پەیامێک بۆ مەسعود بارزانی، مستەفای هیجریی و، هەر سەرکردەیەکی کورد خۆی بە ناسیۆنالیست بزانێ!

شه‌ریف عەلی
  2026-08-01     309

دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی

 

وەک یەکەم نوسەری کورد لە ساڵی ٢٠٠٧ بە پانزە خاڵ شیمکردەوە؛ مێژو سەلماندویەتی هەر هێزێک [کرماشان]ی لە ژێر دەسەڵات دا بێت، لە خۆراوایەوە هەتا بەغداو، لە باشوریشییەوە هەتا کەنداو، کاریگەری هەبوە، هێندە پێکهاتە ڕەگەزییەکانی نەتەوەی کورد لە کرماشان دا دەوڵەمەندەو، هێندەش هەڵکەوتەی جیۆپۆلەتیکیەکەی گرنگترینە!

لەو پانزە خاڵەدا بە تێفکرینی ستراتیژی ئەوەم خستەڕو: هەڵبژاردنی کرماشان وەک پایتەخت بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان، ئەو هەڵە گەورە ستراتیژییە ڕاست دەکاتەوە کە هیچ یەک لە سەرکردەکانی کورد لە نوسین و گوتەکانیان پەیان پێ نەبردوە. واتە: ستراتیژی ڕزگارکردنی کرماشانی پایتەختی خۆرهەڵاتی کوردستان [کە گرنگترین جیۆپۆلەتیکی لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەکەی کوردستان هەیە] دەبێتە خاڵی وەرچەرخانی بۆ هەژمونداربونی دەسەڵاتدارێتی کورد لە ناوچەکەدا.

بە مانایەکی تر، کۆنترۆڵکردنی کرماشان: هەم هەنگاوێکە بۆ ئاوێتەبونەوەی [کورد و لوڕ] وەک تاکە نەتەوەی ڕەگەز زاگرۆسیی، چونکە جیۆپۆلەتیکی کرماشان هەژمونی بەسەر لوڕستانی کوردەواریی دا هەیە و، هەم هەنگاوێکیشە بۆ هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عێراقی دەستکرد، چونکە وەک لە ٢٠٠٧ بە تێفکرینی جیۆستراتیژییەوە بەوردی شیمکردۆتەوە: "لە ئەگەری سەربەخۆیی باشوری کوردستان، کلیلی [مانەوە!!]ی سەربەخۆیی باشوری کوردستان لە ڕوی جیۆپۆلەتیکییەوە؛ ڕزگارکردنی پارێزگای کرماشانە!".

ئێستاش لەم بابەتە خێرایەم دا، بە شاهیدی ڕۆڵەکانی نەتەوەی مەزنی لوڕ-کورد؛ کە یەک نەتەوەن و تاکە نەتەوەی زاگرۆسین، وەک ئەکادیمیستێکی نەتەوەیی بێلایەن، داوا لە مەسعود بارزانیی و مستەفای هیجری و هەر سەرکردەیەکی خۆ بەناسیۆنالیستزانی کورد دەکەم؛ هەر یەکەیان لە پارچەکەی خۆیان ستراتیژێک دابڕێژن بۆ دروستکردنی ڕێکخراوێک یان تەنانەت حێزبێکی کوردیی-شیعیی کە لە پشتییەوە ئایدیای ناسیۆنالیزمی کوردی وەستا بێت.

بە تێفکرینی من: یەکێک لە هەڵە گەورەکانی هەر هەمو سەرکردەکانی کورد ئەوەبوە تێفکرینی ستراتیژییان نەبوە کە لە ڕێی کام کەرەستەو تاکتیک و ستراتیژانەوە زۆرینەی کوردانی شیعە بۆ ناو ناسیۆنالیزمی کوردیی جەزب بکەن.

بەو مانایەی؛ ئێمەی کورد پێویستمان بە [ئایدۆلۆژیا] هەیە کە بیئاخنینە ناو ناسیۆنالیزمەکەمانەوە لە پێناو ڕزگاری نیشتیمانیی کوردستان و خولقاندنی یەکێتیی ناو پێکهاتەو ڕەگەزەکانی کورد، که کورد و لوڕ، لەخۆبگرێت.

