خۆسەغڵەتکردن لەقسەکانی هۆشیارو کاوە بۆ؟

مەلا فەرمان
  2019-06-14     1490
رەخنەو ئازادی رادەربڕین، بەدەنگەوەچونی کێشەکانی خەڵک‌و خۆ بەخاوەنزانین‌و بون بەمحامی خەڵک، رەخنەگرتن‌و لێپرسینەوە  لەدەسەڵاتی جیبەجێکردن لەئەرک‌و پرەنسیپە لەپیشینەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی رەسەنن. 

لە یەکێک لە بریار و راسپاردەکانی کۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانی رەسەن هاتوە ( گۆڕان کە بەشداری حکومەت دەکات، میدیاکەی لەگەڵ خۆی نابات). بەتایبەتی لەم کابینەیە هێشتا نازاندرێت ئایا گۆڕان بەشدارە لە دەسەڵات یان موچەخۆرە لەو کابینەیە. لە هەموو حێ‌ڵەتێکدا دەبێت راسپاردە و بریاری کۆنفرانس وەک خۆی جێبەجێ بکرێت " نابێت گۆڕان لەگەڵ خۆیدا میدیاکەشی بەرێتە دەسەڵاتەوە".  پێویستە خانەی راپەڕاندن و جڤاتەکان بەبێ هیچ لێکدانەوەیەک وەک خۆی جێبەجێی بکەن.

دو ٢ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەند کەیسێکی باشیان وروژاندوە، لەوانە:
پەرلەمانتار کاوە محمد:
بە فەرمی داوا لە بەڕێز عادل عبدالمهدی سەرۆک ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی دەکات کە داوا لە حکومەتی هەرێم ( بە تایبەتی بە ڕێزان نێچیرڤان بارزانی و ئاشتی هەورامی )، و نجمالدین کریم پارێزگاری پێشوی کەرکوک کە ناوەڕۆکی هەریەک لەم رێکەوتنانە ئاشکرا بکەن:

رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی تورکیا سەبارەت بە نەوت و غازی هەرێم کە بە (رێککەوتنی پەنجا ساڵە) ناسراوە. ئەم نەک هەر پرسێکی دارایی و قوتی خەڵکە بەڵکە پرسێکی نیشتمانیە. لەگەڵ وڵاتێک ئیمزا کراوە کە سەرۆکەکەی سەرۆکی ئەملا بە سەرۆکی عەشیرەت دەزانێ.

رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و پارێزگاری پێشووی کەرکوک (نەجمەدین کەریم) سەبارەت بە شایستەی پترۆدۆلاری کەرکوک کە لەساڵی (٢٠١٥) دا ئیمزاکرا.

پەرلەمانتاری ناوبراو لەفەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ناوەرۆکی ئەم هەنگاو و داواکارییە و هۆکارەکانی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن خستەڕوو.
پەرلەمانتار وشیار عبادللە
بەڕێزی بە هاوکاری و هەماهەنگی چەند پەرلەمانتارێکی دی دەیەوێت پێداگری بکات لە :
بە مەبەستی بەدواداچون بۆ پرسی نەوتی هەرێم سەردانی دادگای فیدرالی عێراق دەکەن و لیکۆڵینەوە لە سکاڵای وەزارەتی نەوتی عێراق دەکەن لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم.

بەڕێزی پیداگری دەکات و دەڵێت " دەبێت داهاتی نەوتی هەرێم بە یاسا چارەسەر بکرێت و لە ٤چێوەی سامانی عێراقدا لە خزمەتی دانیشتوانی کوردستان بێت، نەک لە دەستی نا ئەمیندا بێت و بخرێتە خزمەتی دەستە و گروپ و بە تاڵان ببرێت.

ئەمەی ئەم دو بەڕێزە قسەیان لەسەر کردوە و بەدواداچونی بۆ دەکەن، ویستی ناخی هەمو هەڵسوڕا و گۆڕانخوازێکە چونکە دەقاودەق ئەرکی خۆیان نەک هەر وەک پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕانی رەسەن جێبەجێ دەکەن بەڵکە ئەرکی وەفای خۆشیان وەک محامی خەڵکی کوردستان جێبەجێ دەکەن . ئەم هەنگاوانە نەک هەر جێی رێز و تەقدیرە بەڵکە دەبێت هەمومان پشتیوانیان بین. نمونەتان زۆر.

لە بری خۆسەغڵەتکردن، دەبو کادرەکانی پارتی و پەرلەمانتارەکانیان پشتیوانبونایا. ئەمە کارێکی یاساییە و بەندە بە پرسی نیشتمان و قوتی خەڵکەوە، رون و ئاشکرایە. بۆیە ناکرێ و نابێت و ناگونجێ ئەم کارەش وەک فشە و بیری نەتەوەیی ساختە و درۆ بەخەڵک بفرۆشرێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×