ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییداین کە ڕاستەوخۆ دەست بۆ قووڵترین کایەی بوونی مرۆڤ دەبات، کە ئەویش بیرکردنەوە و داھێنانی ئەدەبییە. دەرکەوتنی ئەم ژیرییە دروستکراوە بۆ نوخبەی ڕۆشنبیران، شاعیران، نووسەران و ڕۆژنامەنووسان، دووڕیانێکی ھێندە ئاڵۆزی خولقاندووە کە لە نێوان خزمەتکردن و کاولکاریی فکریدا ھاتووچۆ دەکات.
لە لایەکەوە، وەک ئامرازێکی تەکنیکی و خێرا، ئەم تەکنەلۆجیایە ھاوکارییەکی بەرچاو پێشکەش بە ئەرشیف و توێژینەوەی میدیایی دەکات. زانیارییەکان بە خێراییەکی زەبەلاح دەخاتە بەردەست، دەیان سەرچاوە لە ساتێکدا دەپشکنێت، و یارمەتی ڕێکخستنی داڕشتەی بەرایی بیرۆکە ئاڵۆزەکان دەدات. ئەمە وادەکات ڕۆژنامەنووس یان توێژەر لە زەمەنێکی کەمتردا بڕێکی زۆرتر لە داتا پۆلێن بکات.
بەڵام ئازار و تووڕەیییە گەورەکە لای ئەو نووسەر و ئەدیبە ڕەسەنانەیە کە ساڵانێکی زۆری تەمەنیان بە شەونخونی، خوێندنەوە و ڕەنجی فکری تێپەڕاندووە تا گەیشتوونەتە ئاستێک خوێنەری تایبەت بە خۆیان ڕابکێشن. بۆ ئەوانەی لە ناخی وشە تێدەگەن، زانینی سەرچاوە و ھەڵقوڵانی نووسین دەناسنەوە و دەزانن وشەی ڕاستەقینە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت، قبوڵکردنی ئەم دەستدرێژییە فکرییە نەخوازراوە زۆر قورس و تاقەتپڕوکێنە. ئەم ئامێرە بێگیانانە جۆرێک لە برینی دەروونییان بۆ ئەو قەڵەمە ڕەسەنانە دروستکردووە، چونکە دەبینن ئەوەی ساڵانێک لە ھەست و ئازار بووە، ئەمڕۆ بە چەند چرکەیەک لەلایەن شاشەیەکی ساردەوە لاسایی دەکرێتەوە.
داڕمانی فکری و کارەساتەکە لەوەدا سەرھەڵدەدات کاتێک ئامێرەکان ھەوڵ دەدەن جێگەی سۆز، ئەزموون و ئازاری ڕاستەقینەی مرۆڤ بگرنەوە. ئەم بەرنامانە ئەگەرچیش خاوەنی ملیۆنان زانیاری و وشەن، بەڵام بۆ یەک ساتیش خاوەنی چەشتنی ژان، خۆشەویستی، شکانی دڵ و حەسرەتەکانی ژیان نین. کاتێک دەقێک لە ناخ و کڵپەی سۆزی ڕاستەقینەی مرۆڤەوە سەرچاوە نەگرێت، دەبێتە پەیامێکی سارد، بێگیان و دووبارە. لە کایەی ڕۆژنامەگەریشدا، بەرھەمھێنانی زانیاری لەبریکەکراو، متمانەی گشتی بەرامبەر قەڵەمی ئازاد و ھەواڵی بێلایەن لاواز دەکات.
سەرەنجام، حەقیقەتی نووسین ھەرگیز لەناو کۆد و ھێڵە ساردەکانی کۆمپیوتەردا گەشە ناکات. ئەو وشەی لە ناخ و ڕۆحی مرۆڤەوە دەنووسرێتەوە، زۆر جیاوازترە لەو دێڕانەی ئامێرێک ڕێکیان دەخات. ھەزاران زانستی فەلەک و تەکنەلۆجیا بێنە پێشەوە، ھەرگیز ناگەنە ئەو کڵپەیەی لە ناخی نووسەرێکدا بۆ خوڵقاندنی دەقێک چەکەرە دەکات. نەمری ھەر بۆ ئەو وشانەیە کە بە خوێن و ھەستی ڕاستەقینەی مرۆڤ دەنووسرێنەوە.