چیمان لەگۆڕان ئەوێت!

ئارام ئەحمەد
  2019-06-14     1461
سەرەتا دەمویست، بزوتنەوەی گۆڕان پابەندنەبونی یەکێتی بە ڕێکەوتنی دەباشان و تەقەکردن لە گردەکە و وێنەی نەوشیروان مستەفا نەکاتە بیانو بۆ چونە باوەشی پارتی، چونکە پێش یەکێتی، پارتی بارەگاکانی گۆڕانی سوتاند، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی لە حکومەت دەرکرد، بە تۆمەتی تیرۆریش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نەوشیروان مستەفا دەرکرد.

ئەوەم دەوێ لە گۆڕان بزانم، کە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی ئاوا ئاسان بوو، ئەی نەوشیروان مستەفا بۆ نەیکرد؟ تۆ بڵێی ئەقڵی  پێنەشکابێت وەک یوسف محەمەد وعەلی حەمە ساڵح بەچوار دێر بە خێزانیکردنی سیستەمی سیاسی لەکوردستان بچەسپێنێت و ئاوێک بکات بەو ئاگرەدا؟ ئەگەر ئەمە خواستی کاک نەوشیروانە وەک خۆتان دەڵێن، کەواتە یەکێکتان ڕاست دەکات، یان ئێوە درۆ بە دەم کاک نەوشیروانەوە دەکەن، یان نەوشیروان مستەفا لەگەڵ خەڵکدا راستی نەکردوە، ئەی ئەمە تۆمەتبارکردنی ناڕاستەوخۆی نەوشیروان مستەفا نیە بەوەی ئەو ھۆکاری کێشەکان بووە لەگەڵ پارتی و بە مردنی ئەو، ئێوە ھیچ کێشەیەکتان لەگەڵ پارتی نەما، وەک ھوشیار زێباری و فازل میرانی لە دوو چاوپێکەوتنی جیادا ئاماژەیان پێکرد کە دوای  نەوشیروان مستەفا گۆڕان ئاقڵ دەبێت.

ئەوەم لە گۆڕان دەوێت بزانم، لەسەر کام پرنسیپ و مژدە و قسە خۆشەکانی جارانی ماوە، چۆن چۆنی سیستەمی حوکم دەگۆڕێت؟ ئەی شەفافیەتەکەتان وەزعی چۆنە؟ لە کاتێکدا بەم دەست و بەودەست پارە لە پارتی و پێشتریش لە یەکێتیتان وەردەگرت، دەمێکە گوێم لێنەبووە باسی گێڕانەوەی موڵک وماڵی گشتی بکەن؟ ئەوە لە دەست او دەسکردنی دەسەڵات ھەر ناپرسم، چونکە چوارساڵە ھەڵبژاردنێکی شەقوشڕی ناوخۆیتان بۆ ناکرێ و دامەزراوە کارتۆنیەکانیشتان دوو ساڵە ھیچ شەرعیەتێکی نەماوە، تەوریسی سیاسی و بەخێزانیکردنی حیزب  لەولاوە بوەستێت، شتێکتان ماوە ناوی جیاوازی بێت لەگەڵ پارتی و یەکێتی؟.

پێش ئەمانەیش دەمویست بزانم، کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا بەچ ھەقێ، پاڵپشت بە کام بڕگەی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان بوون بە خەلیفەی باوکیان؟ نەوشیروان مستەفا نەیتوانی پەیام و بەرنامەکانی گۆڕان لە بارەی تەوریسی سیاسی بە باشی بگەیەنێتە مناڵەکانی یان منالەکانی گوێیان لێنەگرت؟ بۆ موڵک و ماڵی گشتیش بە ھەمان شێوە، گرد و تەلەفزیۆن وکۆی ئەو پرۆژە بازرگانیانەیان بە چ ھەقێ لەسەر خۆیان تاپۆ کرد؟ لە کاتێکدا نەوشیروان مستەفا لەژێر ناوی گۆڕینی ژیانی خەڵک و سیستەمی سیاسیدا خاوەندارێتی مەعنەوی دەکردن، ھەر بەجدی خەونی نەوشیروان مستەفا ئەوەندە بچوک بوو یان کورەکانی وەک خۆیان بچوکیان کرد؟.

ھەقی خۆمە بزانم، ئەم کورانەی نەوشیروان مستەفا بۆچی وەک ئەو بانگەشەیەی باوکیان دەیکرد، لەسەر بنەمای خولقاندنی دەرفەتی یەکسان لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان نەھاتنە پێشەوە، یان ئەگەر ھەر بە بەستەرەی خوێنیش ھاتنە پێشەوە، بۆ لە بری ئەوەی بەیەک مەسافە لە تەواوی گۆڕانخوازان بوەستن و چەتری کۆکەرەوەی جیاوازییەکان بن، کەوتنە گردکردنەوەی کۆمەڵێک  قەرەچ وسواڵکەری ھاوردەکراو وجوێنفرۆش و بەریانداونەتە گیانی خەلکە دڵسۆزو ماندوەکەیان گۆران.

دەمویست بزانم، ئەم بێمنەتی ودەرپەڕاندن و دەستبەرداربونە لەو ھەموو خەڵکە دڵسۆزو خوێنەوارەی گۆڕان لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، حاڵی شەق وشڕی گۆڕان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە کۆمەڵێک خەڵکی بێبەھرە و ھیچ نەزان و خۆپەرست  ئیدارەی بزوتنەوەکە دەکەن کە لە خوار گیرفانی خۆیانەوە ھیچی تر نابینن، حەزمەکرد بزانم ئەمانە نیازیان چییە وا بێمنەتانە بە گۆڕانە نارازیەکە ئەلێن بڕۆن حیزب دروست بکەن، بەڕاست لەمە خراپتر چی بەسەر گۆران دەھێنن؟ ڕەنگە دڵیان بەوە خۆشبێت پارتی لە ھەڵبژاردنی ئایندەدا تەزویریان بۆ دەکات یان  بە پارەی دزراوی خەڵک ئەوانیش دەکەونە خەڵک کڕین، ھەربەراست ئەمە ھیچی بەسەر گۆرانەوە ماوە کە نەوشیروان مستەفا باسی دەکرد؟.

