ئارین گیان خەڵاتی وەرگرت… دەک بە خۆشیمان بێت!

ئالان م. نوری
  2026-08-14     502

ئەرێ کەس ماوە نەبیستێت ئارین مەسرور بارزانی خەڵاتێکی "جیهانی"ی وەرگرت؟ دامودەزگای میدیایی خۆی و پەیج و مێشە ئەلەکترۆنییەکانی، ئینجا ئەوانەی بابی و مامی و حیزب و…تاد. زۆر دڵیان بەم سەرکردە "مێژوویی" ەی داهاتوومان خۆشە. بۆیە، بە پەرۆشەوە، کون و کەلەبەری میدیای دامەزراوەیی و سۆسیالیان بەم هەواڵە تەنیوەتەوە…ئەمەش بێگومان لەبەر ئەوەیە کە خێرێکی گەلەک مەزنی تێدایە بۆ گەلی کورد، بەڵام، داخەکەم، ئێمە هێشتا عەقڵمان پێی ناشکێت.

 

خەڵاتەکە چییە، بۆ چی باشە؟

ناوی خەڵاتەکە، کە ناوی ئەو بزنسەیە سەرپەرشتیی دەکات، بریتییە لە Global Recognition Award، واتە: خەڵاتی پێزانین/ناساندنی جیهانی. ئەم بزنسە لە وڵاتی سەنگافورا، ساڵی 2018 تۆمار کراوە. خاوەنەکەی کەسێکە بە ناوی جێثرا سپارکس، کە هیچ زانیارییەک دەرباری خۆی، پێشخانی خوێندن، یان بەهرەمەندیی بزنس، یان نامەی ئەعمالی لە ماڵپەڕی بزنسەکەی و لە سەرچاوە واڵاکانی زانیاری بەردەست نییە و تەنانەت وێنەشی لە هیچ لایەکیان بەردەست نییە. لە ماڵپەڕەکەیدا هاتووە کە لەماوەی ئەم 8 ساڵەی رابوردوودا 14,400 کەس خەڵاتەکەیان وەرگرتووە. واتە ساڵی 1,800 کەس ئەم خەڵاتە وەردەگرن.

 

جا ئەمە چی دەگەیەنێت؟

ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە بزنسەکە تەنها ناوی گلۆبەڵ: جیهانی یە و دامەزراوی هیچ هەرەوەزێکی جیهانی، نێواندەوڵەتی، یان رێکخراوەیی جیهانی نییە. جیهانێتییەکەی وەکو ئەوە وایە کە سبەینێ شاگرد کەبابچییەکی نەدیو و نەناس لە عەربەت رێکخراوێک بەناوی خەڵاتی جیهانی کەبابچێتی دابنێت و ساڵانە بە وڵاتانی دونیادا فۆرم بڵاو بکاتەوە و ساڵی 1,800 کەبابچی خەڵات بکات. ئەم کارەی تەنها بەوە دەبێت بە جیهانی کە ئەگەر ساڵانە لانی کەم 1,800 "کەبابەوان" (واتە مەرج نییە کەبابچی بن، گرنگ ئەوەیە هەواداری کەباب بن) لە زیاد لە دوو وڵاتەوە فۆرمی بۆ بنێرن. جا ئەم بەڕێز جێثرا سپارکس ە بە قەولی ماڵپەڕەکەی لە 50 وڵاتەوە فۆرمی بۆ چووە، کەواتە جیهانییە…ئەمما جیهانی!

 

