جاشایه‌تی له‌ میدیا-دا

لوقمان غه‌فور
  2019-06-02     1567
رێگه‌ به‌ عه‌قڵی هه‌رزه‌كارانه‌‌ مه‌ده‌ن، میدیاكانتان به‌رن به‌ڕێوه‌، چونكه‌ دواجار به‌هۆی ناكامڵی عه‌قڵیانه‌وه‌، كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و فه‌وتان ده‌به‌ن. ئه‌مه‌ دێرێكی سه‌رنجڕاكێش بوو كه‌ ئه‌مڕۆ خوێنده‌مه‌وه‌ له‌ كتێبی (فرۆشتنی میدیا) كه‌ له‌نووسینی چارلس وۆرنه‌ر-ه‌و مانگی پێشوو كه‌وته‌ نێو كتێبخانه‌كانی ئه‌مریكاوه‌.
من رۆژانی یه‌كشه‌ممه‌م داناوه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی كتێب له‌سه‌ر میدیا، جا ده‌شێت كتێبێك به‌ پێنج بۆ شه‌ش هه‌فته‌ ته‌واو بكه‌م، ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ ئه‌م كتێیه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌، جارجاره‌ش له‌رێگه‌ی فه‌یسبووكه‌كه‌مه‌وه‌ چاوم ئه‌چێته‌ سه‌ر هه‌واڵی سایت و رۆژنامه‌ كوردییه‌كان، ئیدی ماته‌مینی جه‌سته‌م داده‌پۆشێت. كاتێك له‌ئێستادا سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ی چارلس وۆرنه‌ر-م به‌ناوی فرۆشتنی میدیا-مه‌به‌ست لێی بازاڕپه‌یداكردنه‌ بۆ میدیا- هێزێكی نوێ ئه‌به‌خشێت به‌و زانیارییانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر میدیا هه‌مه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی تر میدیای كوردیم لا بێنرخ تر ده‌كات.
ئه‌م كتێبه‌ گه‌یاندومیه‌تییه‌ راده‌یه‌ك، ئه‌وه‌ی ئێستا به‌رێوه‌ده‌چێت به‌شێكی زۆری له‌ میدیا ده‌رچووه‌ بووه‌ به‌ بڵاوكراوه‌ی (پروپاگه‌نده‌ و واته‌وات)ی به‌رپرسه‌كانی حزبی كوردی. له‌ یه‌ك ساتدا كه‌ له‌یه‌كتری گیرده‌كه‌ن و ده‌مه‌قاڵێ و گرژبوونی سیاسی ده‌كه‌وێته‌ نێوانیان، رووی راسته‌قینه‌ی سیاسه‌تی میدیای فاشلی ئه‌و سایت و رۆژنامانه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌مانه‌ ئێستا له‌ میدیای حزب ده‌رچوون، هه‌ر به‌رپرسێكی حزبی به‌تایبه‌تی یه‌كێتی و پارتی كۆمه‌ڵێك هه‌رزه‌كاری له‌ خۆی كۆكردۆته‌وه‌و پاره‌یه‌كی خستۆته‌ به‌رده‌ستیان و سایتێك یان كه‌ناڵێكی كردۆته‌وه‌ بۆ تێكشكاندنی ئێسكوپروسكی یه‌كتریی و نه‌یاره‌كانیان. تۆ دیقه‌ت بده‌! چارلس وۆرنه‌ر ده‌ڵێت:"هه‌رگیز رێگه‌ نه‌ده‌ن كه‌سێك به‌رپرسیاری ژووری هه‌واڵ و كۆی میدیاكه‌ی بكه‌وێته‌ ده‌ست ئه‌گه‌ر له‌ ماهیه‌تی هه‌واڵ و كاریگه‌رییه‌ باش و خراپه‌كانی نه‌زانێ! هه‌رگیز مه‌هێڵن كه‌سێك به‌رپرسیارێتی میدیای بكه‌وێته‌ده‌ست ئه‌گه‌ر راكه‌ڕاكی نه‌كردبێت به‌شوێن هه‌واڵدا و خۆی هه‌واڵساز نه‌بووبێت" جا من ئه‌م وته‌یه‌ ده‌گوازمه‌وه‌ بۆ ئه‌و منداڵبازاڕه‌ میدیاییه‌ی كوردستان و ده‌پرسم، ئه‌و به‌رپرسه‌ میدیایی و سه‌رنووسه‌ری ژووری هه‌واڵانه‌ كامانه‌ن كه‌ هه‌واڵه‌كه‌یان ئیتیكی تیابێت و بتوانن دوو له‌ لایه‌نداری داڕێژن، چه‌ند له‌و كه‌سانه‌ی به‌رپرسیارێتی میدیاییان هه‌یه‌ رۆژێك په‌یامنێر بوون و به‌دوای هه‌واڵدا رایان كردووه‌؟! بێگومان به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌بژێردرێن.
