حەوت دیمەنی ئەمریكا‌و ئێران

هەندرێن شێخ راغب
  2019-06-28     1261
دیمەنی یەكەم: مرۆڤ‌و جەنگ
ئەسكەندەری گەورە ساڵ‌و زەمانێكی زۆر لە داریوشی سێیەم دووربوو، تەنها تیرو كەوان‌و ڕمیان پێ بوو، كەچی كاروان بە كاروان بە جیهاندا هات‌و داریوشی لەناوبرد.؟ ئایا جەنگیز خان بیانووی ئەوەندە گەورە بوو كە هات خوارزمی گرت‌و تەختی كرد.؟ جەنگی جیهانی یەكەم عوسمانیەكان چیان كردبوو تەخت‌و تاراجیان هەڵتەكاند.؟ تەتەرو مەغۆلەكان لەوسەری دنیاوە هاتن‌و عەباسیەكانیان تەفرو تونا كرد، عەباسیەكان چیان كردبوو؟.. ئیدی چیرۆكی جەنگ لەدوای جەنگی مرۆڤ بەردەوامە تاوەكو ئێستا. وەختێك تیرو كەوان هەبوو وڵات بە وڵات شەڕ بوو. ئەدی ئێستا كە چەكی كیشوەر بڕو لێزەر هەیە دەبێت مرۆڤ چی بكات؟ ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە جەنگی ئەمریكا‌و ئێران شتێكە زۆر ئاسانە روو بدات‌و ناشێ هێندە ئەملاوئەولای بابەتەكە بگرین. تا مرۆڤ هەبێت جەنگیش دەمێنێت.

دیمەنی دووەم: لەعێراقدا
دەموچاوی دەوڵەتی عێراق، دەموچاوێكی ئێرانیە، حوكمی ئەم دەوڵەتە شیعەگەراییە‌و بەغدا مەیلی تەواوی بەلای ئێران دایە، ئەمەش زۆر ورد لای ئەمریكیەكان روونە‌و باشترین دیاردەی ئەم پرسەش حەشدی شەعبیە كەبەئاشكرا لولەی تفەنگ دەكەنە سنگی ئەمریكیەكان. ئەمریكیەكانیش نایشارنەوە كە حوكمی شیعە لە عێراق زۆر شكست خواردووەو گەل برسیە‌و بێ خزمەتگوزاریەو گەندەڵی زۆرەو دیموكراسی نیە‌و ئەم دەوڵەتە نیە كە بەدڵی ئەوان بێت(مەبەست دەوڵەتدارییە). بۆیە سیناریۆ هەیە كە یەكێك لە سیناریۆ زۆر بەرجەستەكان ئەوەیە دوای نەمانی ئێران سونەكان دەگەڕێنەوە بۆ بەغداو حوكم دەكەن، سونەكانیش دوو باڵن، باڵی داعش‌و باڵی بەعسیەكان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داعشیان قبوڵ نیە، بۆیە بەعسیە سونەكان دەگەڕێنەوە. ئەمە یەكێك دەبێت لە دەرهاویشتەكانی جەنگی ئەمریكا‌و ئێران. كەواتە ئێمەی كورد تا چەند بۆ ئەم گۆڕانكاریانە ئامادەین‌و پلانی چۆنمان داڕشتووە؟. 

دیمەنی سێیەم: بەسەرچووە
جۆری دەوڵەتداری‌و جۆری سیاسەتی دەرەوەو كاركردنی سیستەمی ئێران، بۆ ئەم سەردەمە كۆتایی هاتووە، ئێستا جەنگی ئایدۆلۆژیا‌و رابوونی فكری ئاینی‌و مەزهەبی‌و تایەفەگەری نیە، تاوەكو شای ئێرانی پێ بڕوخێنیت. ئێستا سەردەمی پارە‌و سەرمایەداری‌و خۆشگوزەرانی‌و روبەرووبونەوەی گەندەڵیە. شۆڕشی ئایدۆلۆژی‌و مەزهەبی بەرەو لێژبونەوەیەكی بەردەوامە، پێویستە ئێران سەیری دەوروبەری خۆی بكات، پێویستە ئەوە بزانێت چی دیكە خیتابی جیهادی سكی خەڵك تێر ناكات. ئێران دەتوانێت گەمەی ئیقلیمی بكات، بەڵام ناتوانێت گەمەی نێودەوڵەتی بكات. بۆیە بۆ ئێران باشترە روبەروی ئەمریكا نەبێتەوە. 

