یاسای بەهێزکردنی "تەبایی نیشتیمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" کە لە ڕێککەوتی ١٠/٨/٢٠٢٦دا لە پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگەکان پەسند کرا، جەغت لەسەر ئازادکردنی بەشێ لە زیندانیان، چۆنیەتی خۆدانەدەست و هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) دەکاتەوە. لەم یاسایەدا لە دوور و نزیک ئاماژە بە مافە کەلتوری و ڕامیارییەکانی یا نەتەوەییەکانی نەتەوەی کورد ناکرێت. وشەی کورد لە یاساکەدا بوونی نییە و بەجۆرێک ناڕاستەوخۆ جەغت لەسەر قەدەغەیی ئەم وشەیە دەکرێتەوە. بەپێی ئەم یاسایە سەیری جۆری سزای زیندانییەکان دەکرێت، ئەوانەی بە ٥ یا ١٠ ساڵ سزای زیندانییان لەسەرە دەکرێ ئازاد بکرێن، بەڵام ئەوانەی سزای قورسیان لەسەرە ئازاد ناکرێن. یاساکە ئاماژە بە ئازادکردنی سەرۆکی پەکەکە ئۆجەلان ناکات، واپێدەچێ تورکیا وەکو کارتێک لە مستی خۆی ڕایگرتووە. ئەم لیژنەیەی بۆ جێبجێکردنی یاساکە پێکدەهێندرێت بریتین لە جێگری سەرۆک کۆمار، وەزیری داد، وەزیری ناوخۆ، وەزیری بەرگریی نیشتیمانی، سکرتێری گشتی سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میت و سکرتێری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی. گریمان لەسەردەمی بەعسدا لێژنەیەکی لەم شێوەیە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چەککردن و خۆدانەدەستی پارتێکی باشوور دروست ببوایە و لیژنەکە لە لایەن عیزەت دوری، عەلی کیماوی، عەدنان خەیڕوڵا و سوڵتان هاشم و نەزار خەزرەجی و ئەو بابەتانە بەڕێوە چووبا، چ چاوەڕوانیەک لەم لیژنەیە دەکرا؟ هەموو ئەو بەرپرسە تورکانە تاسەر ئێسقان دژی کورد و مافەکانی کوردستانن، هەمووی یەک لە یەک ڕەگەزپەرستتر و شۆڤینیترن. ئەوانەن بە وردی جێبەجێی یاساکە سەبارەت بە زیندانیەکان و خۆدانەدەستی ئەندامانی پەکەکە دەکەن. ئەوەی پەکەکە ناوی لێناوە پرۆسەی ئاشتی و بە برایەتی تورک و کورددا هەڵ دەدات، ڕێککەوتن و ڕازیبوونە بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی پەکەکە لەژێر چاودێری بەرپرسە فاشیستەکانی تورکیادا. دیارە پەکەکە ڕەتی ئەم یاسایە دەکاتەوە و دەڵی ئازادکردنی ئۆجەلان هێلێ سوورە. بەڵام داننان بە چەمکی کورد و کوردستان و ئاماژەیەک بە مافەکانی ٣٠ -٤٠ ملیۆن کوردی ژێردەستە مەرج نین. هەر لەسەرەتاوە پەکەکە جەغتی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە کورد وەکو تورک دەگەنە یەک ئاستی یەکسان و چیتر تورکیا هی تەنها تورک نابێت بەڵکو کوردیش هاوشانی تورک هەموو مافێکی دەبێت. چەمکی گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی گەلانی تورکیا لە پرۆسەی ئاشتیدا لەژێر سەرپەرشتی ئاپۆدا جەغتی لەسەر کراوەتەوە، وەکو سەرۆکی پەکەکە ئۆجەلانیش لە لایەن خۆیەوە بانگاشەی یەکگرتوویی و یەکسانیی لە نێوان تورک و کوردا کردووە و داوا دەکات سیاسەتی ڕگەزپەرستی دەوڵەتی نەتەوەیی بە دیموکراسی و یەکسانی لە بۆتەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا بگۆڕدرێت. بەرزکردنەوەی ئایدۆلۆژیای کۆمەڵگەی دیموکراتی سۆسیالیستی گرنگی تایبەتی پێدەدرێت. دەکرێ بگوترێت سەرۆکی پەکەکە بۆ مێژوو دەگەڕێتەوە و دەچێتەوە سەر بەڵێنەکانی برایەتی تورک و کورد کە لە لایەن کەمال مستەفاوە بەر لە ڕاگەیاندی کۆماری تورکیا لە ساڵی١٩٢٣دا بە کوردەکان درا، وەکو کوردەکان ڕۆڵی گرنگیان لە بنیاتنان و پێگەیاندنی کۆماری تورکیا گێڕا. بەڵام ئەو بەڵێنانە هەگیز جێبەجێ نەکران، بەپێچەوانەوە مستەفا کەمال تا کاری بە کوردەکان بوو بەکاری هێنان و لە