نان نیە، ڤیستیڤاڵ بخۆن

د. ئەمیر حسێن
  2026-10-12   

(نان نیە با پسکیت بخۆن)، ئەم ڕستەیە بەدرێژایی مێژوو وەک سیمبولێک بۆ تێڕوانینی چینی دەسەڵاتدار و بێ ئاگاییان لە بارودۆخی ژیان و برسیەتیی خەڵک هێنراوەتەوە، کە زۆرجار دەخرێتە پاڵ ماری ئەنتوانێتی هاوسەری لویسی شانزەهەم، گوایە کاتێک شۆڕشگێڕە برسییەکان داوای نانیان کردووە، ئەو گوتویەتی: (ئاساییە، نان نییە با پسکیت بخۆن!). لەوکاتەوە ئەمە بووەتە پەندێک بەرامبەر هەر دەسەڵاتێک کە لە خەمی قەیران و مەینەتیەکانی کۆمەڵگاکەیدا نەبێت.

ئەوەتا دەسەڵاتدارانی ئێمەش، بەرامبەر ئەم هەموو قەیرانە وجودییەی وەک مەترسی هەڕەشە لە چارەنوسمان دەکەن، تەنها خەریکی سازدانی ڤیستیڤاڵی جۆراوجۆر و پێشانگای سەیروسەمەرەن. وەک ئەوەی بە هاوڵاتیان بڵێن: ئاساییە، کێشەتان هەیە، پێشانگاو ڤێستیڤاڵ بخۆن!

ئەمەش ڕەچێتەی چارەسەری حەکیمانەی دەسەڵاتە لە ئێستادا، بۆ بەشێک لەو قەیرانانەی بەرۆکی ئەم میللەتەیان گرتوە:

لەبەرامبەر قەیرانی سیاسی، ڤیستیڤاڵی باینجان و کولەکە، لەگەڵ دوو کەچک کۆنسێرتی دانولە.

لەبەرامبەر قەیرانی ئابوری، دوو ڤیستیڤاڵی هەنار، پێشبڕکێیەکی شاجوانی پشیلە و نمایشێکی جلوبەرگ.

لەبەرامبەر قەیرانی سوتەمەنی، دووشەوە ئاهەنگی پارکی ئازادی و ڤیستیڤاڵێکی مرادخانی.

لەبەرامبەر قەیرانی موچە، هەفتەیەک کۆنسێرت بۆ هونەرمەندانی تورک و عەرەب و فارس لەژێر ناوی (پێکەوەژیانی کولتورە جیاوازەکان!).

بۆ قەیرانی نرخی دۆلار، ڤیستیڤاڵێکی VIP لە حەوشەی پشتەوەی بازاڕی دۆلارەکە.

بەرامبەر قەیرانی کارەبا، ئاو، دزی و گەندەڵی، شەش مانگ بۆخۆتان هەڵپەڕن و ساڵی دووجار تازەی بکەنەوە.

بەرامبەر قەیرانی بێکاری و سەرهەڵگرتنی گەنجان، ڤیستیڤاڵی شەپقە، شۆڕتی سێچارەگی و نێرگەلە، لە پەنا جۆگە و ڕوبارەکان.

بەرامبەر قەیرانی نادادی و پێشێلکردنی ماف و ئازادی، دوو جورعە پێشانگا و سێ ڤیستیڤاڵی کۆتر و پەلەوەری خۆماڵی، لەگەڵ دیدارێکی پڕ لە میوە و خواردنە کوردەوارییەکان.

ئەرێ بەڕاست ئەمە ڕەچێتەی چارەسەری کێشەکانی وڵاتێکە، کە لە لایەک زیاتر لە دوو ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا پەڕلەمانەکەی کۆنەبۆتەوە و حکومەت پێکنەهاتووە؟ لە لایەکی ترەوە ئابوورییەکەی زیاتر لە (30) ملیار دۆلار قەرزدارە، لە هەمووشی گرنگتر گەلەکەی خەون بە دەوڵەتەوە دەبینێ، لە پێناویدا دەیان هەزار قوربانیی بەخشیوە و سەدەیەکە بێوچان تێدەکۆشێ و کارەساتی ئەنفال و کیمیایی تێپەڕاندوە. کەچی ئێستا هەموو هێزەکان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە دەستەو دوعا وەستاون بەڵکو (پارتی و یەکێتی) تەنها کۆببنەوە، لەولاشەوە ناوچەکە وەک مەنجەنیق دەکوڵێ و بۆتە جەنگی مەغڵوبە و هەر چوار دەورمان پڕە لە مەترسی و هەڕەشەی جۆراوجۆر؟!

لە کۆتاییدا، ڤیستیڤاڵ و پێشانگا و ئاهەنگ و بۆنەکان گرنگ و پێویستن، دەکرێت وەک نیشانەیەک بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی تەماشا بکرێن، بەڵام بە مەرجێک لەسەر بنەمای تەندروست و سروشتی خۆیان سەرپێ بخرێن. کاتێک ئامانج تەنها سڕکردنی کۆمەڵگا و داپۆشینی ئەم هەموو قەیرانە قورسە بێت، ئەوا بێگومان ڤیستیڤاڵ دەبێتە قەڵای درۆ و ڕەمزی هەڵخەڵەتاندن و تەنها دەرفەتێک بۆ لەبیر بردنەوە و خاڵیکردنەوەی توڕەیی و نیگەرانیەکان، لێرەوە ئیتر بە دڵنیاییەوە ڤیستیڤاڵ و پێشانگاو ئەم جۆرە چالاکیانە، پەیام و واتاو ئامانجە ڕاستەقینەکەی خۆیان لەدەست دەدەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
بەفەرمی؛ یەکێتی دەرگای بەشداریی لە حکومەت داخست و پۆستەکانی چۆڵ کرد
مۆدێلی نوێی ئۆجەلان بۆ چوار پارچەی کوردستان؛ لە کەرکوکەوە تاوەکو شنگال و ڕۆژهەڵات
مه‌لا شڤان: به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانم نه‌كردایه‌ یه‌كێتی نیو ملیۆن دۆلاری پێده‌دام
لافاوەکەی هەولێر قوربانیی لێکەوتەوە؛ شۆفێرێکی خۆبەخش گیانی لەدەستدا و منداڵێکی 5 ساڵانیش بێسەروشوێنە
نهێنییەکانی پشت شکستی حووسییەکان لە کۆنترۆڵکردنی تەعز؛ شاخەکان و ستراتیژیی سەربازی چۆن هاوکێشەکەیان گۆڕی؟
عێراق: توركیا ده‌ستده‌كات به‌ راده‌ستكردنه‌وه‌ی قۆناغ به‌ قۆناغی سه‌ربازگه‌ی باشیك
گرژییەکانی سەر پرسی چەک لە عێراق قووڵتر دەبنەوە؛ سەرۆکوەزیران هۆشداریی توند دەداتە گرووپە چەکدارەکان
نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی ئێران تاوتوێی "هاریکاریی ئەمنی" ده‌كه‌ن
لە سبەینێوە "هاوینە بچووک" ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات؛ هۆشدارییەکی بەپەلە دەدرێتە جووتیاران
گادی ئایزنکۆت؛ ئەو ژەنەراڵە بێدەنگەی بە پشتیوانیی عەرەبەکان کۆتایی بە سەردەمی نەتەنیاهوو دەهێنێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×