ترامپ هەستێکی ئینسانی بەرزی دەربڕی

کۆسار سیامەند / ساراڵ
  2019-06-25     845
زۆر لێکدانەوە بۆ ئەو بڕیارەی ترامپ کرا کە دە دەقیقە بەر لەجێبەجێکردنی هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، بڕیاری وەستاندنی دەرکرد. من لەگۆشەنیگای کوردێکەوە بۆی دەڕوانم‌و بەهەستێکی ئینسانی بەرزی دەنرخێنم‌و پێموایە زۆر ئاساییە کە سەرۆکی گەورەترین هێز بیت‌و لەئان‌و ساتێکدا، دڵت پڕی میهرەبانی ببێت‌و فرمێسکی ڕاستەقینە بۆ ڕووداوێک لەچاوەکانت بڕژێن.

ئەو دوو دڵۆپ فرمێسکەی کە زۆردارێک لەدڵەوە بۆ کەسێک یا ڕووداوێک دەیڕێژێ، لەو لەحزەیەدا، فرە بەنرخترو ئینسانی ترە لەو فرمێسکە درۆزنانەی کە بەناو سەرۆکی وڵاتێکی موسڵمان بۆ کەسێکی دەڕێژێ کە هەزار ساڵ لەمەو بەر مردووەو لەژێر ئەو پەردەی ڕیاو تەفرەدانەوە، ڕۆژانە خوێنی دەیان کەس و منداڵ دەڕێژێ و دەیان فەساد ئەنجام دەدات.

ئەفسووس، زۆر لەو کوردانەی کە بڕیارەکانیان کاردانەوەی کاتی بڕیاردانەکەیانە، لە تۆڕە بە ناو کۆمەڵایەتییەکانەوە، پێیان وایە ( خارە ترامپ، ئاوایان نووسی بوو)، سڵی کردۆتەوە، بەکوردییەکەی لە عەزەمەتی ئێران ترساوە و ئیران عێراق نییە!!
بۆ چە ئێران چ شاخ و گوێیەکی هەیە، کە عێراق نەیبوون؟! هەردوکیان بە چوار لاقان چەک و تەقەمەنی لە وڵاتەکەی ترامپ و وڵاتانی کۆپیکراوی ئامریکایان، هەبوو/ هەیانە و کڕییان/ دەیکڕن، تەکەنەلۆژیای وڵاتی ترەمپ لە ئێران کڵاشەیان دێت و ئەوەی گرنگترینیانە، نزیکەی هەموو ئێرانییەک ئاواتی ئەوەیە ڕۆژێک بگاتە لوس ئەنجلسی وڵاتی ترەمپ، ئەگەر ڕۆژێک خەیاڵی پێوە لێ نەدا، ئەوا لە مانگدا، چەند جار بە خەو، لە لوس ئەنجلسە و وەکی لوس ئەنجلسیان، تاتۆی کوتاوە و زۆر وشەی فارسی بیر چۆتەوە و زمانەکەی دایکی شپرزە بووە و بە ئینگلیزییەکی فارسی قسان دەکات، ئەمە خەونی نزیک بە زۆرینەی هەموو ئێرانییەکانە، بەتایبەت دانیشتوانی پایتەختە شەمزاوەکەی ئێران.

ئەو جەنگە ڕەوانییەی کە ترامپ بە دەسەڵاتڕانان و سەرانی ڕژێمی ئێرانی دەکات، حەوت پشتی پاشایەتی درۆزنانەی ئێرانییەکانی هێناوەتە بەر چاویان، ترەمپ سەرۆکی سیستەمێکی سیاسی، ئابووری، تەکنیکی دامەزراوە، کە بە چەکە شڕی دروستکراوی سپای پاسداران، نالەرزێ، ئەرێ عەزەمەتی ئێران لە چیدایە؟!

لە ئاژاوەگێڕی و فیتنە و فەساد بڵاوکردنەوەکەیدا؟ لە برسیکردنی میللەتەکانی ناو زیدانە گەورەکەی ئێراندا؟! ئێران لەگەڵ ئەوەی کە درۆیەکی گەورەیە ، پیسترین فیتنەی جیهانییە، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردۆتە زەلکاوێک، ڕابەری کوشتنی ئازادی و ئازادیخوازانە، لە ناو ئێران و هەزاران کیلۆمەتر لەدەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیشەوە، دەسەڵاتی ئێران لەسەر بنەمای: درۆ، نیفاق، بڵاوکردنەوەی فەساد، بازرگانی مەوادی هۆشبەر و سیخوڕی و زەوت کردنی مافی میللەتان، ئەوە بۆ پەنجا ساڵ زیاترە دامەزراوە.