بەرەکانی جەنگدا بە کوشتی دان، کاتێ کاری بە کورد نەما دەستی بە لەناوبردنی کورد و قەدەغەکردنی بەها کەلتوری و نەتەوەییەکانی کورد کرد. ئەوسا سەرانی تورک لە بەڵێنەکانیان لایاندا و سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەیان گرتەبەر. ئاپۆ دەڵێت ئێستا کاتی ئەوە هاتووە سیاسەتی چەوتی سەدەیەک جێبهێڵدرێت و جێبەجێی ئەم بەڵێنانە بکرێت و کوردیش وەکو تورک بوونی خۆیان لەم دەوڵەتەدا ببینن. ئەردۆگان ئەویش لە لایەن خۆیەوە دەڵێت کورد و تورک یەک جەستەن و لە یەکتر جیاناکرێنەوە، تەناتەت دەڵێ بەردەوامین لە پارێزگاریی لە مافەکانی کورد لە وڵاتانی دراوسێدا. بە کردەوە تورکیا بەشێکی ڕۆژئاڤا و بەشێکی باشووری کوردستانی داگیرکردووە، تاکو ئەو ساتەی کورد ناچاری ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی جۆلانی نەکرا ڕۆژانە لە کورد کوشتن بەردەوام بوو، تیرۆری کوردان لە باشووری کوردستاندا دەکات، کەرکوک بە شارێکی تورک دادەنێت و دەیخەنە لیستی شارە تورکیەکان و هتد.
ئۆجەلان و پەکەکە بە دوای ئەندێشەیەکی ناڕیالیستانە کەوتوون، لەم جیهانەدا دەخولێنەوە و بانگاشە بۆ چارەسەر لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا دەکەن، هەرچی تورکیایە بیر لە نەهێشتنی پەکەکە و خەباتی چەکداریی پەکەکە دەکەنەوە، پرۆسەیەکە لەسەرەتاوە ناویان ناوە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر، واتە پەکەکە تیرۆریستە و ئەوان لە ڕێگەی ئەم پرۆسەیەدا کۆتایی بە تیرۆر دەهێنن. دوو دیدی دژ بەیەک و تەواو لە یەکتر جیاواز، یەکێ لە خەیاڵی دەستەبەربوونی یەکسانی و مافی گەلانە و یەکێ کار بۆ نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورک دەکات و بەهیچ جۆرێک دان بە بوونی کێشەی نەتەوەیی نە کورد نە هیچ نەتەوەیەکی دی لە تورکیادا نانێت. تورک ئاماژە بە کێشەیەک دەکەن کە لای ئەوان کێشەی تیرۆرە، هەرچی پەکەکەیە ئاماژە بە بەدەستهێنانی قۆناغێک لە تورکیادا دەکەن کە ئەندێشە و یۆتۆپیایە.
پێویستە بگوترێت پرۆسەی ئاشتی لە نێوان دوو لایەندا دێتە کایەوە، لە بارێکدا هەردوولا دان بە بوونی ناکۆکیە دەنێن، لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ یەکتر دادەنیشن و تاوتوێی داواکارییەکان دەکەن، بەڵام پرۆسەیەکی لەم شێوەیە بوونی نەبوو و نییە. نامەکانی ئۆجەلان بە هیچ جۆرێک ئەم واتایە نادەنە دەست جگە لە خولانەوە لە ئەندێشەی چارەسەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک نەبێت و بانگاشەی برایەتی و یەکگرتوویی کورد و تورک و خەونی یەکسانی نەبێت، کە لای سەرانی تورکیا وەکو ئامرازێکی هەڵخەڵەتاندن و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانی تورک سەیری کراوە و دەکرێت. لە بنەڕەتدا ئەم پرۆسەیە پڕۆسەی ئاشتی نەبووە و هیچ دانپێنانێکی بۆ مافە نەتەوەییەکانی کورد تێدا نەبووە. ئەگەر سەیری ناوەکەی پێشوو و ئێستا بکەین، ئەوەی یەکەم پڕۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" بوو ئێستا ناویان ناوە "تەبایی نیشتیمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی." بەڵام تەبایی نیشتیمانی لەسەر چ بنچینیەکدا لە کاتێکدا نکۆڵی لە مافی نەتەوەیی گەلێکی دەیان ملیۆنی دەکرێت. ئایا کێشەی کورد کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە؟ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی جگە لە چەمکێکی ناگونجاو و فێڵاوی هیچی دیکە نیە. تورک کار لەسەر پارێزگاریی بەرژەوەندی ناسیونالیستی تورک دەکەن و لەسەر ئەم بنچینەیە ئامادەکاریی دەکەن.