کوردانی شیعە زیاتر لە پانزە ملیۆن کوردن. هەر لە کوردانی خانەقین و ئینجا کوردە فەیلییەکانەوە، بۆ بەشێک لە کوردانی کرماشان تا ئیلام-هەمەدان، بە بەشێکی بەرچاو لە لوڕو لەکەکان و کوردانی بەختیاریشەوە. ئیتر با کوردانی عەلەوی باکوری کوردستانیش بوەستێت کە مەیلیان بەلای هێزە شیعییەکان دا هەیە.

تاکە ئەکادیمیستی کوردیشم دەتوانم بیسەلمێنم؛ لە ئەگەری یەکگرتنەوەی کورد-لوڕ دا، خۆرهەڵاتیی کوردستان هێندەی باکوری کوردستان گەورەو بەرفراوانەو، تەنانەت جیۆپۆلەتیکی خۆرهەڵاتیی کوردستان؛ گرنگترین بەشی کوردستانە. ئەڵبەتە؛ کوردستانی ژێر دەسەڵاتی [ئیمپریالیزمی عوسمانی]ی گەورەتر بوە لە باکوری کوردستانی ئەمڕۆ، چونکە ئەو سەردەمە خۆراواو باشوری کوردستانیشی لەخۆگرتوە.

وەک ئەکادیمستێکی نەتەوەیی بێلایەن، ڕو دەکەمه؛ مەسعود بارزانیی و مستەفای هیجریی کە لە ناسیۆنالیزم دا، جۆرێکی سەرنج ڕاکێش هەیە، پێی دەوترێ: "ناسیۆنالیزمی ئاینیی"، یان؛ "ناسیۆنالیزمی مەزهەبیی". ئەم جۆرە لە ناسیۆنالیزم ئامانجێتی ناسنامەی ڕەگەزی نەتەوەیەک لەگەڵ باوەڕە مەزهەبییەکەیان تێکەڵ بکات لە پێناو ڕزگارکردنی ئەو نەتەوەیە لە دەست داگیرکاریی.

ناسیۆنالیزمی مەزهەبیی دێت هەستی مەزهەبیت لەگەڵ هەستە نەتەوەییەکەت یەکانگیر دەکات. بەڵام داگیرکەران زیرەکانە ئەوە پێچەوانە دەکەنەوەو هەستە نەتەوەییەکەت دەشۆنەوە بە هەستی مەزهەبیی!

مێژو، کلتور، جوگرافیا، زمان (بە گاتاکان، کەلام، قەول و، شێوەزارەکانیشەوە) لەڕێی سەدان بەڵگەو بەڵگەنامەوە دەیسەلمێنن؛ ڕەسەنترین کورد بریتین لە لوڕەکان و لەکەکان. ئەمانە هەڵگری بیروباوەڕی یارسانیی بون و، هەتا سەدەی شانزەش؛ لوڕستان و ئیلام ناوەندی سەرەکیی بیروباوەڕی یارسانیی بون.

پڕۆفیسۆرەکانی زانکۆکانی لەندەن، کەیمبریدج و، ئۆکسفۆرد کە پسپۆڕی زانینی زمانەکانی پێش زایین بون، بە پشت بەستن بە دەیان نوسینی شوێنەواریی پێش زایین، سەلماندویانە: زمانی کوردی ئێستا لە زمانی ئیمپراتۆریەتی میدیا (ماد)ەوە سەرچاوەی گرتوە. ناوەندی ئیمپراتۆریەتی مادیش هەگبەتانای پایتەخت بوە. ئەوێ بوەتە ناوەندی ئاینێکی کوردیی، کە ئاینی یارسان (ئەهلی هەق، یان؛ کاکەیی) بوە.

هێندە لوڕستان چەقی کوردبونەو بە ڕەسەن کوردن، کە خودی خۆشیان داهێنەرو پەیامبەری ئاینە کۆنەکە کوردییەکەشیان بون و، ئێستاش لە داڵاهۆ، هاوار، کرماشان و، کەرکوک، ماوە.