دیمەنی چوارەم: وانەی ئەستەمبوڵ
هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا وانەیەكی تازەیە بۆ ئەم ناوچەیە، بەتایبەت ئەزمونی شارەوانی ئەستەمبوڵ، لەوێ دروشمی كارو خۆشگوزەرانی‌و روبەروبونەوەی گەندەڵی‌و ناعەدالەتی، جێگای بە دروشمی قەومی‌و ئاینی توند چۆڵ كرد. ئەردۆغانێك دۆڕاندی كە زۆر توند خاوەنی گوتارێكی ئاینی‌و قەومی ناوخۆیی توركیایە. بەڵام خەڵك جەهەپەی عەلمانی هەڵبژارد، نەك لەبەر عەلمانیەت، لەبەرئەوەی گوتاری ئەوان رووی لە بژێوی خەڵك‌و ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیانە. بۆیە ئێران دەبێت ئەمە وەك نمونەیەك تەماشا بكات‌و لەم گۆشەنیگایەوە سەیری گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە بكات، دەوڵەتی ئێران بە برسی كردن‌و هەڵوەشانەوەی گوزەرانی خێزانەكان مقاوەمەتی مانەوەی لەدەست دەدات. 

دیمەنی پێنجەم: گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر زۆر گرنگە، سەیری نەخشەی جیۆپۆلەتیك‌و جوگرافیای بكەن، جیهان زۆر پێویستی بە ووزە‌و كەرەسەی خاوو، ئاو، رێرەوی وشكانی، بازاڕ، مەسەلەی ئاین..هتد، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە بۆ نمونە ئیسرائیل. بۆیە نابێت كەس گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت‌و سەركێشی بكات‌و خاوەنی دەسەڵاتی تایبەت بەخۆی بێت، بۆیە دەوڵەتی توركیا‌و ئێران‌و سعودیە دەبێت بچوك بكرێنەوە. لەم گۆشە نیگا ستراتیژیە كورد زۆر قازانج دەكات، چونكە هەرچەندەی دەوڵەتێكی داگیركەری كوردستان بچوك بكرێتەوە، بۆ هێزی پرسی كورد گرنگە. 

دیمەنی شەشەم: سەیركردنی كورد 
كورد نابێت لە شەڕی ئەمریكا‌و ئیران بترسێ، گۆڕانكاری لەئێران زۆر گرنگە، باشوری كوردستان لەبری ئەوەی دراوسێی ئێران بێت، ئەوا دەبێتە دراوسێی كیانی تازەی خۆ رێبەری كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەمریكا دەرفەت دەدات بە نەیارانی رژێمی ئیسلامی ئێران، دۆخی ئابوری ئێران دەگۆڕێت، گەمارۆكان نامێنن، دەوڵەتێك دروست دەبێت كە دەستورێكی بەرەزامەندی ئەمریكی‌و ئیسرائیلی‌و ئەوروپی دەبێت، ئەمەش لەبەرژەوەندی كوردە، چونكە ئەگەر كورد باش خۆی ئامادە بكات، ئەوا لەداهاتووی ئێران رۆڵی خۆی دەبێت، وەك چۆن ئێستا سەرۆك كۆماری عێراق پشكی كوردە، بەڵام ئایا تا چەند كورد سودی لێ وەرگرتووە، ئەوا بابەتێكی كوردی-كوردیە‌و پرسێكە بە رووی خۆماندا. دەمانگوت شەڕ لە عێراق رووبدات دنیا وێران دەبێت بەڵام ئەنجامەكەی ئەوەبوو كورد بویە سەرۆك كۆمار. راستە شەڕی عێراق شەڕی دەوڵەت بوو، بەڵام شەڕی ئێران ئیقلیمیە‌و پریشكی هەیە، گۆڕانكاری نیە لەناوەوەی ئێران، بەڵكو لە چوار دەوری ئێران گۆڕانكاری دەبێت.
 
دیمەنی حەوتەم: دەرفەتی دیكە 
ئێران لە چوارگۆشەیەكی تەسكدا گیر بووە، بەڵام هیوای رزگاربوونی لەدەست نەداوە، ساڵی داهاتوو ئەگەر لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ بدۆڕێت‌و دیموكراتەكان بێنەوە سەرۆكایەتی، مانای زیندووبونەوەی ئێران‌و گەڕانەوەی ژیانە بۆ دەوڵەتی ئێران، چونكە دیموكراتەكان پابەندی رێككەوتننامەی ئەتۆمین وەكو خۆی. دەرفەتی دیكە ئەوەیە ئێران لە رێگای ئەوروپیەكان تەنازولی پێویست بخەنەروو، ئێستا ئەوروپیەكان سیاسەتێكی هاوسەنگ لەنێوان هەردوولا دەگێڕن، بەڵام ئێران نابێت بیری بچێت، ئەوروپیەكان لەخاڵی كۆتایی لەنێوان ئەمریكا‌و ئێران لایەنگیری ئەمریكان‌و هەرگیز بۆ ئێران دەستبەرداری ئەمریكا نابن. بۆیە تاوەكو هەڵوێستی ئەوروپیەكان وایە گرنگە ئێران باش سود لەم دەرفەتە وەربگرێت‌و خۆی دەرباز بكات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×