ڕۆحی حیکایەتخوان لە ڕێگەی شتە سادەکانەوە دەردەکەوێتەوە

ئەحمەد ڕەسوڵ
  2026-08-13     121

بۆ یادی کۆچی دوایی مامۆستا حسین عارف

 

ئەستێرەیەکی هەرە گەشی هونەری چیرۆکنووسین و حیکایەتخوانیی ئێمە، بۆ هەمیشە لە ئاسمانی ئەدەبیاتدا بە ئارامیی لە خاڵێکدا بۆ هەتا هەتایی جێگیر بوو.

مامۆستا حسێن عارف، چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی مەزن و سەردەستەی هونەری گێڕانەوە و حیکایەتخوانیی، کۆچی دوایی کورد و خەرمانێک لە چیرۆکی ئەفسووناویی بۆ جێهێشتنین.

هەردەم لە یادەوەریی ئەهلی ئەدەبیاتدا، یادی مامۆستا حسێن عارف، گەش و هەرمان دەمێنێتەوە.

...

لە سەرەتای منداڵیی و نەرجەوانیمانەوە بە ناوە جوانەکەی حسێن عارف ئاشنا بووین.

یەکێک لەو کتێبانەی لە منداڵییەوە، چووە نێو یادەوەریمانەوە، کتێبی کۆمەڵە چیرۆکی گەلەگورگی مامۆستا حسین عارف بوو. بە وردیی نازانم لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی یان ناوەندیم بوو کە ئەو کۆمەڵە چیرۆکەم خوێندەوە و خەیاڵی منداڵانەی منی چەند هێندەی دیکە فراوانتر و ئەفسووناویتر کرد.

...

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە چایخانەیەکی لاچەپەک لە ناوبازاڕی سلێمانی دانیشتبووم و چایەکم خواردەوە، لەگەڵ ئەوەی چایەکەی من دیشلەمە بوو، "چای شیرین" ی مامۆستا حسین عارفم هاتەوە یاد. چای شیرینی ئافتاو بۆ مەحمود. هەستی پاکی خۆشەویسیتی گەنجێکی ١٩ ساڵان بۆ کچێکی گەنج، کە هەردووکیان پڕن لە ئیحساس و هەیەجانی خۆشەویستییەکی سادە و ڕاستەقینە کە بۆ یەکەم جار لە ژیانیاندا ئەو هەستە دەژین.

...

مەزنیی شاعیر، حیکایەتخوان و ئەدیبان لەوەدایە، ڕۆحیان دەچێتە نێو هەموو ئەو کاڵا و شتە ماددییانەی دەوروبەرمان و هەموو دیاردە و دەرکەوت و بوونێکی نێو سروشتەوە. هونەرێک کە بۆ ئەم کارە لەبەردەستی ئەواندایە، تەنها ئەدەبیاتە و هیچیتر.

کاتێک دەچینە سەر کانییەک یان سەردەریایەک و سەرنج لە شەپۆلە بەهێزەکانی دەدەین یان مانگەشەوێک، خۆبەخۆ شیعرەکەی مامۆستا گۆران دیتەوە یادمان.

کانییەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو

لەبنیا بلەرزێ، مرواری زیخ و چەو.

جوانترە لەلای من، لە دەریای بێسنوور

شەپلۆ باتە بەر تیشکی ڕۆژ شڵپ و هوڕ.

یان کاتێک ساڵانە دەگەینەوە، یادی ئەنفال، تێکستە قووڵ و ئەفسووناویی و نەمرەکەی شێرکۆ بێکەسمان لەبارەی ئەنفالەوە دێتەوە یاد:

وەی بۆ سووتانی ڕۆحی ئازیزێ.

یان مانگەشەو، دەمانباتەوە لای شیعری "ئەی مانگ" ی فایەق بێکەس کە بە دەنگە نایاب و هونەرە نەمرەکەی مامۆستا عەلی مەردان، کراوە بە مەقام.

ئەی مانگ من و تۆ هەردوو هاودەردین.

یان من وەکو خۆم هەر کاتێک گوێ لە گۆرانیی "ئاتەشەم" ی ئەفخەم موهاجیر دەگرم، ڕاستەوخۆ شیعری "ئاگرەکەم مەسڕنەوە" ئ ئازاد سوبحی دێتەوە یادم.

یان هەروەکو شێرکۆ بێکەس خۆی لە دانیشتنێکی سادە و ئاساییدا، باسی ئەوە دەکات، ئەگەر تەماشای زنجیرە شاخی گۆیژە بکەین و بە وردیی سەرنجیان بدەین بە قەدپاڵی هەر لوتکەیەکەوە، وێنەی یەکێک لە کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی دەبینین، لە وێنەی پیرەمێرد، فایەق بێکەس، ... هتد.

ڕۆحی شاعیران و چیرۆکنووسان و حیکایەتخوانەکان، دەچێتە نێو شەقام و باخچەکانەوە، دەچێتە نێو کاڵا و کەلوپەلەکانەوە، دەچێتە نێو دیاردە سروشتییەکانەوە، دەچێتە نێو بوون و دەرکەوتە سروشتییەکانەوە،  دەچێتتە نێو شتە هەرە سادەکانی ژیانی ڕۆژانەمانەوە و لە ڕێگەی ئەو شت، دیاردە، دەرکەوتە، کەلوپەل، کاڵا و شتە سادانەوە هەردەم شاعیران، چیرۆکنووسان و حیکایەتخوانەکانی ڕۆمانەکانمان دێنەوە یاد.

...

ڕۆحی مامۆستا حسین عارف، بۆ هەمیشە شاد و لە ئاشتیی و ئارامییدا، لە چایەکی شیرین، لە بینینی گەلەگورگێکدا با لە ڕێگەی شاشەی تیڤی یان مۆبایلەکانیشمانەوە بێت، یان لە خودی شاردا دەردەکەوێتەوە و دێتەوە بەر دیدەمان ودێتەوە نێو خەیاڵ و یادەوەریمان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
قاسم ئەعرەجی: کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
مەزڵوم عەبدی: ڕێککەوتنی دیمەشق تەسلیمبوون نەبوو، بەڵکو قۆناغێکی نوێی خەباتە لەناو دەوڵەتدا
دوای چۆڵکردنی ۱۸ کەمپ لەلایەن ۳ هەزار و ۸۰۰ گەریلا، پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر دەبن
مەسعود پزیشکیان: سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان دەکەم
لەشەشەمین ساڵیادی مەرگی فوئادە ڕەشدا، سۆڵیدارێتییەکەی فوئادە ڕەش‌و ڕێکخراوەکانی ئێستا
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل: به‌داخه‌وه‌ كورد هێشتا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه‌، خوازیاری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمانین
بوومەلەرزەی سیاسی لەئەڵمانیا: سەرکەوتنی مێژوویی AfD لەویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت
تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە
دوو موڵکی موجتەبا خامنەیی بە 36 ملیۆن پاوەند دەفرۆشرێن
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی "ساڵانی لەبیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لەئێران"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×