لە هەزار و دو سەد ساڵ پێش ئێستاش، بالولی دانا (بالولی ماهی) لە لوڕستان لەدایک بوەو، هەستاوە بە شێوەزاری زگماکی خۆیان کە (شێوەزاری گۆرانی زمانی کوردی)یە چەندان کەلام و قەولی بۆ یارانی ئاینیی یارسان دەمەزەرد کردۆتەوە. لە ئاینی ئیسلام دا بە وشەکانی (قەول و کەلام) کە کوردین و ئاینی یارسان دایهێناون، دەوترێت: فەرمودە.

شاخۆشین (شای خۆرنشین)یش لە سەدەی یانزە لە ساڵی ١٠١٥ لە لوڕستان لەدایک بوە. چەندین کەرەستەی داهێنەرانەی میوزیکی کوردەواریی، وەکو تەمبور، بۆ ئاینیی یارسان زیادکردوەو، لەگەلیشی دا، چەندانی وەک (باباتاهیری هەمەدانی، دایە جەلالە، لیزا خانمی جاف و، فاتمە لوڕە) بە شێوەزاری گۆرانی کوردی بەرهەمیان هەبوە.

ڕەسەنبونی کوردێتیی ئاینی یارسان کە ناوەندەکەی لوڕستان بوە، لە قەول و کەلامەکانیان بەتەواوی دەسەلمێ، کە قەولێکیان دەڵێت:

"ئەسڵمەن چ كورد ، ئەسڵمەن چ كورد"

واتە: ئەسڵ و فەسڵ و ڕەسەنی من كوردە. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە: داگیرکەران لە شوناسی [کوردێتی]ی ئاینە کوردەکەی لوڕەکان کە یارسان بوە ترساون، کە جەختکردنەوە بوە لە شوناسی خۆناساندنیان بە كوردیی.

شا ئیسماعیلی سەفەوی هەستا بە کوشتوبڕی توند (وەک سوتاندنی مناڵەکانیان و چاو دەرهێنانی باوکەکانیان بە بەرچاویانەوە)، لە پێناو ئەو ئامانجەی بیروباوەڕیان بگۆڕێت لە یارسانییەوە بۆ شیعەی دوانزە ئیمامیی و بەستنەوەیان بە فەرمانی ئاخوندێکی فارسیستەوە. ئەگینا مەکۆی جلوبەرگ و میوزیک و لە فۆرمە گشییەکەشیی دا (فرەیی کلتوری کوردیی بەگشتیی) هەتا سەدەی شانزەش بریتیی بوە لە: لوڕستانی کوردەواریی. بەڵام بە زۆر گۆڕینی باوەڕی زۆرێکیان لە یارسانییەوە بۆ شیعە؛ نەوەکانی دواتریانی خستە ناو هەژمونی سۆزدارییەوە بۆ مەزهەبی شیعە. کەوابو، دەبێت ئەم مووە لەو ماستە دەربێنین بە هەمان میتۆدی سیاسیی-مەزهەبیی کە دەچێتە خانەی میتۆدی ناسیۆنالیزمی مەزهەبییەوە! چارەسەر بۆ ئەوەش تەنیا لە ڕێی تایبەتمەندییەکانی ناسیۆنالیزمی مەزهەبییەوە دەکرێ و دەتوانرێ بگێڕدرێنەوە باوەشی کوردبونەوە.

تایبەتمەندییەکانی ناسیۆنالیزمی ئاینیی-مەزهەبیی پێمان دەڵێت: دەکرێت دیدی [مەسیحییەک] جیاواز بێت بۆ ناسیۆنالیزم، هەتا بیریی کەسێکی [مسوڵمان].

لە وردکردنەوەش دا؛ دەکرێت تێفکرینی [کاسۆلیکییەک] بۆ ناسیۆنالیزم جیاواز بێت لە کەسێکی [پرۆتستانت]. دەکرێت سوننەیەک تێڕوانینی بۆ ناسیۆنالیزم لە شیعەیەک جیاواز بێت.

