دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی
لە چەند ڕۆژی ڕابردودا، بەهۆی سەرقاڵیم بە زروفی ژیانەوە، نەمتوانی وەڵامی پرسیاری دۆستان و هاوڕێیان بدەمەوە کە پرسیارەکان زۆرن. هەروەها، هەر بەهۆی سەرقاڵی دۆخی ژیانەوە؛ نەمتوانی بەشداری بکەم لە سێ چاوپێکەوتن کە پێشتر بەڵێنم دابو بەشدار ببم. بۆیە، داوای لێبوردن لەو میدیایانە دەکەم، کە یەکێکیان دەنگی کوردی ئەمریکا بو.
لەڕاستییدا، ئەو پرسیارانەی کە لێمکراوە، دەمەوێت وەڵامی یەکێک لە گرنگترینەکانیان بدەمەوە، چونکە چەند هاوڕێیەک بەنزیکەی هەمان پرسیاریان کردوەو، یەکێکیان نوسیویەتی: "ڕاستە کە شیکەرەوەکانی ڕوداو دەڵێن ئامانجی ئەمریکا لەم هێرشانەی دوایدا ئەوەیە ئێران نەتوانێت تانک و موشەک لە تارانەوە بۆ باشوری ئێران بگوازێتەوە بۆیە پردەکانی ئێران دەکاتە ئامانج!".
برایانی بەڕێزم، من نازانم کێ لە کەناڵی ڕوداو؛ وای وتوە! بەڵام هەر کەس وا شیکاری بۆ کردبێ؛ زۆر ساکار و ساددەیە شیکردنەوەکەی!
میدیاکارانی کەناڵی ڕوداو و ئاڤا و هتد؛ بەئاسانیی سەفتە دۆلاری باشیان لە بەردەست دایە، بۆیەشە تەحلیلەکانیشیان ئاوا ساددەو کاڵوکرچن!
بەڕێزان، با بەخێرایی تێفکرینی خۆمتان پێ بڵێم:
ئامانجی ئەم هێرشانەی ئەم هەفتەیەی ئەمریکا بۆ سەر ناوەندەکانی گاز، نەوت، پرد، بەشێکی کەم لە ناوەندەکانی کارەبا لە ناو ئێران، بۆ ئەوەیە کە [کە توانای حوکمداریکردنی حکومەتی ئێران لاواز بکات و، ئابورییەکەی دابڕوخێنێت!].
ئەم تاکتیکە، بە مانای ئامانجی: ئیفلیجکردنی حوکمڕانیکردنی ئێرانە!
ئەم سیگناڵە بۆ ئەوەیە: ئێران تەسلیم ببێت، ئەگەر نا حکومەتی ئێران ئیفلیج دەکات و، هێزی زەمینیی داخڵی باشوری ئێران دەبێ و، پێشمەرگەش خۆرهەڵاتیی کوردستان ڕزگار دەکات و، شۆڕشگێڕانی بەلوجیش دەتوانن بەلوجستان کۆنترۆڵ بکەن و، لە ئازربایجانیشەوە دەکرێ بەرەی داخڵبون یان هاوکاری بۆ ڕاپەڕینی ئازەرییە ئێرانییەکان بێتەکایەوە!
واتە: پرسەکە پەیوەندی بە ئیفلیجکردنی توانای حوکمڕانیکردنی حکومەتی ئێران و داغانکردنی ئابورییەکەی هەیە.
نەک ئەوەی ئێران بە چەند سەعاتێکی زیاتر ئۆتۆمبێل و تانک و موشەکەکانی بگەیەنێتە باشوری ئێران. ئەگەر وابێ؛ ئێران ئەتوانێت لە سەروی تارانیشەوە هورمز موشەکباران بکات! ڕونە، ئێران ئەتوانێ لە تارانەوە ئیسرائیل موشەکباران بکات، ئێستا چۆن بە ڕوخانی چەند پردێکی ئیتر ناتوانێ لە تارانەوە هورمز موشەکباران بکات!؟ بەڕاستی [ئەگەر شیکەرەوەکانی ڕوداو وایان وتبێ!!] ئاستی شیکردنەوەیان زۆر لاواز و مناڵانەیە!
پرسەکە وەک شیمکردەوە؛ ئیفلیجکردنی توانای حوکمڕانیکردنی حکومەتی ئێران و هەڵتەکاندنی ئابورییەکەیەتیی. بۆ ئەوەی هەم زەمینەی ڕاپەڕینی چەکداری بڕەخسێ و، هەمیش ئەو تاکتیکانەی ئەمریکا، کە هێزی زەمینیی داخڵی باشوری ئێران ببێ، بڕەخسێ، کە خوێنەران شاهیدن؛ پێشتر بە چەندین بابەت لە ئاوێنە ڕونمکردۆتەوە!