ئەوەشم دەوێت لە گۆڕان بزانم، ئەو کە لەسەر بنەمای ڕوبەرو بونەوەی گەندەڵی و بێدەنگنەبوون لە ناعەدالەتیەکان دروستبووە، چۆن ئێستا چاو لە وەزیرو بەرپرسە دزەکان دەنوقێنێ، بگرە ستایشیشیان دەکات لەبەر ئەوەی پارە بۆ بزوتنەوەکە پەیدادەکەن، بەڵام لەسەر ڕەخنە گرتن خەڵکە دڵسۆزەکە دەردەکات؟ ئەمە چ فڕێکی بە گۆڕان و بیری گۆرانکارییەوە ماوە، دزیان پێباشترە لە ڕەخنەگر!.

ئەمەوێت بزانم، بۆچی بۆ گۆڕان ئاسایی بوو ڕەخنە لەئەرز و ئاسمان بگرێت، بەڵام ڕەخنە لە گۆران ڕەجم و خۆبەتاڵکردنەوە بێت! بۆچی ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی بۆ یەکێتی حەرام ودارشەقبوونە، بەڵام بۆ گۆڕان حەڵاڵە و لەپێناو خەڵکە و بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانییەتی، لە کاتێکدا گۆڕان ویەکێتی و خەڵکیش دەزانێت، کە پارتی یاری بە ھەردووکیان دەکات و دژ بە یەکتر بەکاریان دەھێنێت.

ئەوەم دەوێت لە گۆڕان بزانم، بێئومێدکردنی خەڵک و کوشتنی متمانە و بازرگانیکردن بەدەنگییەوە خیانەتکردن نیە؟ باشە گۆڕان بۆ ئەوە دروست بوو کێبرکێی ناشیرینی لەگەڵ یەکێتی و پارتی بکات، یەعنی ھیچ نەماوە خیانەتکردن نەبێت تا خۆیانی پێبەراورد بکەن لەگەڵ یەکێتی وپارتی؟ لەو ھەموو قسە زل و شیعاراتەوە ھاتونەتە سەر ئەوە؟ جارێ ناتوانین لەوەیش دڵنیا بین کە راست دەکەن چونکە وەک یەکێتی و پارتی ھێزی چەکدارتان نیە، ئەگەر بیانبێت دور نیە ئەوانیش وڵاتێک نەدۆزنەوە و کێشی  کوردستانی نەکەن.

ھەر بەجدی دەمەوێ بزانم، بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەندە خاڵی و بەتاڵ بووە لە خوێندەوار تا بە پاساونامەی کابرایەک لەژێر ناوی (چیتان لە گۆران ئەوێت) کە پڕەلە کوروزانەوە و شەرعیەتدان بە ڕاکشان و ملشۆڕی، ئاوا شاگەشکەیاربن و بەوخێراییە کۆستی گەنجێکی غەدرلێکراو لەبیر بەریتەوە، کە بەھیچ و خۆرایی خۆیکردە قوربانی  بەرژەوەندی کۆمەلێک گیرفانخواز و ساختەچی؟.

ئەم مەنتیقە لە قسەکردن و پاساوھێنانەوە بۆ شکست و تلۆر بوونەوەی گۆڕان، ھەمان ئەو مەنتیقەیە کە عومەری سەیدعلی و پیرو پەککەوتە و گەنجە گیرفانخوازەکان بۆ شکستەکانی گۆڕانی دێننەوە، ئەوان خۆیان بە ھۆکاری شکستەکان نازانن و ئۆباڵەکەی دەخەنە ئەستۆی خەڵک و ئەمو ئەو، کاکی نوسەریش سوژن لە چاوی خۆیدا نابینێت و باسی دەرزی ناوچاوی خەڵک دەکات.

ئەمجارە دەمەوێت بزانم، ھەربەجدی تا ئێستا نەگەیشتونەتە ئەو بروایەی شاری سلێمانی گۆرانی بەجێھێشتوە !، بەراستی سەیرە لە ٥٠٠  ھەزار دەنگەوە ببیتە ١٨٠ ھەزارو ھێشتا پێتوابێت خەڵک بەجێینەھێشتویت، ئەی ئەو شەوەی بە قەولی خۆتان پەلاماردران ھەر بۆتان ڕوننەبۆوە کە چەند دەورتان چۆڵە؟ بەوەشدا ھەرنەتانزانی خەڵک خواحافیزی لێکردون؟.

دەمەوێت ئەوەش بزانن، ئەگەر پارتی ویەکێتی جارێک شەرمەزار بن، ئەوا ئێوە دوو جار، ئەوان  بە ئاشکرا دزو گەندەڵ و سەرکوتکارن، بەڵام گۆران شەریکە دز و دەستبڕو متمانە کوژە، لەژێر ناوی عەدالەتخوازی و دژایەتیکردنی گەندەڵیدا بووە بە ھێزیکی مەترسیدار و بار بەسەر شانو قوتی خەڵکەوەو، زۆر بێچاوڕوانە لەکێبەرکێی توندایە لەگەڵ یەکێتی بۆ  جانتاھەلگری و پاشکۆیەتی پارتی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×