واتە: مەزهەبی شیعە؛ گشتگیرتر و توندتر و گرێدراوترن بۆ بیروباوەڕەکەیان. بۆیە تەنیا لە ڕێی ناسیۆنالیزمی مەزهەبییەوە بەرانبەر (لوڕ-لەک-کوردانی بەختیاری)، کە دەبێت ڕابەرەکانیان هەڵگری باوەڕە مەزهەبییەکەیان بن، کار لەسەر کوردبونیان بکرێتەوە.

ئەگەر بە وردی لە مێژو ڕامێنین، زۆرجار ئینگلیزەکان بۆ هەژمونی سیاسیان سودیان لە "ناسیۆنالیزمی مەزهەبیی" و "ناسیۆنالیزمی ئاینی"یش وەرگرتوە. وەک چۆن توانیان باکوری ئیرلەندا، بەتایبەت شاری بێلفاست، لە ڕێی مەزهەبی پرۆتستانتیزمەوە بهێڵنەوە لە ژێر دەسەڵاتیی داگیرکەرانەی خۆیان هەتا ئەمڕۆ. چونکە بێلفاستییە پرۆتستانتەکان کە بە ڕەسەن ئیرلەندیی بون خۆیان بە بەشێکی گرێدراوی کەنیسەی ئینگلیز دەزانیی. ئەوەبو، کۆماری ئیرلەندا تەنیا لە باشوری ئیرلەندا دامەزراو، باکوری ئیرلەندا بوە بەشێکی ژێر دەسەڵاتی داگیرکەری ئینگلیز هەتا ئەمڕۆ!

بیرۆکەکەی من ئەمەیە: چۆن ئینگلیز توانیان باکوری ئیرلەندا لە ڕوی پرۆتستانتیزمەوە لە نیشتیمانیی ئیرلەندا داببڕن، فارسە شیعەکانیش توانیویانە ناوەڕاست و باشوری خۆرهەڵاتیی کوردستان لە خواروی کرماشانەوە تا سەر کەنداو (بە لەک و لوڕ و کوردە بەختیارییە شیعەکانیشەوە) لە بزافی ناسۆنالیزمی کورد و تەنانەت لە نیشتیمانیی کوردستانیش داببڕن!! گرنگترینە کوردیش لە ڕێی وەسیلەی ناسیۆنالیزمی مەزهەبییەوە، کە دامەزراندنی ڕێکخراوی کوردی-شیعییە، لە فۆرمی ناسیۆنالیزمی کوردیی دا؛ لە ڕوی ستراتیژییەوە ئیش لەسەر ئەمانە بکات  و جەزب بکرێنەوە!

هەندێ لە ئێمەی کورد، بەهۆی ناهوشیارکردنیانەوە لەلایەن حیزبە کوردییەکانەوە، بە توانج دان لە شیعە؛ زیانی دابڕاندنی زیاتر لە پانزە ملیۆن کوردی شیعە (بە لوڕ و لەکە شیعەکانیشەوە) لە بزافی ناسیۆنالیستیی کورد و یەکبونی نەتەوەیی دەدەن. ئەمەش هەڵەیەکی کەمەرشکێنە و، لەتکارە بۆ ڕۆحی ناسیۆنالیزمی کوردی.

ئێمەی کورد دەبێت ئەو فەراغانە بدۆزینەوە کە داگیرکەران لەڕێیانەوە توانیویانە تاڕادەیەک لە پرۆسێسەکانی ئاسمیلاسیۆنی سەر کوردستان سەرکەوتو بن. یەکێکیان دابڕاندنی کوردە شیعەکانە (بە کوردی فەیلیی و لوڕ و لەکە شیعەکانیشەوە) نەک تەنیا لە بزافی ناسیۆنالیزمی کورد، بگرە تەنانەت دابڕینیشیانە لە خودی [جسم]ی نەتەوەی کورد!

