پەیوەندی گەڕانەوەی خاڵقی بەناسیۆنالیزمەوە
جهعفهر عهلی
2019-07-02   1356
(١)
خاڵقی جگە لەوەی هونەرمەندێکی ناسراو و گەورەی بواری گۆرانی کوردییە، سەربازێکی ونی پشتی کۆکردنەوە و پاککردنەوەی هونەری نەتەوەکەی و لە فەوتان پاراستنیەتی. واتە خاڵقی ئەگەرچی ماوەیەکی درێژە لە گۆرانی گووتن دوورکەوتۆتەوە، بەڵام لە کاری هونەری و خزمەت بە کۆکردنەوەو پاککردنەوەی ئەو بەرهەمە هونەریانەی کە هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەربوو، دەمێک ساڵە ئامادەییەکی گرنگی هەیە و لەڕێی ئینیستیتیوتی کەلەپووری کوردییەوە ئەم کارە بە ئەنجام دەگەیەنێت و بە هاوکاری هاوڕێکانی توانیویانە کاری گرنگ لەمبوارەدا ئەنجام بدەن، بەڵام هەر وەک خۆی دەڵێت: "من زیاتر وەک دەنگبێژ ناسراوم"، ئەو رستەیەش دیوێکی وەک گلەییکردنێک دەچێت لەو خەڵکەی، کە خاڵقی تەنها لەڕێی گۆرانییەکانیەوە دەناسن، نەک کارە هونەری و کەلەپووری و دەکیومێنتارییەکانی.
گەڕانەوەی خاڵقی بۆ رۆژهەڵات (سنە)، قسە و باسی جیا جیای لە ناوەندی هونەری و میدیایی و سۆشیال میدیادا بە دوای خۆیدا هێناوە. هەندێک لە برادەران ئەو سەردان و گەڕانەوەیە وەک سوکایەتی بە بوونی پەیامە هونەرییەکەی و دواتریش بە ناسنامە نەتەوەییەکەی وەسف دەکەن، کە ناسیۆنالیزمێکی فاشیانە لە پشتی ئەم بۆچوونانەیانەوە ئامادەیی هەیە. من خۆم گومان لە ئاگایی ئەم گروپە سەبارەت بە فیکری ناسیۆنالیزم دەکەم. چونکە ئێستا مۆدێلێک دروستبووە، گرنگ نییە چەمکە فیکری و سیاسی و فەلسەفییەکان چی مانایەک دەبەخشن و دەتوانرێ چۆن گۆڕانکارییان تێدا بکرێ و لە تەقدیس دەرباز بکرێن، گرنگ ئەو مانایەیە کە ئێمە بەپێی حەز و تێگەیشتنی خۆمان پێیدەدەین و هەر ئەوەش دەکەینە بنەما بۆ قسەکردن لەبارەی سیاسەت، هونەر، پەیوەندی کۆمەڵایەتی و... .
لە بەرامبەر ئەوەدا گروپێکی دیکە ئەم گەڕانەوەیەی خاڵقی وەک بازدانێکی گەورە بەسەر فیکری ناسیۆنالیزم و بە نیشتیمانیکردنەوەی هونەری کوردی لە بازنە فراوانەکەی هونەری ئێرانیدا دەیبینن، یان پێیانخۆشە بەمجۆرە بیبینن، کە وێڕای کارکردنیشی لەگەڵ گروپی ئۆرکێسترای تاران، دیسان گومان دەکرێ ئەوە دیدی خاڵقی بێت، چونکە خاڵقی لە ئینیستیتیوتەکەیەوە لە سەنتەری سلێمانی و لقەکانی لە شارەکانی دی، خەریکی کۆکردنەوە و خاوێنکردنەوەی هونەری کوردی و بەرهەمی هونەرمەندانی دەنگبێژی کوردە، نەک نەتەوەکانی دی لە عیراق و ئێران و تورکیا و سوریا، بۆیە مافی هیچ کەسێک نییە ئەم دیدە تایبەت و فۆرمی کارکردنە تایبەتەی خاڵقی بۆ مەرامێکی تایبەت و دیاریکراو بشێوێنێ.
خاڵقی هونەرمەندێکی دەنگبێژی گرنگی ناو دونیای هونەری ئێمەیە وەک کورد، ئەو نەک دەیان گۆرانی، ئەگەر بە تەنها خاوەنی یەکێک لە گۆرانییەکانی (نەسیمەکەی ساردی پاییزی، یان پەپوولەی ئازادی، یان...) بوایە، بەس بوو بۆ ئەوەی گەورە بناسرێ، بۆ ئەوەی جێگەی گرنگ و تایبەتی خۆی لە ناو دونیای هونەری کوردیدا بگرێت و بۆ ئەبەدیش وەک قوتابخانەیەکی ئەدای هونەری ئاواز و گۆرانی کوردی بمێنێتەوە.
