ئەو جەنگەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، جەنگی ئێران ، ئیسرائیل، ئەمریکا، وڵاتانی کەنداو سەرەڕای درێژەدانەکەی و لەسەرخۆیی جەنگەکە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو فراوان بوون هەنگاو دەنێت و ڕۆژانە گروپ و لایەنی نوێ دێنە نێو جەنگەکەوە.
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حوسیەکان بەر شاڵاوی جەنگەکە کەوتن و ئەوانیش بە دژە هێڕش وەڵامیان هەبوو کەوتنە نێو ئەو جەنگەوەو هەرچەندە لە پێش ئاگربەستی ئێران و ئەمریکا چەند جارێک هێڕشیان بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا هەبوو.
پێش چەند ڕۆژێکیش هێزەکانی سعودیە بە هەماهەنگی هێزەکانی ئەمریکا چەندین پێگەی حەشدی شەعبیان لە عێراق بۆردوومان کرد، کە تێیدا دەیان کوژاوو برینداری لێکەوتەوە سەرەڕای خاپورکردنی بنکەو بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەو شوێنانە، بەمەش توڕەیی لایەنە شیعەکانی عێراقی زیاتر جوڵاند و لایەنگری بەشێکیانی بۆ چونە نێو جەنگەکە بە ئاشکرا دەرخست.
ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە و پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بکرێت عێراقە.
لەدوای هەموو ئەو پەرەسەندنانە هەڵوێستی فەرمی عێراق چی دەبێت؟
ئایا بە بێلایەنی دەمێنێتەوە، یاخود دەبێتە بەشێک لە هاوکێشەی جەنگەکە؟
عێراق ئێستا لە چوارڕیانێکی نادیاردا خۆی دەبینێتەوە کە دەتوانین لە چەند خاڵێکدا کورتی بکەینەوە:
یەکەم: عێراق خاوەنی سەروەری تەواو نیە لە بڕیاردان لە نێوان لایەنەکانی جەنگەکەدا تا ئێستا بە تەواوی خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە هەرچەندە بە فەرمی بێ لایەنی هەڵبژاردوە.
دووەم: عێراق سەروەری و دەسەڵاتی بەسەر ئاسمانی وڵاتدا نیە و ناتوانێ بەرگری لە ئاسمانی خۆی بکات ئەمەش وایکردووە هەموو لایەنەکانی جەنگ ئاسمانی عێراق بەکار بهێن بێ ئەوەی پرس وڕا یان ڕێکەوتن لەگەڵ عێراق بکەن.
سێیەم: میلیشیا عێراقیەکان کە وەلائیان بۆ کۆماری ئیسلامی هەیە بە ئاشکراو بێ شاردنەوە لایەنگری خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەردەبڕن، کە ئەمەش خاڵێکی تری لاوازی ناوەندی بڕیارە لە عێراقدا.
،چوارەم : لاوازی ئابووری عێراق و داخستنی گەورەترین سەرچاوەی ئابووری عێراق کە نەوتەو زۆربەی نەوتی فرۆشیاری عێراقیش لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوەیە کە ئێستا ئەو سەرچاوەی داهاتەی عێراق لە خاڵی سفر نزیک بووەتەوە هۆکارێکی تری بێ دەسەڵات بوونی عێراقە لە بڕیاردانی ڕاستەوخۆ بۆ لایەنگری یان بێ لایەنی جەنگەکە.
پێنجەم : ناکۆکی و فرە نەتەوەیی و فرە ئاینی و مەزهەبی نێو عێراق و لایەنگری هەریەکە لە گروپ و لایەنەکانی ناو حکومەتی عێراقیش خاڵێکی تری لاوازی ناوەندی بڕیارە لە عێراقدا.
ئەمانە و دەیان هۆکاری تر عێراقی لە چوار ڕیانێکی نادیاردا هێشتوەتەوە و سەرەنجامی هەموو پرۆسەی سیاسی عێراقی بە مۆلەقی هێشتوەتەوە.