چۆن فارسێکی شیعە، عەرەبێکی شیعەو، تورکێکی شیعە؛ دەتوانن سود بە بزاوتە ناسیۆنالیست و تەنانەت فاشیستەکەشیان بگەیەنن، دەبێت ئێمەی کوردیش ئەو دەلاقانە بدۆزینەوە چۆن وا بکەین "ناسیۆنالیزمی ئاینیی و مەزهەبیی" لە ناو هزری ئەو تاکانەی نەتەوەکەمان بخولقێنین کە ئاسمیلاسیۆن کراون.

چونکە "ناسیۆنالیزمی ئاینیی و مەزهەبیی" یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی خودی "ناسیۆنالیزم"و، یەکەم ئەکادیمیستی کوردیشم لە پێناو جەزبکردنەوەی کوردانی شیعە ئەم فەراغە گەورەیە لە ناو بزافی ناسیۆنالیزمی کورد کە پاشەکشەیەکی گەورەیە لە بەرانبەر ئیمپریالیزمی فارس، ئیمپریالیزمی تورک و، ئیمپریالیزمی عەرەب، بەسەر خاکی کوردستانەوە، دەخەمە جێی مشتومڕ و هەڵوێست وەرگرتنەوە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ناسیۆنالیزمی ئاینیی یان ناسیۆنالیزمی-مەزهەبیی ئەوەیە: لە ڕێی کەسایەتییەکی دینییەوە دەتوانیت بەلای بیری نەتەوەیی دا جەزبیان بکەیت و ئاڕاستەیان بکەیت.

واتە: ئەگەر دەیان سەرکردەی [سیکۆلار!!!] کە بیرمەندیش بن بکەیتە کۆمیتەیەکی تایبەت بۆ ڕاکێشانی گروپێکی مەزهەبیی وەک کوردە شیعەکان، هەوڵەکەت سەرکەوتو نابێت چونکە بەتوندی گرێدراوی مەزهەبەکەیانن. بەڵکو ئیلا دەبێت لە ڕێی ڕێکخراوی تایبەتەوە بێت کە "ئاخوند"ێکی خاوەن کەسایەتیی ناو خۆیان سەرکردایەتییان بکات بۆ هێنانەوەیان بۆ ناو بەرژەوەندییەکانی نەتەوە.

ئێوە وەک مەسعود بارزانیی، مستەفای هیجریی و، سەرکردەی هەر هێزێکی تری کوردستان کە خۆی بە ناسیۆنالیست بزانێ؛ دەبێ دەست بکەن بە دامەزراندنی ڕێکخراوی تایبەت بە [کوردانی شیعە] کە لەلایەن ئاخوندێکەوە سەرکردایەتیی بکرێن؛ هەم کەسایەتیی هەبێ و، هەمیش خاوەن بیری نەتەوەیی کوردیی بێ. نابێ بڕۆن هەرچی (ئاخوند!)ی ئایخ و بێکەسێتییە بخزێننە ناو ڕێکخراوێکەوە بۆ ڕاکێشانی کوردانی شیعە، چونکە بەوە هێندەی تر کوردە شیعەکان لە لەشی نەتەوەی کورد دەترازێنن. بۆیە، گەر هەر ڕێکخراوێکی کوردی شیعە دابمەزرێنن دەبێت هەر لەلایەن ئاخوندێکی کوردی شیعەوە سەرکردایەتیی بکرێ کە شەخسیەتی لە ناو کوردانی شیعە (کوردی فەیلی، لوڕ و لەکە شیعەکان) هەبێت و، ڕێکخراوەکە سەربەخۆیی کارکردنی پێ بدرێت [بەمەرجێک بەنهێنیی لە ژێر چاودێریتان بێت کە هێڵی سور بۆی؛ بڵاوکردنەوەی هەستی کوردبون و پاراستنی سنوره نەتەوەییەکانی کورد بێت!!].