ئه‌مه‌ بۆچی؟ یاخود ئه‌م سه‌لیقه‌یه‌ بۆ گرنگه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی رووده‌دات له‌ كورته‌ی هه‌واڵێكه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌ڵامی پێنج پرسیاره‌كه‌ ئه‌داته‌وه‌، له‌وێوه‌ ئه‌بێت به‌ هه‌واڵێكی چڕ و پڕ و دواتر به‌ ریپۆرت. خۆ ئه‌گه‌ر میدیاكارێك به‌سه‌لیقه‌و وردێتییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كورته‌ هه‌واڵێكدا نه‌كرد، به‌دڵنیایی له‌گه‌ڵ كۆی كه‌ناڵه‌كه‌ راستگۆ نابێت، له‌وێوه‌ له‌گه‌ڵ كوێ رای گشتیدا كۆك و راستگۆ نابێت و ئه‌بێت له‌ڕێ لاده‌ری كۆمه‌ڵگه‌. ئه‌وه‌ی ده‌یبینین وه‌هایه‌ وێبسایته‌ كوردییه‌كان كه‌وتونه‌ته‌ به‌رێ لادابردنی كۆمه‌ڵگه‌.
هه‌سته‌كه‌م دۆخێكی هێنده‌ خراپه‌ له‌میدیادا، كه‌ من به‌ دۆخی "جاشایه‌تی" ئه‌شوبهێنم، چونكه‌ له‌ئێستادا به‌كرێگرتنی رۆژنامه‌نووس بۆته‌ پیشه‌ی به‌شێك له‌ به‌رپرسه‌كان گه‌وره‌و بچوكه‌كانی حزبی كوردیی له‌ باشووری كوردستان. نایشامه‌وه‌ زۆرجار ده‌سته‌وسان دائه‌مێنم كه‌ نازانم په‌نا به‌رمه‌ به‌ر چ میدیایه‌ك كه‌ نووسینه‌كانمی تێدا بڵاوبكه‌مه‌وه‌ و نه‌بم به‌به‌شێك له‌و ئه‌جێندای جاشایه‌تییه‌. ئێستا به‌شێك له‌و گه‌نجه‌ تازانه‌ی نێو میدیا كه‌وتونه‌ته‌ ناو گێژاوی ئه‌و جاشایه‌تییه‌وه‌ به‌رێبه‌ری چه‌ند كه‌سێك كه‌ ئه‌زموونێكی پڕ ته‌پوتۆزاویی و ژه‌نگاویان هه‌یه‌ و ورده‌ ورده‌ ئه‌چنه‌وه‌ سه‌ر پلێته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌یان و ده‌زانرێت ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵه‌ ده‌یڵین له‌ درۆ به‌ولاوه‌ هیچی تر نه‌بووه‌و نییه‌. جاشایه‌تی له‌ میدیادا هیچی كه‌متر نییه‌ له‌و جاشایه‌تییه‌ی كه‌ خه‌ڵك بۆ به‌عسی ده‌كرد به‌چه‌ك، چونكه‌ هه‌ردووكیان له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كدایه‌ ئه‌ویش پاره‌یه‌.
به‌داخه‌وه‌ كاتێك ئه‌م وتاره‌ ده‌نووسم هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێكم پێ نییه‌ بۆ دۆخه‌كه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌ ئازاو ئازاده‌كانی ناو میدیای كوردی نه‌هێڵن درێژه‌ بدرێت به‌و سه‌رده‌می جاشایه‌تییه‌ی كه‌ له‌ میدیادا په‌یدا بووه‌ و هه‌ر به‌چكه‌ به‌رپرس و به‌رپرسه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سی راگرتووه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنی سایتێك و له‌ بۆنه‌و یاده‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كاندا باس بكرێت ئه‌م سایته‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی چ به‌رپرسێك كارده‌كات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×