ئایا سلێمانی داهاتوو شارێک دەبێت کە تەنها بینا و کۆمەڵێک پرۆژەی وەبەرهێنانی تێدا دەبێت، یان شارێک دەبێت کە سروشت، ئاو، دارستان، زەوی، کەلتوور، ئازادیی بیرکردنەوە و کەرامەتی مرۆڤی تێدا پارێزراو دەبێت؟

سان ساراڤان
  2026-08-08     265

سان ساراڤان

ئەگەر ژینگەی سلێمانی بەم شێوەیەی ئێستا تێکبدرێت و وەبەرهێنانی بێ‌سنوور ڕێگەی پێ بدرێت و جێگای دیمەنە سروشتییەکان بگرێتەوە، کاریگەرییەکان تەنها لەدەستدانی سروشت نابن. تێکدانی دارستانەکان، زەوییە کشتوکاڵییەکان، سەرچاوەکانی ئاو و ئەو سیستەمە ژینگەییە سروشتییە، سەرچاوەی ژیانی خەڵک لاواز دەکات، بارودۆخی ئابووری خراپتر دەکات و ژیانی کۆمەڵگە خۆجێییەکان کلۆر دەکات. ئەمە پرۆسەیەکی قووڵی گۆڕینی شێوازی ژیان و داهاتووی شارە. کاتێک سروشت دەبێتە زەوی بۆ بیناسازی و وەبەرهێنان، ئەو سەرچاوەیەی کە خەڵک بۆ ژیان، کار، کشتوکاڵ، ئاوهەوا و تەندروستی، هەنگاو بە هەنگاو لاوازتر دەبێت.

کاتێک تێکچوونی ژینگە قووڵتر دەبێتەوە، نایەکسانی و هەژاریش زیاتر دەبن. لەناوبردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و کەمبوونەوە و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو تەنها زیانێک بە سروشت و دۆخی ژینگەیی ناوچەکە ناگەیەنێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ سەرچاوەکانی ژیانی خەڵک لاواز دەکات، خەرجیی ژیان بەرز دەکاتەوە، دەرفەتەکانی کار و بەرهەمهێنانی خەڵکی ناوخۆ سنووردار دەکات و لە کۆتاییدا دەتوانێت نایەکسانیی ئابووری و کۆمەڵایەتی قووڵتر بکات.

چونکە کاتێک خەڵک لە ڕووی ئابوورییەوە دەکەوێتە ژێر فشار و سەرچاوەکان لە دەستی کۆمەڵێک دەسەڵاتدار و بەرژەوەندی‌خواز کۆدەبنەوە، ترسی لەدەستدانی کار، ماڵ، زەوی یان سەرمایە زیاد دەبێت، ئەوا توانای ڕەخنەکردن و هەڵوێست‌ وەرگرتنیش دەشێت لاواز تر ببێت. لەو کاتەدا، خۆبەدەستەوەدان و بێدەنگی دەتوانێت بە هێواشی ببێتە بەشێک لە کەلتووری سیاسی و کۆمەڵایەتیی شار.

بەڵام مەترسییەکە لەوەش قووڵترە، شار تەنها لە بینا و شەقام و پرۆژەکانی وەبەرهێنان پێک نایەت، شار لە مرۆڤ، پرۆسەی بیری ئازاد ، کەلتوور، یادەوەری، سروشت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش پێک دێت. ئەگەر بەردەوام شوێنە سروشتی و کلتوورییەکان لەناوببرێن و شوێنیان بە بیناسازی و وەبەرهێنان بگیرێتەوە، بە هێواشی ئەو تایبەتمەندییەی سلێمانی دەناسێنێت، دەکرێت لاواز ببێت.

 ئەگەر خوێندەواران، توێژەران، پسپۆڕان و ڕۆشنبیرانیش ئەم گۆڕانکارییە گەورە و مەترسیدارانە بە ڕوونی نەبینن و درکی پێ نەکەن، یان هەڵوێستی جدی لە بەرامبەری ئەم گۆڕانکارییانە نەبێت ، ئەوا مەترسییەکە تەنها لە تێکچوونی ژینگەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو بە هێواشی زەمینەی گونجاو بۆ ئازادیی بیر و ڕادەربڕینیش لەناو دەبات.

ئەمە دەتوانێت لە دەرئەنجامدا ئەوەی لێ بکەوێتەوە کە ئێستا بە شێوەیەکی ئاشکرا دەبینرێت، بەشێک لە ڕۆشنبیران و کەسانی خاوەن بیر و شارەزایی، لەبری ئەوەی  ڕەخنە بگرن و هەڵوێست وەربگرن، بە هێواشی تێپەڕ دەبن و خۆیان لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە دەگونجێنن کە لە ناو شاردا ڕوو دەدات، تا دەگات بەوەی خۆبەدەستەوەدان و تەسلیمبوون بە هێزە پاوانخواز و دەسەڵاتخوازەکان ببێتە شتێکی ئاسایی.

دروستکردنی ڤێلا و باخ، یان هەڵهاتن بۆ ژیانی دەرەوەی شار، بە تەنیا چارەسەر نییە. چونکە کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە مرۆڤ شوێنێکی سەوز و ئارام بۆ ژیان بدۆزێتەوە، کێشەکە بریتییە لەوەی چ جۆرە شار و کۆمەڵگەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێدەهێڵین چونکە  کێشەکە چارەسەر نەکراوە، تەنها کێشەکە بۆ شوێنێکی تر گواستراوەتەوە. پاراستنی ژینگە، پاراستنی ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین و پاراستنی جۆراوجۆریی کۆمەڵایەتی و کلتووری، هەمووی بەشێکن لە پاراستنی داهاتووی سلێمانی.

لەو ڕوانگەیەوە، تێکدانی ژینگە تەنها لەدەستدانی سروشت نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە هۆکاری هەژاری، پەرتەوازەیی، دابەزینی کۆمەڵایەتی، و بەهێواشی لەدەستدانی سەرمایەی مرۆیی و ناسنامەی سلێمانی.

زۆرترین بینراو
یەکێتی دەربارەی دەستگیرکردنی نوری گەرمیانی ڕوونکردنەوە دەدات
عەلی زەیدی نوێترین هەڵوێستی بەرامبەر بە هەرێم راگەیاند
بە ناوبژیوانی سێنتکۆم؛ ڕیاز داوای یارمەتیی لە ئیسرائیل کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حوسییەکان
هونەرمەند تارا رەسول سوپاسی ئەوانە دەکات کە دەنگیان پێداوە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید
بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ عێراقچی: هەرێمی کوردستان ڕێز لە سەروەریی دراوسێکانی دەگرێت
قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمەریکا؛ عێراق تا ساڵی ٢٠٢٨ ناتوانێت چەکی گرووپەکان کۆنترۆڵ بکات
بێڵ گەیتس: جیهان بۆ سەردەمی زیرەکیی دەستکرد ئامادە نییە و پێویستمان بە ڕێکخستنی نێودەوڵەتییە
بە نهێنی سەرکردە سەربازییە باڵاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەب لە ئەڵمانیا کۆبوونەتەوە
ڕاپۆرتێکی پنتاگۆن ئاماری زیانەکانی ئەمریکا لە کەنداو ئاشکرا دەکات؛ زیاتر لە ٦٠٠ هێرش کراوەتە سەر بنکەکان لە عێراق
چوار ساڵ بەسەر ڕووداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تێدەپەڕێت؛ سبەی بازاڕەکانی ڕۆژهەڵات دادەخرێن
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×