بێ چاکسازی ریشەیی لەکۆڵتان نابینەوە!
هۆشیار عەبدوڵا
2019-06-16   1222
ئێوە کە خۆتان دەڵێن دەبێ کێشەی نەوت بە یاسا و دەستور چارەسەر بکرێ ئێمەش هەر وامان گوتوە تاکە فەرقی قسەکانمان یەک شتە ، ئێمە دەڵێین بەشیوەیەک کە دەبێت داهاتەکەی لەبەرژەوەندی خەڵکدا بێت ئێوە لەم قسەیە بێتاقەتن چونکە خۆشتان دەزانن لە خۆتان و ئەجێندا مەترسیدارەکانتان زیاتر داهاتی نەوتتان نەخستۆتە خزمەتی هیچ شتێک!
بە دیدی ئێمە شەفافیەت و رونکاری لە مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان و گێرانەوەی داهاتەکەی بۆ خەڵک و دەرهێنانی لە دەستی مافیاکانی حزب ئەرکێکی نیشتیمانیی باڵایە و هەرگیز پاشەکشەی لێناکەین.
ئەگەر دەتانەوێت هەرێم بەهێز بێت ، ئەگەر دڵسۆزی نیشتیمانن، ئەگەر پەرۆشی هاونیشتیمانیانن،ئەگەر خەمی موچەی خەڵکتانە،ئەگەر ناتانەوێت بێ موچەیی روبکاتەوە خەڵک نەوتەکە رادەست بکەن ، یاسای موازەنەی ۲٠۱۹ جێبەجێبکەن ، یا بڵێن ئەوە داهاتەکەیەتی ، یا ئەو پارەیەی بۆ موچە دێت دابەشی بکەن و دیزە بە دەرخۆنەی مەکەن ، چونکە لەو هەمو گەندەڵیی و تاڵانیە بێدەنگ نابین .
باش بزانن و تێبگەن لە بواری مەلەفی نەوت و موچەی فەرمانبەران چاکسازی ریشەییمان دەوێت و چیتر نامانەوێ لە پێناوی گیرفانی چەند کەس و گروپێک کە داهاتی نەوتی بۆ دەروات گەلەکەمان،نیشتیمانەکەمان،هەرێمەکەمان باجەکەی بدات .
چاکسازی بکەن لە تۆمەتدروستکردن باشترە،دەست لە تاڵانی نەوت هەڵگرن لە تەخوینی ئێمە باشترە، چونکە هیچ خیانەتێک ناگاتە ئەوەی داهاتی ولاتەکەی خۆت ببەیت،موچەی خەڵک ببەیت ، بە سیستمی پاشەکەوت پارەی هەزاران فەرمانبەری بێچارە ببەیت و پێشت شەرم نەبێت باسی نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزی بکەیت .
ئەوەی دەمانەوێت چاکسازیە و بەس، بیکەن چاکە و خێر و بەرژەوەندی خۆتان و وڵات و خەڵکی تێدایە خۆتانی لێبدزنەوە دڵنیابن لەکۆڵتان نابینەوە .
هۆشیار عەبدوڵا
بەغداد
۱٥ی حوزەیرانی ۲٠۱۹
تێبینی ؛ پێویست ناکات پەیجی ساختە دروست بکەن، قسەکانمان بشێوێنن.. ئەوەی خوارەوە دەقی قسەکانمانە دەربارەی مەلەفی نەوت و سەردانمان بۆ مەحکەمەی ئیتیحادی! چیمان گوتوە کە لەبەرژەوەندەی خەڵک و خاکی خۆماندا نەبێت؟!