کێشەی نەبوونی ستراتیژییەکی سیاسی لەکوردستاندا لەنێوان سەربەخۆیی و ''عێراقچێتیدا''

سەلاح حسێن ئەفەندی
  2026-02-24     90

لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، بە تایبەتی دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهان، کوردستان بە شێوەیەکی سیستەماتیک دابەشکرا و پارچەکانی بە زۆر بە دەوڵەتانی ناوچەییەوە لکێنران. ئەم دابەشبوونە نەک تەنها تێكدانی جغرافیایە، بەڵکو چارەنووسی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستانی گۆڕی. زلهێزەکانی ئەو سەردەمە ئەم مۆدێلەیان دانا و بەشێوازی جیاواز بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوە، هێزە ناوچەییەکانیش بە درێژایی سەدەیەک پێداگریان لەسەر کردووە.

بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە:

کێشەی بنەڕەتی سیاسی کوردستان چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت؟

کێشەی ناوخۆ: نەبوونی ستراتیژییەکی نەتەوەیی هاوبەش

گرفتەکە تەنها دابەشبوونی جغرافیا نییە، بەڵکو نەبوونی ستراتیژییەکی هاوبەش و درێژخایەنە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و گەشەکردن و بوژاندنەوە. هێزە سیاسییەکان زۆرجار لە جێگەی ستراتیژی درێژخایان،  کەوتوونەتە گێژاوی گەمەی سیاسی و تاکتیکی بێ بنج و بناوان و کاردانەوە رووبەڕووی کرداری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بەو پێیە بڕیارە گرنگەکان بە پێی فشاری کاتی دەدرێن، نەک بە پێی بینینێکی قووڵی ستراتیژی.

بۆچی ئەو ستراتیژە هاوبەشە نییە؟ وەڵامەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فاکتەری مێژووی کوردستان، بنەمای ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستان بە تەفاعلکردن لەگەڵ فاکتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا. بۆ زانیاری وردتر لەسەر ئەم بابەتە بڕوانە کتێبی ''بۆچی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شکستیهێنا؟'' بەندی شەشهەم.

لە ڕووی پڕاکتیکییەوە، بابەتەکە دوو ئاستی سەرەکی هەیە:

1. چۆن کوردستان بتوانێت ببێتە بەشێکی بەهێز لە سیستەمی ئابووری جیهانی؟

ئێستا کوردستان، وەک زۆرێک لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە پێگەی پاشکۆیەتی و لاوازی دایە.

2. چۆن ئازادی سیاسی و بڕیاردانی سەربەخۆ بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکرێت؟

3. چۆن کوردستان بتوانێت ببێتە بەشێکی بەهێزی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەشداریکردن لە هەڵساندنەوەی؟

بەو مانایەی خەڵکانی کوردستان بتوانن لە هەموو بوارەکانی (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کلتووری) وڵاتەکەیاندا بڕیار بدەن و رۆڵی کاریگەریان لە ئایندەی ناوچەکەدا هەبێت.

سێ ڕێگای سەرەکی لەبەردەم کوردستاندا

١) سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی

ئەم ڕێگایە بریتییە لە جیابوونەوە و دروستکردنی دەوڵەتێکی یەکگرتوو لە کوردستاندا.

بەڵام ئەم پرۆژەیە پەیوەندییەکی توندی هەیە بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ:

• گرنگییە جیۆپۆلیتیکییەکانی کوردستان

• هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا

• تێگەیشتن و یەکگرتوویی ناوخۆ

• ئاستی گەشەی ئابووری و دامەزراوەکان

لە ناوچەیەکی ئاڵۆزی وەکو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، سەربەخۆیی تەنها دروستکردنی سنوور نییە؛ پێویستی بە بنیاتنانی دەوڵەت، سیستەمی یاسایی، ئابوورییەکی سەربەخۆ و پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ ناوچەکە و جیهان هەیە. بێ ستراتیژییەکی نەتەوەیی هاوبەش، ئەم ڕێگایە زەحمەتە بەسەر بکەوێت.