ئەم نەخشەیەی کە ئێستا ڕاست و چەپی ئێران شانازی پێوە دەکەن، دەسکردی ئیمپریالیزمە و لەسەر دابەشکردن و داگیرکردنی خاکی میللەتانی : کورد و ئازەر و عەرەب و میللەتانی تری ئێران دروست بووە: ساڵی ١٩٢٥ لە ئەهواز دەوڵەتی سەربەخۆ هەبووە، ١٩٤٦ لە کوردستان و ئازەربایجان دەوڵەتی کورد و ئازەر هەبووە، نازانم چ ڕویداوە کە ئێمە وا زوو مێژوویەکی ئاوا نزیکمان لەیاد کردوە؟!

هەموو کەس ئەو قسەیەی بکردبایە، نە دەبوو کورد ئەو قسەیە بکات: هەر ئەمساڵ لەسەر سنوورەکانی نیوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داگیرکراودا زیاتر لە ١٥٠ کۆڵبەری زەحمەت کێشی کورد بە دەستی چەتە ئێرانیەکانی سپای پاسداری ڕژێمی ئێران شەهید و بریندارکراون و هەروەک ئەوەی هیچیش ڕووی نەدابێت، هەر باسیشیان نەکرد، نەک لە ناوخۆی ئێراندا، تەنانەت لەو هەموو دەزگا ڕاگەیاندنانەی ئێرانییەکان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئامریکا هەیانە، نرخی 
( جانەوەرێکیشیان) بۆ دانەناون و بەئەندازەی ئەو سەگە ئینگلیزییەی کە دوو ڕۆژ لە خاوەنەکەی گوم بوو، لە هەموو کەناڵە ئێرانییەکانەوە بە بی بی سی فارسیشەوە ڕاپۆرتیان لەسەری هەبوو، لە پەراوێزی دەنگو باسێکی لاوەکیشدا، گیانی پاک و شەرەفەتمەندانەی ئەو کۆڵبەرانەیان، باس نەکردوە.

ترامپ ئەوندە شەریف بوو، بەر لەوەی کارەکە ئەنجام بدات لێی ژیوان بویەوە ( پێتان وا نەبێ من نەزانم بۆ ئەم کارەی کردووە)، بەڵام کە بەراوردی کارەکەی ئەو و باسکردنی بەو بوێرییەوە لە لایەن خۆیەوە، دەکەین، ترامپ لە هەرە ناودارترین پاشای مێژووی پڕلە درۆی ئیران شەریفتر و جوامێرترە، هەر ترامپ و وڵاتی ترامپە بەهەزاران ئێرانی و شکۆی ئینسانیی هەزاران ئێرانی پاراستووە و باشترین ژیانی بۆ ڕەخساندوون، بەڵام ئەو تاوانبارانە، باوکێکی بەتەمنی شەریفی کورد، کە بەبوونی هەموو مەترسیەکان بۆسەر گیانی، نانی پڕ لە شەرەفەتمەندانە بە کۆڵبەریی بۆ خێزانەکەی دابین دەکات، بێڕەحمانە و دڕندانە دەدەنە بەر لێزمەی فیشەک و شەهیدی دەکەن، کامیان ئینسانی و شەریف و جوامێرن؟!!

قاسملۆیان لەکاتی مزاکەرە و گفتوگۆدا لە نەمسا شەهید کرد؟! شەرەفکەندیان ناجوامێرانە لەکاتی هەوڵدانیدا بۆ ڕێکخستنی ناو ماڵی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە بەرلین شەهید کرد؟! عەزەمتیان ئەم کردەوانەیە وا پێی سەرسام بوون؟! ئەگەر دەسەڵاتدارانی فارس یەک لەسەدی ئەو هێز و توانا و ئابووریەی ترامپیان هەبایە، ئێستا حاڵی میللەتانی دنیا وەک کورد دەڵێت: دەوارە شڕی دەم ڕەشەبا دەبوو!! ئێدی عەزەمەتی ئێرانی لە کام ڕەفتار و داهێنان و خزمەتیاندایە هەر هیچ نەبێ بەو میللەتانەی کە لەناو سنورەکانی خۆیاندا دەژین؟!!!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×