خۆ ئەگەر مەسعود بارزانیی، مستەفای هیجریی و، سەرکردەی حیزبەکانی تری کورد، بڵێن: "وەڵا خاوەن هیچ ئاخوندێکی بەشەخسیات و کاریگەر نین کە بیری نەتەوەیی کوردی هەبێ و لە ناو کوردانی شیعە دەرکەوتو بێ". کەوابو، بەوە دەیسەلمێنن ئەم هەمو ساڵە حیزبەکانیان لە ڕوی تایبەتمەندییەکانی نەتەوەی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردییەوە چەندێک لاواز و چەندێک بێ تاکتیک و بێ ستراتیژ و بێ سەرکردەی بیرمەندی سیاسیی بون!

بەڵام دەکرێ ئەم تێفکرینە ستراتیژییەی من بۆ جەزبی کوردانی شیعە (بە لوڕەکانیشەوە)، کە بۆ یەکەمجارە دەخرێتەڕو؛ ببێتە دەلاقەیەک، لەگەڵ ئەوەی لە ڕوی کاتەوە درەنگە، بەڵام بەجددیەتی تەواوەوە کاری لەسەر بکەن.

لەم دەرفەتانەی دێنە پێشەوە، گرنگترینە سود لە بواری ناسیۆنالیزمی ئاینیی-مەزهەبیی بەتایبەت بەرانبەر کوردانی شیعە وەربگیردرێ. نابێت ئەم بوارە لەدەست بدرێ، چونکە ئەمە یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە هەمیشە داگیرکەرانی کوردستان لەڕێیەوە ناسیۆنالیزمی کورد و جسمی کوردییان لەت کردوە؛ وەک چۆن ئەوان دروستکاری چەندان حیزب و ڕەوتی ئیخوانیی و سەلەفیی و ئیسلامیی سیاسیین لە کوردستان و، بە زەبری هێزیش لوڕە یارسانەکانیان کردە شیعە بۆ ئەوەی لە "کوردبون" دایان ببڕن.

کەوابو، ئێمەش هەر بە چەکی ناسیۆنالیزمی مەزهەبیی کە دامەزراندنی چەند ڕێکخراوێکی ناسیۆنالیستی-مەزهەبیی بێ بۆ کوردانی شیعە دەتوانین ئیشیان لەسەر بکەین و بیانگەڕێنینەوە. ئەمە بۆ دۆخی ناوەڕاست و باشوری خۆرهەڵاتیی کوردستان، کە جیۆستراتیژترین ناوچەی کوردستانی گەورەن؛ زۆر پێویسته! چونکە ناکرێت حیزبەکانی کورد هەر پاڵی لێبدەنەوەو دەست هەڵبگرن لە ناوچەکانی پانزە ملیۆن کوردی شیعه (بە لەک و لوڕی شیعەوە)، هەر لە باشوری کرماشانی پایتەختەوە تا کوردانی بەختیاریی و  تا سەر کەنداو. نابێت ئیتر تاکتیک و ستراتیژیان نەبێ و دەستهەڵبگرن لە  خاوەنداری مێژویی پشک و پێگەی کورد لەسەر کەنداو! بەڵکو ئەبێ بە نەفەسی درێژەوەو بە چەندین پلان و ستراتیژەوە ئیشی لەسەر بکەن.

ئەوە زیرەکیی فارس و بیرتیژی سەرکردەکانیان بوە کە لوڕی یارسانیان بەزۆر کردوە بە شیعە بۆ ئەوەی تایبەتمەندییە کلتوریی و نەتەوەییەکانی کوردیان تێدا بشۆنەوە. داگیرکەران دەتوانن مێشکی باپیرانی قاسمی سولەیمانیی کە بە ڕەگەز لوڕن (واتە بە ڕەگەز کوردی ڕەسەنن) بۆ شیعە بشۆنەوەو، لە لوڕستانەوە بیانگوازنەوە بۆ کرمان و، دواتر نەوەکەیان (قاسمی سلێمانیی) بۆ ئیمپریالیزمی فارس و فارسیزم بخەنەگەڕ. بەڵام حیزبەکان و سەرکردەکانی ئێمەی کورد نەیانتوانیوە چەندان پلان و بیرۆکەی ستراتیژی بۆ گێڕانەوەی کوردانی شیعە (بە لەک و لوڕی شیعەوە) بۆ ناو جسمی نەتەوەی کورد و ناو بۆتەی بزافی ناسیۆنالیزمی کورد بخەنەگەڕ. دەبێت ئیشی ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبەکانی کوردستان داڕشتنی پلان و بیرۆکەی ستراتیژیی بێ بۆ ناسیۆنالیزمی کورد و خاکی کوردستان و، خاوەن توانای هزریی و سیاسیی و دبلۆماسیی بن، نەک زۆرینەیان تەنیا خاوەن ڕەوشتی دزیی، ڕاوڕوت، دەستەگەریی، ناوچەپەرستیی، عەشیرەتپەرستیی و، کوردکوژیی، بن.

