بێدەنگبوونی ئێران مانای تیا چونیەتی

دانا میرزا ڕەفیق
  2019-06-25     1148
ئەوەی زیاتر ئەمریکای زلهێز کردوە پارەکەیەتی نەک چەکەکانی. دۆناڵد ترەمپ لە هەموو سەرکردەکانی  پێشوی خۆی زیاتر لەمە گەیشتووە. سیاسیەکانی ئەمریکا لەوە باش گەیشتوون کە ئەنجومەنی ئاسایش زۆر جار بە دڵی ئەمان نەبووە و نابێت، بە تایبەتی ئێستا ڕوسیا دەیەوێ یاریچیەکی دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بێت. 

هەر بڕیارێک بە دڵی خۆی نەبێت ڤیتۆی ئەکات. ئەمەش شتێکی خراپە بۆ ئەمریکا ، زۆریش. کەواتە دەبێت ڕیگایەکی دی بدۆزنەوە تاوەکوو دوژمنەکانیان سڕکەن. ترەمپ ئەو ڕێگایەی بۆ ئەمریکا دۆزیەوە. چۆک بە بەرامبەرەکەت دادەیت لە ڕێگای ئابڵوقەی ئابووریەوە. ئەمریکیەکان ئەمەیان ئەوێت. هەر ووڵاتێک لە گەڵ سیاسەتی ئەمریکا دژ بێت ئابڵوقەی دەخاتە  سەر بە بێ ئەوەی پێویستی بە ئەنجوومەنی ئاسایش بێت.

ڕۆژهڵاتی ناوەڕاست ئەکوڵێ. بۆ ئەوەی ئاوەکە لە کوڵان کەوێت و سارد بێتەوە دەبێت دارەکانی ژێری دەر بهێنیت. وەکوو ڕۆژنامەنووسێکی عەرەب دەڵێ گەمژەییە خەریکی کووشتنی مێشولە بێت تاوەکوو جۆگەلەکە لەویا بێت بۆ ئەوەی نەجاتت بێت لە مێشولەکان دەبێت جۆگەلەکە ووشک کەیت. ئەمریکاش پێی وایە کە ئێران ئەو جۆگەلەیە و دەبێت ووشک بکرێت. 

ئیدی عێراق بە دڵی خۆی ئەبێت، ئەسەد کۆتای پێدێت، حیزبۆڵاش بچوک ئەبێتەوە، یەمەنیش ئەخاتە بەرەی هاوپەیمانەکەیەوە، ئیسڕائیلیش خەنی ئەبێت، ئەمریکا هەژموونی زیاتر ئەبێت....هتد. ئەمانە دەستکەوتی زۆر گەورە ئەبن بۆ ترەمپ گەر بۆی بچێتە سەر، دووبارە هەڵبژاردنەوەشی مسوەگەر ئەبێت.  

لە بەرژەوەندی ئێران نیە بێدەنگ بێت. بێدەنگ بوونی مانای کوشتنییەتی. ئابووری ئێران ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر ئەبێت، دەنگی ناڕازی لەناوەوە زیاتر ئەبێت، ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئەمەلیان بۆ دروست ئەبێت و خۆیان کۆ ئەکەنەوە، هاوپەیمانەکانی ئێرانیش نیگەران ئەبن...تاد کەواتە بە هەموو حیسابێک ئێران دەبێت شتێک بکات. خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان تەنها وزەیەکی دەروونیە، لە واقعدا هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ. تەقاندنەوەی دوو کەشتی نەوت (ئێران دەڵێ من نەبووم) گەر ئێران بوو بێت کارێکی هەڵە بووە، ئەم جۆرە کارانە بەرەی ئەمریکا فراوانتر ئەکات. 

سێ بۆچونی جیاواز لە ئەمریکادا هەیە:
یەکەم: پێان وایە برسی کردنی ئێران کارێکی خراپە، ئێران بێدەنگ نابێت و دواتر دەکەوینە شەڕ لە گەڵی. ئەم بۆچوونە زیاتر ئەو کەسانەن کە دژی ترەمپن بە تایبەتی ئەوانەی لە گەڵ ئۆبامادا بوون چونکی لە کاتی ئۆباما  ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئیمزا کراو بەدەستکەوتێکی گەورەیان دەزانی. 

دووەم: پێان وایە ترەمپ کارێکی باشی کردووە، ئەمە ختووکەدانی ئێرانە و  بەم لاو لادا ئەکەوێت تاوەکوو شتێک ئەشکێنێت، دوواتر دەبێتە بەهانە بۆیان و لێی دەدەن. ئەمە زیاتر بۆچونی جۆن بۆڵتنە (گەورە ڕاوێژکاری ئەمریکا). ئەم کابرایە دوژمنی سەرەکی ئێرانە.

سێیەم: پێیان وایە ترەمپ کارێکی باشی کردووە، ڕەنگە سەرەتا ئێران هەندێ شت بکات بەڵام ناتوانێ خۆی ڕاگرێ، دێتە سەر مێزی گفتوو گۆو بە مەرجەکانی ئەمریکا ڕازی ئەبێت. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×