ئەم گاڵتەجاڕییە چییە؟!

مەم بورهان قانع
  2019-06-11     1137
داخوازییەکی زۆر ساویلکانەو گاڵتەجاڕییە داوا لەسەرۆکی نوێی ھەرێمی کوردستان بکەیت؛ موچەکەی وەرنەگرێت‌و بیخاتە خزمەتی پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە، یان داوای لێبکەیت رێژەی ژنان لەنێو دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستاندا (کە ژمارەی فەرمانبەرەکانی ئەم دامەزراوەیە لەچەند سەد کەسێک تێپەڕناکات)، بگەیەنێتە رێژەی ٣٠% فەرمانبەرەکانی و ئیدی پێتوابێت: "بەم بڕیارە، سەرۆکایەتییەکە یەکسانیی جێندەریی رەچاودەکات و سەرۆکایەتییەکی پیاوسالاریی نابێت"! وەک چۆن پەرلەمانتارێکی پێشووی کورد لەپەرلەمانی عیراق، ئەم داخوازییەی لێکردوە!

بەلای منەوە وەکو پەرلەمانتارێک، ئەگەر سەرۆکی نوێی ھەرێمی کوردستان کە دوێنێ سوێندی یاسایی خوارد ئەو دوو داخوازییەیش جێبەجێبکات، ھیچ ئەرزشی نییە، بەڵکو دەبێت سەرۆکی نوێی ھەرێمی کوردستان، کە ئەندازیاری "پاشەکەوتی موچە"ی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانە، ئەولەویەتی کارەکانی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی موچە و ھەروەھا دانەوەی ئەو موچانە بێت کە نەدراونەتە فەرمانبەران و مامۆستایانی ھەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی دەبێت لەو سەدان ھەزار بەرمیل نەوتەی ھەرێم ئاگادارمان بکاتەوە؛ کە رۆژانە ھەناردەی دەرەوەی ھەرێم دەکرێت و چەند ساڵێکە لە سایەی سەرۆکایەتیکردنی حکومەتەکەی ئەودا، یەک پەرلەمانتاری کوردستان و تەنانەت ھاوڵاتییەکی کوردستانیش ئاگاداری چۆنێتیی فرۆشتن و داھاتەکەی نین.

یان: دەبێت شەفافییەت زامن بکات و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان و سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتەکانی حکومڕانیکردن و پارێزەری دیموکراسیی و فەراھەمکەری خۆشگوزەرانیی بێت، نەک بەخشینی موچەیەکی چەند ملیۆن دیناریی و دیاریکردنی رێژەی ٣٠%ی فەرمانبەرانی دامەزراوەیەکی چەند سەد کەسیی، بکرێتە دەسکەوت! لەکاتێکدا گەورەترین بێڕێزیی بەرامبەر بە مرۆڤ و بەتایبەتی رەگەزی مێینە لەم ھەرێمەدا دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی رۆژانە دەیان ملیۆن دۆلار لە ھەرێمەکەی سەرۆکی نوێی ھەرێمی کوردستان دا، بەھەدەر دەدرێن و لێپێچینەوەیشی لێناکرێت!

تکایە سەرۆکی ھەرێم، مانگانە موچەکەی خۆت وەربگرە و رێژەی ژنانیش لەنێو دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دا نەیشگەیەنیتە ٣٠%، ھیچ کێشەمان نییە و بەشبەحاڵی خۆم  گلەییشت لێناکەم، بەڵام گرنگە ئەو داخوازییانەی سەرەوە جێبەجێبکەیت و بەوەیش خەڵکی کوردستان و ئەزمونی حکومڕانیی لە ھەرێمی کوردستان دا، سودمەندی یەکەم دەبن و سەروەریی بۆ حکومڕانییەکی ناسەروەر تۆماردەکەیت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×