لە وتارێکی پێشوومدا ئاماژەم بەوە کردبوو کە سەردەمی خەباتی چەکداریی بەسەر چووە و پێویستە بیر لە جۆری خەباتی سەردەمیانە بکرێتەوە بە جۆرێک خاک و مرۆڤەکانی نەکاتە سووتەمەنی. وەکو پەکەکە ئاماژەی بۆ دەکەن ئەوان ئاشبەتاڵ ناکەن و شێوەی خەباتیان دەگۆڕن، چۆن لە دوای نەمانی خەباتی چەکداریی خەبات دەکەن ئەوە دواڕۆژ پیشانمانی دەدات. دیارە پەکەکە و سەرۆکی پەکەکە دەیانەوێ کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنن، ئەوان بەوە ڕازین بەم شێوەیە چەکەکانیان دابنێن، بە تایبەتی ئەگەر ئاپۆ ئازاد بکرێت واپێدەچیت ئەوان ئامادەن ملکەچی ئەم یاسایە بن، لەگەڵ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە مافی نەتەوەیی کورد نییە، هەروەها هەموو زیندانییەکان ئازاد ناکرێن و زۆر لە ئەندامانی سەرکردایەتی و خواروو لێبووردن نایانگرێتەوە. ئاشکرایە ئەوەی ئێستا تورکیا جەغتی لەسەر دەکاتەوە نەهێشتنی پەکەکەیە، وە سووڕە لەسەر سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی خۆی.
وەکو گەڕانەوەیەک بۆ دواوە و ئاماژەیەک بە بانگاشە بەراییەکانی پەکەکە سەبارەت بە پڕۆسەکە، ئەوەی تورکیا لەم یاسایەدا ئاماژەی بۆ کردووە، ئەوە نییە کە پەکەکە بانگاشەی بۆیان دەکرد. ئەوسا لە لایەن بەرپرسانی هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا ئومێدی دەستەبەربوونی جۆرێک لە مافی کەلتوری بۆ کوردەکان هەبوو، بەڵام هەنگاوەکانی تورکیا ئاماژە بەوە ناکەن و دانپێنانێک لەم بارەیەوە نییە.
لە کۆتاییدا پێویستە بیری بخەینەوە کێشەی کورد کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، کێشەکە سنووری مافی هاوڵاتیبوون تێدەپەڕێنێت. کێشەی کورد کێشەی نەتەوەیەکی خاک داگیرکراوە، بانگاشەی برایەتی تورک و کورد نەک چارەسەری کێشەکەی ناکات، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ بانگاشەی درۆینەی هاوڵاتی بوون و یەکسانی هاوڵاتیان کە تورکیا هەمیشە بانگاشەی بۆ دەکات، کە دوورە لە ڕاستیەوە. نەتەوەی کورد خاکی ناڕەوا داگیرکراوە و داگیرکەران وەکو کۆلۆنیالیستی ناوچەیی خێروبێری وڵات دەبەن، وەکو نەتەوەی ڕەگەزپەرست لە هەوڵی تواندنەوە و تێکشکاندنی نەتەوەی کورددان، خەریکی گۆڕینی دیمۆگرافیای بست بە بستی خاکەکەین، دژی بەها نەتەوەییەکانی دەوەستنەوە، خەڵک لە وڵاتەکەی دەردەپەڕێنن، لە دەرفەتی گونجاودا کۆمەڵکوژیی لە ئاستی تاوانی گەلکوژیی دژ بە کوردان ئەنجام دەدەن.