ئاگادارم، ئەکرێ ئەوانەی لەلایەن حیزبە کوردییەکانەوە پێیان دەوترێ: ڕوناکبیر و نوێخواز و پێشکەوتوخواز ڕەخنە لەم تێفکرین و بیرۆکە ستراتیژیانەی من بگرن و، بڵێن: چۆن کەسێک لە پێشکەوتوترین زانکۆکانی خۆراوا بەو ئاستانە ماستەر و دکتۆرای تەواو کردبێ کەچی لە ئایدیاو فکرەکانیی دا ئەو جۆرە بیرۆکانە بخاتەڕو! یاخود ئاگادارم دەکرێ ئەوانە من بە کۆنخواز بناسێنن!

بەڵام، من پایەیەک نیم بەو سیاسەتباز و بەناو ڕوناکبیرانە لەق ببم. من بیر دەکەمەوە کە چۆن سود لە "مەزهەب، سەگ، لەشفرۆش، مەلا، زانا، نەزان، ئاسمان، زەوی، ژێرزەوی، میکرۆب، هەرچی شتی باش و خراپ"ە وەربگرم و، لە پێناو پرسی ڕزگاریی نیشتیمان و نەتەوەکەم بیانخەمەگەڕ.

واتە:  ئامانجمە سود لە هەمو شتێک "بە خراپ و باشەوە" وەربگرم و، بیانخەمەکار دژی ئیمپریالیزمی فارس، ئیمپریالیزمی تورک و، ئیمپریالیزمی عەرەب، لەسەر خاکی کوردستان. ئەشزانم چەندێک هزری تاکی کورد ئاسمیلاسیۆن کراوە، بۆیە لە پۆڵا خۆڕاگرترم لەبەرانبەر جاشبیراندا.

 بەو مانایەی هێڵی سور لای من بەرژەوەندی [گشتی] نەتەوەی مەزنی کوردەو، کوردی باش و کوردی خراپ تەنیا بەو میکانیزمە دیاری دەکرێ کە کامیان سۆزو هوشیاری بۆ نەتەوەو نیشتیمانەکەی هەیە.

واتە: لای من تۆ لە پێشینەیت ئەگەر کوردێکی "مەسیحیی، جو، یارسان، زەردەشتیی، ئێزدیی، شیعه و، سوننە" بیت بەمەرجێ هۆشیی نەتەوەیی کوردیت باشتر بێت لە ڕوناکبیرترین کورد کە بڕوای بە ناسیۆنالیزمی کوردی و ڕزگارکردنی نیشتیمانیی کوردستان نەبێت، کە بڕوای بە دژایەتی سیاسەتە ئاسمیلاسیۆنەکانی ئیمپریالیزمی تورک، ئیمپریالیزمی فارس و، ئیمپریالیزمی عەرەب، لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان، نەبێت.

تێبینی: میدیا ئینگلیزییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ڕەزای کوڕی حەمەڕەزاشا لەلایەن ئیسرائیل-سعودییە-پاکستان تاڕادەیەک گرنگی پێ دەدرێ. ویستم لەم بابەتەدا چەند تاکتیک و ستراتیژێکیش بۆ ئەو ئەگەرەش بخەمەڕو. بەڵام کورد حەوسەڵەی خوێندنەوەی بابەتی دورودرێژی نییەو، بابەتەکانیش جیاوازبون بۆیە تێکەڵم نەکرد.

 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×