(٢)
ئەم دوو گروپەی ئاماژەم پێدان، یەکیان لە رێی ئاڵاندنی خاڵقی و هونەری خاڵقی بە فۆرمێک لە ناسیۆنالیزم، کە خۆی بڕوای پێی هەیە و چۆن تێیگەیشتووە، بە تەنها سەردانێکی ئەم هونەرمەندە، وەک سوکایەتی و کارەساتی نەتەوەیی دەبینێ، لێرەوەش رێگە بە خۆی دەدات لەم دیدە ئایدیۆلۆژییە تاریکەوە، نە تەنها هەوڵی بچووککردنەوەی کەسایەتی و هونەری خاڵقی، بەڵکو وەک سوکایەتی بە کەسایەتی خۆی سەیری دەکات، ئەوە لە کاتێکدا بەشێکی گرنگ لەم ئایدیۆلۆژیستە تاریکانە، خۆیان لە پشتی کۆمەک بە هێزێک یان چەند هێزێکی سیاسی وەستاونەتەوە، کە بە رۆژی روون سەریان لە نێو مشتی پایتەختەکانی ئیقلیمدایە.
گروپی دووەم، کە گەڕانەوەکەی خاڵقی وەک هەنگاو بە ئاراستەی تێکشکاندنی فیکری ناسیۆنالیستی و نەژادی دەبینن، بە بڕوای من لە ناو هەمان بازنەی سادە بیرکردنەوەدان، کە گروپی یەکەم لە ناویدا خەریکی دەنگە دەنگ و فڕێدانی وشە و رستەی حەماسی پڕ لە هەڵچوونن.
کاتێک گروپی یەکەم گەرەکییەتی دەنگە دەنگی بێ پاشخانی فیکری و فەلسەفی، بە ناوی ناسیۆنالیزمەوە دەرخواردی دەرەوەی خۆی بدات، لەو تاریکییەشدا خاڵقی وەک خیانەتکارێک پێناسە بکات، ئەوا گروپی دووەم خەریکی بەرهەمهێنانەوەی گوتاری ئیمپراتۆریای ئەخمینی و سەفەوین لە بەرگی نیشتیمانیبوونی ئێران و هاوڵاتیبوونی ئێرانیدا. گەڕانەوەکەی خاڵقی کە بە مانای وشە، گەڕانەوەیەکی سادەی بێناوەرۆکی سیاسییە، وەک تێكشکاندنی سنورەکانی فیکری ناسیۆنالیستی دەبینن، جگە لەوەش دەیانەوێ بڵێن، گەڕانەوەیەکی وەها سادەی ناسیاسی، دەتوانێ وەک رووداوێکی گرنگ لە قبوڵکردنی بە یەکەوە ژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاوازەکانی نیشتیمانی ئێران ببینرێ، نیشتیمانێک کە لە تەواوی مێژووی سیاسی خۆیدا، هیچ دەسەڵاتدار و هیچ سیستمێکی سیاسی تیایدا، نەیتوانیوە هیچ بستێکی بکاتە سەرزەمینێکی یەکسان بۆ ماف و ئازادی و دادپەروەری و رێزگرتن لە کەرامەتی مرۆیی هاوڵاتییەکانی.
(٣)
گەڕانەوەی خاڵقی رووداوێکی زۆر ئاساییە، نە شایستەی ئەوەیە لە رێیەوە ئەوانەی بەبێ تێگەیشتن خۆیان بە عەبا رەشەکەی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە هەڵواسیووە بیخەنە بەردەم پەلامار و تەخوینکردن، نە رووداوێکی هێندە گرنگە پێمانوابێت، سەرەتای هێنانی مژدەیەکی نوێیە بۆ پێکەوە ژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی سنوری جوگرافیای سیاسی ئێران، لەوەش زیاتر سەرزەمینێکی دۆزەخیمان بۆ دەگۆڕێ بە بەهەشتی ئاسوودەیی و رێزگرتن لە پرینسیپەکانی هاوڵاتیبوون، یان دونیا یۆتۆپییەکەی (تۆماس مۆر)مان دوور لە وێنە خەیاڵییەکەی، وەک واقیعێک و لە وێنەیەکی راستەقینەدا پێشاندەداتەوە.