ئەخلاقیاتی داگیرکاری: لە پەراوێزخستنی مێژووەوە بۆ سڕینەوەی ناسنامە

ئامانج ئیسماعیل
  2026-02-02     458

مێژووی زۆرێک لە نەتەوەکان هەمیشە ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە هەوڵی شێواندن و بەکارهێنانی ئایدۆلۆژی بوونەتەوە، بەڵام نەتەوەی کوردی خۆمان وەک بڵێی لەمەیشدا پشکی شێری بەرکەوتووە. وەک چۆن لە ماوەی ڕابردوودا هەڵمەتێکی چڕ هەبوو بۆ شێواندنی ناسنامەی ڕاستەقینەی "سەلاحەددینی ئەییوبی" و داماڵینی لە ناسنامە کوردییەکەی، وا دیارە بە ئاشکرا و نهێنی ئەم هەوڵە بۆ سەرجەم سەرکردە، زانا و کەڵەپیاوانی تریشمان بەردەوامە. ئەم دیاردەیە تەنها هەڵەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی عەقڵییەتێکە کە دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک بوونی "ئەوی تر" بسڕێتەوە.

لەم ڕۆژانەدا، لە کاتی خوێندنەوەی کتێبێکی وەرگێڕدراو لە زمانی تورکییەوە بۆ زمانی ئینگلیزی، تێبینیی چەواشەکارییەکی زەقم کرد. لە یەکێک لە پەراوێزەکاندا، وەرگێڕەکە بەبێ هیچ بنەمایەکی زانستی، "سەعید نوورسی"ـی وەک "زانایەکی تورک" بە خوێنەر ناساندووە! ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا سەدەیەک بەسەر کۆچی دوایی ئەم کەسەدا تێنەپەڕیوە و کوردبوونی وەک ڕۆژی ڕووناک ئاشکرایە و جێگەی مشتومڕ نییە.

ڕەنگە ئەم چەواشەکارییە بەسەر خوێنەرێکی سادەی ئینگلیززماندا تێبپەڕێت، یان وەک ڕاستییەکی چەسپاو لە زهنیەتیدا جێگیر ببێت، سەرەڕای ئەوەی بە یەک گەڕانی سادەی ئینتەرنێت ڕاستییەکە دەردەکەوێت. بەڵام بۆ وەرگێڕێک یان دەزگایەکی بڵاوکردنەوە، ئەمە لادانە لە ئەمانەتی زانستی و دەکەوێتە بەر نەفرەت و ڕەخنەی هەر خوێنەرێکی کوردزمان و هەر ئەکادیمیستێکی خاوەن ویژدان کە ئەو دێڕەی بەرچاو دەکەوێت.

ئەوەی جێگەی تێڕامانە مەترسیی ئەم جۆرە هەوڵانەیە. ڕەنگە لای هەندێک کەس ئەمە تەنها هەڵەیەکی وشەیی یان شتێکی سادە بێت و بەسەریدا تێبپەڕن، بەڵام لەڕاستیدا ئەم کارە هیچی کەمتر نییە لە گۆڕینی دیمۆگرافیا و داگیرکردنی خاک بەناحەق. جیاوازییەکە تەنها لە ئامرازەکاندایە: بازنەی دەسەڵاتی نووسەر و وەرگێڕێک تەنها "وشە و ڕستەکانە"، لەکاتێکدا هی سەرۆکی دەوڵەتێک "سوپا و سنووری وڵاتەکانە." لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە "هەموو کەسێک بەگوێرەی سنووری دەسەڵاتی خۆی، ئەخلاقییاتی ناوەوەی ڕەنگ پێ دەداتەوە". وەرگێڕێک کە قەڵەمەکەی دەکاتە ئامرازی شێواندن، هەمان ئەو عەقڵییەتە هەڵدەگرێت کە سەرکردەیەک بۆ داگیرکاریی سەربازی بەکاری دەهێنێت.

گرنگە لە یادمان بێت کە لەبەرامبەر ئەم جۆرە هەوڵانەدا، چەکی هەرە کاریگەر "هۆشیاری"یە. هۆشیاریی تاک بە تاکمان بەرامبەر بە نەتەوە، شوناس و مێژووەکەمان. گەلێکی هۆشیار، ئەگەر بۆ ماوەیەکیش ستەمی لێ بکرێت و هەوڵی شێواندنی مێژووەکەی بدرێت، لە کۆتاییدا هەر دەتوانێت وجودی خۆی بچەسپێنێت و ئەگەر مێژوویشی کرابێتە خۆڵەمیش هێشتاش دەتوانێت هەستێتەوە و گیان بە بەر خۆیدا بکاتەوە.

زۆرترین بینراو
خەزعەلی: پێشمەرگە دەبێت پابه‌ندی فه‌رمانه‌كانی فەرماندەی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق بێت
سیپان حه‌مۆ: ژماره‌یه‌ك له‌ تێوه‌گلاوانی كوشتنی شه‌ڕڤانه‌كه‌ی حه‌سه‌كه‌ ده‌ستگیركراون
گۆڕانکارییە خێراکانی یەمەن: حوسییەکان پێشڕەوی دەکەن و سوپای یەمەن ناوچەیەکی سەربازیی داخراو ڕادەگەیەنێت
هومام حەمودی: حوکمڕانیی عێراق هاوپەیمانێتییەو دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت
ئاكسیۆس: تره‌مپ داوایه‌كی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر حوسییه‌كان ره‌تكرده‌وه‌‌
بەرپرسێکی ئەمریکی: دەمانەوێت وڵاتانی ناوچەکە خۆیان سەرکردایەتیی قەیرانە ئەمنییەکان بکەن
یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال چەکەکانیان ڕادەستی بەغدا دەکەن؛ چیای شنگال بەتەواوی دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵی
له‌ زیندانی كۆبانێ نۆ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربون
لە حەسەکە دژی شەهیدکردنی سیپان حوزنی خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئەنجام درا
فانس بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێت: پنتاگۆن ڕووبەڕووی کەمیی چەک و تۆمەتی شاردنەوەی زیانەکان دەبێتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×