بۆچی عێراقییەکان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان متمانەیان بە بانکەکان نییە؟ خوێندنەوەیەکی یاسایی و سیاسی

لوقمان مصطفی صالح
  2026-06-14     192

متمانە بە سیستەمی بانکی یەکێکە لە پێوەرە سەرەکییەکانی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە هەر وڵاتێکدا. لە وڵاتانێکدا کە هاووڵاتیان متمانەیان بە بانکەکان هەیە، سامانی تاکەکان دەگوازرێتەوە بۆ ناو سیستەمی بانکی و دەبێتە سەرچاوەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری. بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرەڕای گەشەی ژمارەی بانکەکان و پەرەسەندنی خزمەتگوزارییە داراییەکان، هێشتا بەشێکی زۆری خەڵک پارەکانیان لە دەرەوەی بانکەکان دەپارێزن.

ئەم دۆخە تەنها کێشەیەکی بانکی نییە، بەڵکو ئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری مێژوویی، یاسایی و سیاسییە.

یەکەم، عێراق و هەرێمی کوردستان لە ماوەی دەیان ساڵدا تووشی شەڕ، قەیرانی سیاسی، گۆڕانکاریی حکومەت و کێشەی دارایی بوون. ئەم ئەزموونانە وایکردووە زۆرێک لە هاووڵاتیان پاراستنی پارە لە ماڵەوە بە دڵنیاتر بزانن لە سپاردنی لە بانک.

دووەم، لاوازی جێبەجێکردنی یاسا. بەپێی یاسای بانکی ناوەندی عێراق ژمارە (٥٦) ساڵی ٢٠٠٤، بانکی ناوەندی بەرپرسیارە لە پاراستنی سەقامگیریی سیستەمی بانکی و چاودێریکردنی بانکەکان. هەروەها یاسای بانکەکان ژمارە (٩٤) ساڵی ٢٠٠٤ بنەماکانی کارکردنی بانکەکان و پاراستنی مافی کڕیاران دیاری دەکات. بەڵام لە زەینی زۆرێک لە هاووڵاتیاندا، هێشتا جیاوازییەک هەیە لەنێوان دەقی یاسا و جێبەجێکردنی یاسا.

سێیەم، کێشەی گەندەڵی و کەمی شەفافیەت. هیچ سیستەمێکی بانکی ناتوانێت بەبێ متمانەی گشتی سەرکەوتوو بێت. هەرکاتێک هاووڵاتی هەست بە لاوازی چاودێری، گەندەڵی یان ناڕوونی لە مامەڵە داراییەکاندا بکات، ئاراستەی دوورکەوتنەوە لە بانکەکان دەبێت.

چوارەم، ئەزموونی قەیرانە داراییەکان، بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان. دوای قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠١٤ و دواکەوتنی مووچەکان، زۆرێک لە هاووڵاتیان هەستیان بە لاوازی توانا و سەقامگیریی دامەزراوە داراییەکان کرد. ئەگەرچی بانکەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەرپرسیار نەبوون، بەڵام ئەم بارودۆخە کاریگەریی لەسەر ئاستی متمانەی گشتی دانا.

پێنجەم، لاوازی کەلتووری بانکی. لە زۆربەی مامەڵە بازرگانی و تایبەتییەکاندا هێشتا پارەی نەقدی زاڵە. ئەمەش وایکردووە پەیوەندیی ڕۆژانەی هاووڵاتیان بە بانکەکان سنووردار بێت.

لە ڕوانگەی یاساییەوە، پاراستنی سپاردە و مافی کڕیاران گرنگترین بنەمای دروستکردنی متمانەیە. هەرچەندە بانکی ناوەندی عێراق هەنگاوی جیاواز بۆ چاودێری و ڕێکخستنی کەرتی بانکی هەڵگرتووە، بەڵام بەهێزکردنی دەسەڵاتی یاسا، زیادکردنی شەفافیەت، خێراکردنی چارەسەری کێشەکانی کڕیاران و پەرەپێدانی سیستەمی پاراستنی سپاردەکان هێشتا پێویستییەکی هەرە گرنگن.

-چارەسەر چییە؟  

ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو دەڵێت متمانە بە فەرمان و بانگەشە دروست نابێت. بەڵکو بەم سێ کۆڵەکەیە دروست دەبێت:

-یاسای بەهێز: پێویستە یاسای "بیمەی سپاردەکان" دەربچێت. وەک هەموو جیهان، تا هاووڵاتی دڵنیا بێت ئەگەر بانکیش مایەپوچ بوو، پارەکەی بە زایە ناچێت.

-دادگای سەربەخۆ: بۆ یەکلاییکردنەوەی خێرای ناکۆکییەکانی نێوان کڕیار و بانک.

-چاودێریی کارا و شەفاف: بانکی ناوەندی دەبێت ڕاپۆرتی وەرزی لەسەر دۆخی بانکەکان بڵاوبکاتەوە.

لە کۆتاییدا، گەڕانەوەی متمانە بۆ بانکەکان بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی متمانە بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت بە گشتی. کاتێک هاووڵاتی ببینێت یاسا لەسەر هەمووان جێبەجێ دەکرێت، ئەوکات پارەکەی لە ژێر سەرین دەردەهێنێت و دەیخاتە بانک.

سەرچاوە یاساییەکان:  

یاسای بانکی ناوەندی عێراق ژمارە 56ی ساڵی 2004.  

یاسای بانکەکان ژمارە 94ی ساڵی 2004.  

دەستووری عێراقی 2005، ماددەکانی پەیوەست بە ئابوور و مڵکی تایبەت.  

ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی سەبارەت بە پاراستنی کڕیار.  

ڕاپۆرتەکانی بانکی جیهانی و IMF سەبارەت بە چاکسازی کەرتی بانکی عێراق.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
ئەردۆغان یاسای چارەسەری پرسی کوردی واژۆ کرد و بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
هەڕەشەی لادانی فالح فەیاز لە پۆستی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکرێت
کێشانی هێڵێک دژی ئەردۆغان، پەیامی نەتانیاهۆ لەپشت هێرشە نهێنییەکەی سوریاوە
​"تۆ بێڕێز و ساختەیت".. ترەمپ لە کۆشکی سپی و لە بەردەم منداڵێکدا لە پەیامنێرێکی CNN تووڕە دەبێت
جێگری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە: ئێران لەبیانوو دەگەڕێت 
قالیباف سەردانی عێراق دەکات: دۆسیەی ئەمنی، نەوتی گەروی هورمز و چارەنووسی چەکی دەرەوەی دەوڵەت لەسەر مێزی دانوستانە
عەلی زەیدی: دەستبردن بۆ ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبردنە بۆ ئاسایشی عێراق
کەتیبەکانی حزبوڵا مەرجەکانی بۆ دەستبەرداربوون لە چەک دیاری دەکات و هۆشداری دەداتە سەرۆک وەزیرانی عێراق
ئاژانسی وزەی ئەتۆم دۆزینەوەی هەزاران کیلۆگرام ماددەی ئەتۆمی لە سووریا ڕاگەیاند
بومەلەرزە سیاسییەکەی تورکیا: باخچەلی لە نەیاری سەرسەختەوە بۆ پێشنیازکاری ئازادکردنی ئۆجەلان
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×