ئەی بۆ چی باشە؟

ئەم بزنسە، بە قەولی ماڵپەڕەکە فۆرمی خەڵاتەکەیان خۆڕاییە و هەرکەس حەز بکات، دەتوانێت خۆی بۆ بپاڵێوێت. بەڵام ئەو کەسانە گەر بیانەوێت حەکەمەکان فۆرمەکانیان رەچاو بکەن، دەبێت پارەی ئەو رەچاوکردنە بدەن! لە هیچ شوێنێکی ماڵپەڕەکەشدا نەهاتووە ئەو پارەیە چەندە…ئەم جۆرە لە بزنس، کە پێیان دەڵێن Pay-to-Play Awards (واتە خەڵاتی شاباشی خۆت بدە و قینج هەڵپەڕە!)، بۆ خۆی مایەیە ئەوەیە کە شکی ساختەکاریی لێ بکرێت. ئەم مۆدێلە لە بزنس هاوشێوەی ناسراوی لە جیهاندا زۆرە، بەڵام ئەم یەکێک نییە لەوان. چونکە، بۆ نموونە، رێکخراوێکی خەڵاتبەخشی وەک جێی دی پاور J D Power لە ئەمریکا، کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبیلی ئەمریکا لە پشتییەوەیەتی و بۆ مەبەستی هەڵخەڵەتاندنی کڕیاری ئەمریکی کە گوایە ئۆتۆمبیلە براند ئەمریکییەکان لە هەموو براندێکی دیکە باشترن، دروست کراوە. براوەکانی ئەم خەڵاتە هەموو ساڵێک براندە ئەمریکییەکانن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی راپۆرتی بێ لایەن و قازانج نەویستی متمانەپێکراوی Consumer Reports ی ئەمریکایی، ئەو براندانە بە پڕ لە کێشە و لە دوای براندە بیانییە یابانییەکان دادەنێت. بەڵام ئەمەی سەنگافورا زیاتر لە رێکخراوی شاگرد کەبابچییەکەی عەربەت دەچێت وەک لەوەی کە بە ئاشکرا کۆمپانیای براندە ئەمریکییەکانی ئۆتۆمۆبیل لە پشتین.

لایەنێکی دیکەی (شاباشی خۆت بدە و قینج هەڵپەڕە)ی ئەم خەڵاتە تەمەن 8 ساڵە، ئەوەیە کە پاکێجی جۆراوجۆری پرۆپاگەندەی دوای بردنەوە بە کڕیاران دەفرۆشێت و، بە شانازییەوە باسی ئەوە دەکات کە 40% براوەکان، پاکێجەکانیان کڕیوە. ئەی پاکێجەکان چین؟ پاکێجەکان تەنها دانانی هەواڵی بردنەوەکەیە لە ماڵپەڕە جیهانییەکانی وەکو یاهوو فاینانس و فۆربز و…تاد. هەتا زۆرتریش هەڵبژێریت، لە هەر یەکەیان بە جیا، هەرزانتر دەکەون. دانانی هەواڵیش نەک وەک هەواڵێک کە دەستەی نووسەرانی ئەو ماڵپەڕانە هەڵیانبژاردبێت بۆ تیشک خستنە سەری، بەڵکو وەکو ریکلامێکی کڕدراو!! کە ئەمە کارێکە شاگرد کەبابچییەکەی عەربەت، ئەگەر پارەی پێشینەی بە زیادەوە وەرگرتبێت، دەتوانێت ئەنجامی بدات.

 

ئەی دە کەواتە بۆچی باشە؟!!

ئەم خەڵاتە بۆ ئەوە باشە کە لەبەر هەردوو وشەی "جيهانى" و "خەڵات" پێکەوە، بۆنەیەکی دروست کردووە بۆ لێشاوی مەدح و سەنا بۆ سەرکردەی مێژوویی داهاتووی گەلەکەمان، کە ئێمەی نەفام هێشتا زۆرمان ماوە قەدری بزانین.

ئەم فێرکردن و دەرس دادانەی میللەتی خۆمان، بەهاکەی لە پاکێجی فۆربز و مۆربز زۆر گەورەترە. چونکە سەپاندنی سەرکردەی مێژوویی لە مێشکی میللەتی نەفامدا، کار و ماندوو بوونی بەردەوامی بەبیرهاندنەوەی دەوێت…دەک بە خۆشیمان بێت!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
قاسم ئەعرەجی: کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
مەزڵوم عەبدی: ڕێککەوتنی دیمەشق تەسلیمبوون نەبوو، بەڵکو قۆناغێکی نوێی خەباتە لەناو دەوڵەتدا
دوای چۆڵکردنی ۱۸ کەمپ لەلایەن ۳ هەزار و ۸۰۰ گەریلا، پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر دەبن
مەسعود پزیشکیان: سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان دەکەم
لەشەشەمین ساڵیادی مەرگی فوئادە ڕەشدا، سۆڵیدارێتییەکەی فوئادە ڕەش‌و ڕێکخراوەکانی ئێستا
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل: به‌داخه‌وه‌ كورد هێشتا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه‌، خوازیاری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمانین
بوومەلەرزەی سیاسی لەئەڵمانیا: سەرکەوتنی مێژوویی AfD لەویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت
تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە
دوو موڵکی موجتەبا خامنەیی بە 36 ملیۆن پاوەند دەفرۆشرێن
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی "ساڵانی لەبیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لەئێران"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×