ئەڵبەتە، تا ئێستا ئیسرائیل براوەی یەکەمە، چونکە چ ئێران لە عەرەب بکوژێ و ئابورییان داغان بکات و، چ ئەمریکا لە ئاخوندپەرستەکان بکوژێ و ئابورییان دابڕمێنێ؛ هەر ئیسرائیل براوەیە!
تەنانەت ئەمجارە تا ئێستا نە حوسییەکان و نە میلیشیاکانی عێراقیش نەیانوێراوە هێزەکانی ئەمریکا بکەنە ئامانج. بەڵکو حوسییەکان دەڕۆن کەشتی سعودییە دەکەنە ئامانج کە ئەوەش هەر بە قازانجی ئیسرائیلە.
بۆ ئەوانەشتان کە نوسیوتانە: ترەمپ متمانەی پێ ناکرێ و کەسێکی لاوازە!
لە سیاسەتی دەرەوەی زلهێزەکان دا؛ بەرژەوەندی بونی هەیە. لە سیاسەتی ناوخۆی وڵاتەکانیشیان دا؛ متمانەی حکومەتەکەیان لەگەڵ هاوڵاتیانیان ئەولەویەتە! ڕێک پێچەوانەی ڕەفتاری پارتیی و یەکێتیی!
تا ئێستا لە بەریەککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەردەمی ترەمپ دا؛ هێندەی کوشتاری شەڕی دو مەفرەزەی پارتیی و یەکێتیی لە گوندێک دا؛ سەربازی ئەمریکی نەکوژراوە، ئیتر چۆن ترەمپ لاوازە؟ ترەمپە کە عەرەبی سوننە و ئێرانیی بەرداوەتە یەکتر و، لە تێچوی جەنگەکەش؛ بە سەدان قات پارە لە عەرەبیی سوننە دەکێشێتەوه!
لام سەیرە، کە زۆرێک لە کورد زۆر بە لاواز و نەزان هەڵسەنگاندن بۆ ترەمپ دەکەن! بەڕاستی یان تێفکرینەکانی من هەڵەن، یان زۆرینەی نوسەر و سیاسیی و میدیاکارانی کورد؛ هەڵەن!
لە کۆتایی دا، وەک تەواوکارییەک بۆ وەڵامی پرسیارەکەتان تێفکرینم ئەمەیە:
ئەمریکا بۆ ئەم قۆناغە هاتوە؛ لە ڕوی تاکتیکییەوە سەنگی ئەم ساتەی ڕژێمی ئێرانیی لەبەرچاوگرتوەو، پێناسەو ڕاڤەی کردۆتەوە، بۆیە هێرشەکانی ئەمریکا ئەیسەلمێنن کە چیتر تەنیا ناوەندەکانی موشەک و درۆن و مۆڵگەکانی پاسداران [بە تەنیا!] بۆ بەئامانگرتن گرنگ نین. بەڵکو ئامانجی ئەم قۆناغە ڕەشۆکردنی حکومەتی ئێرانە بۆ حوکمڕانیکردن و، داغانکردنی تەواوی ئابورییەکەیەتی، بۆیە بەندەرەکانی بازرگانیی، پردەکان، پاڵاوگەکانی نەوت و گاز و، ناوەندەکانی کارەباش، دەکرێنە ئامانج!
ئەمە لە [ستراتیژی سیاسیی] دا، کە من لە دیراساتی سەردەمانی خوێندکارییم لە زانکۆی لەندەن کە بوارەکەم سیاسەت و ستراتیژی ئەمریکاو بەریتانیا بو، خوێندومەو، پێی دەوترێت: "ڕێگا فراوانکردن لە ناو ستراتیژەکەت بە ئامانجی لە کارخستنی تواناکانی دەوڵەتداریی و بێتواناکردنی حکومەتێک بۆ حوکمڕانیی!". ئەمە کاتێک دەگیردرێتەبەر کە ستراتیژەکەت بۆ ڕوخاندنی دەوڵەتەکە بێت، یان ئیفلیجکردنی کایەکانی حوکمڕانیکردنی بە ئامانجی تەسلیمکردنی.
دوبارە داوای لێبوردن لە دەنگی کوردی ئەمریکا و کەناڵەکانی تر دەکەم کە بەڵێنم پێدان و بەهۆی زروفی ژیانەوە نەمتوانی لە چەند ڕۆژی ڕابردو بەشداری چاوپێکەوتنەکانیان بم. ئەڵبەتە گەر سەرقاڵیی ژیان ڕێبدات و مەجال هەبێ، وەک ئەکادیمیستێکی نەتەوەیی بێلایەن؛ هەندێ بابەتی ستراتیژی وەک پەیام بۆ مەسعود بارزانیی و مستەفای هیجریی و هتد دەنوسم و بڵاودەکەمەوە.