٢) ماندنەوە لە سنووری دەوڵەتەکاندا بە سیستەمێکی لامەرکەزی و بەشدارییەکی بەهێز

ئەم مۆدێلە پێداگری دەکات لەسەر:

• بەشدارییەکی چالاک و کاریگەری فرەلایەنانە لە دەستەڵاتی ناوەندی ئەو دەوڵەتانانەدا

• مسۆگەرکردنی مافەکان بە شێوەیەکی دەستووری

• چەسپاندنی سیستەمی فیدرالی یان لامەرکەزی

ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کوردستان بتوانێت:

• بەشداری لە بڕیارە ستراتیژیکەکاندا بکات

• سەرچاوە سروشتییەکان بەکاربهێنێت بە پێی بەرژەوەندی هاوبەش

• هاوکاریی ناوچەیی لەسەر ئاو، وزە، ژینگە و ئابووری دروست بکات

ئەگەر ئەم ڕێگایە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت هاوسەنگییەک دروست بکات لە نێوان ئازادی و یەکپارچێتی دەوڵەتدا و لە هەمان ساتدا بەستنی پەیوەندی توندوتۆڵ لە گەڵ پارچەکانی تری کوردستاندا.

٣  ''عێراقچێتی'' یان (توورکچێتی، ئێرانچێتی، سوریاچێتی)

ئەم ڕێبازە، کە بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستاندا بەدیدەکرێت و هێزە سیاسییەکانی چەندین دەیەیە پەیڕەوی دەکەن، نە سەربەخۆییە و نە بەشداریکردنە لە رێگەی پەیڕەوکردنی ستراتیژیکی چالاکانە لە ناو دەوڵەتدا.

بەڵکو:

• ماندنەوەیە لە سنووری دەوڵەتەکاندا

• بێ بەشدارییەکی کاریگەر لە بڕیارە سەرەکییەکان

• چاوەڕوانکردنی بڕیاری ناوەند

دەرئەنجامەکەی:

• پاشکۆیەتی ئابووری

• لاوازی هێزە سیاسییەکان

• دابەشبوونی ناوخۆ

• کەوتنە ژێر فشاری سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی

ئەم مۆدێلە کوردستان لە پێگەیەکی چەقبەستوویەتی و چاوەڕوانی و لاوازدا دەهێڵێتەوە.

دەرئەنجام و بینینێکی نوێ

کوردستان هەموو ئەو مەرجانەی تێدایە کە بتوانێت ببێتە بەشێکی کاریگەر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. پێگەی جیۆستراتیژیکی گرنگی هەیە کە پێکهاتە سەرەکییەکانی ناوچەکە گرێدەدات بە یەکەوە.

بەڵام:

• بێ گەشەکردن و ئازادی کوردستان، گەشەی ناوچەکە بەدی نایەت.

• بێ ئارامی و گەشەی ناوچەکەش، ئایندەی کوردستان ئاسان نابێت.

لە کۆتاییدا فاکتەری سەرەکی لە ناوخۆدایە:

یەکگرتوویی لەسەر بنەمای کارکردن بۆ بەهێزکردنی کوردستان لە هەموو روویەکەوە(ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری)، بەشداریکردنی راستەقینەی چین و تێوژ و پێکهاتەکان لە بڕیارداندا، هەروەها بوونی ستراتیژییەکی  نەتەوایەتی هاوبەش بۆ ئازادی وڵاتەکە و پەیوەندێکی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکانمان و جیهاندا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
« تورکیا ڕێگە دەدات سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە لە دورگەی ئیمڕاڵی نیشتەجێ بن»
وه‌زیری دارایی عێراق چی به‌ وه‌فدی هه‌رێم وتوه‌؟ له‌باره‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ چی وتوه‌؟
لێدوانەکانی هادی عامری لەسەر خۆپیشاندانەکانی تشرین ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ڕێکاری یاسایی دەبنەوە
دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگا هەموو تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند «لەژێر ئەشکەنجەدا» وتەیان لێوەرگیراوە
مالیكی: گه‌یشتوینه‌ته‌ قۆناغێك به‌بێ ره‌زامه‌ندی تره‌مپ ئاو ناخۆینه‌وه‌، ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه‌
توركیا دورخستنه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د تورك و سه‌پاندنی قه‌یومی‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانی مێردین درێژكرده‌وه‌
ڕۆیتەرز: فشارێکی ناوخۆیی لە ئیدارەی ترەمپ هەیە بۆ هێورکردنەوەی شەڕی ئێران پێش هەڵبژاردنەکان
پردێ؛ لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی چەکدارێک کوژرا
میدیای ئێران بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی تیمێكی حه‌وت كه‌سیی سه‌ربه‌ حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌كات له‌ ئیلام
نه‌تانیاهو: نزیك بوینه‌ته‌وه‌ له‌ روخاندنی رژێمی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×