لەم رونكردنەوەیەی سەرەوەدا سەبارەت بە شێوازو دیسپلینی رەخنەگرتن لەناو گۆڕان و ئەو ھەڵسواراوانەی لە میدیا رەخنەكان دەخەنەرو، تەنھا مەبەستم ئەو بەڕێزانە نییە كە لە ئێستادا تایبەت بە بەشداریكردن لە حكومەت رەخنەكانیان لە میدیاو سۆشیاڵمیدیا بڵاو دەكەنەوە، بەڵكو بە گشتی مەبەستم ھەمو ئەو ھەڵسوڕاوە بەڕێزانەشە كە لە رابوردوەوە تاوەكو ئێستا بۆ ھەر بابەت و پرۆسەیەكی تایبەت بە گۆڕان رەخنەكانیان لە میدیا بڵاو كردۆتەوە تاوەكو دەگات بە رەخنەكانی چونە حكومەتیش.


سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەكان-یش، گۆڕان وەكو ھەر حیزب و رێكخراوێكی تر، بە ھیچ جۆرێك پێی باش و خۆش نییە كە یەك ھەڵسوڕاو و دەنگدەری لێی جیابێتەوەو دەستلەكاربكێشێتەوە. پرەنسیپێكیش ھەیە بە قسەیەكی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا جێگیر بوە كە ھەمو ئەوانەی لەگەڵمانبون و ئێستا بەجێماندەھێڵن ئەوا سوپاسیان دەكەین بۆ ئەو ماوەیەی لەگەڵمانبونەو، ھیواخوازین لەو شوێنەی كە بۆی دەچن، درێژە بە خەونی گۆڕانكاری بدەن.

بەڵام ئەگەر سەرنجبدەین، دەبینین لە چەند كات و قۆناغێك كە بزوتنەوەی گۆڕان كارێك، پڕۆسەیەك یان بڕیارێكی بە ئەنجامگەیاندبێت، ئەوا نەیارەكانمان ھەوڵی دروستكردنی كاریگەرییان داوە بەسەر بەشێك لە ھەڵسوڕاوەكانمان، یان ھەوڵی بردنەوە یان ھێنانەدەرێییان داون و، بەداخەوە ھەندێك لەم ھەوڵانە كاریگەرییان ھەبوە لەسەر بەشێك لە ھەڵسوڕاوە ناجێگیرەكانمان و، بەڵام ھیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبوە لەسەر گۆڕان.

بۆیە بە دڵنیاییەوە رۆیشتنی كەسێك یان چەند كەسێك زۆر مایەی نیگەرانییەو دڵتەنگمان دەكات، بەڵام لەوە گرینگتر ئەوەیە كە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر رێبازی نەوشیروان مستەفا و پرەنسیپەكانی خۆی، بە پشتیوانی خواو كەسانی دڵسۆزەوە بەردەوام دەبێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×