پشتگوێخستنی کەرتی پەروەردە لەھەرێمی کوردستان

ڕەوەند جەزا
  2019-07-05     944
پەروەردە و فێرکردن بە کردەوە یان پڕۆسەیەک دەوترێت کە لەو ڕێگایەوە زانست،لێزانی،لێھاتویی و چۆنێتی ھەڵسوکەوت یان ئاکاری شیاو فێری تاک دەکات. بە شێوەیەکی گشتی پەروەردە پڕۆسەی گونجاندنە لە نێوان تاک و ژینگەدا ، فێرکردنیش ڕاگواستنی زانستییە. لە چەرخەکانی پێشوودا ئەرکی پەروەردە و فێرکردن لە ئەستۆی بنەماڵەبوو . بە جۆریک کە لە ڕێگەی بنەماڵە و ھاوڕێ و کۆمەڵگەوە ، تاک دەبووە کەسێکی کۆمەڵایەتی و فێری داب و نەریتەکان دەبوو . زۆرجار شارەزایی لە پیشەیەکدا پشتاو پشت بۆ تاکەکانی ئەو خێزانە دەمایەوە و لەو ڕێگەیەوە دەبووە خاوەن پیشەی خۆی . 

لەو سەردەمەدا تاک بەو شێوەیە پەروەردە دەبوو و فێری پیشەیەک دەبوو . بەڵام بەھۆی پێشکەوتنی و ئاڵۆزبوونی زانستەوە ئەندامانی بنەماڵە بەرە بەرە توانای خۆیان لە پەروەردەی پێویستی منداڵەکانیان لەدەستدا. بۆیە دامەزراندنی سیستەمێکی زانستی لەلایەن گروپێک لە زانایان و شارەزایانەوە بووبە پێویستی. لا ئەنجامدا سیستەمی پەروەردە دامەزرێندرا کە خۆی لە دوو وەزارەتدا دەبینێتەوە ، وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵە ، کە ھەردوو وەزارەت پێویستە لێکتێگەشنی تەواو لە نێوانیاندا ھەبێت . تاک لە مەودای خوێندنی پەروەردەدا بە کۆمەڵایەتی دەکرێت و ئاشنا دەبێت بە زانست و زمان و داب و نەریتەکان . لە مەودای خوێندنی باڵاشدا زانستیانە فێری پیشەیەک دەبێت .

تاکو دوای تەواو کردنی خوێندن تاکێکی کۆمەڵایەتی خاوەن پیشە بەرھەمبھێنرێت. ئەرکی دامودەزگاکانی حکومەتە کە پێداویستیەکانی خوێندن بۆ فێرخواز فەراھەم بکات . کە ئەویش فەلسەفەیەکی پێشکەوتووی پەروەردە و کەرەستەکانی ناو سیستەمەکەیە( مامۆستا ، قوتابی،بینا،مەنھەج،ڕێکخستن..ھتد) . کەواتە بە شێوەیەکی گشتی پێشکەوتن و ھۆشیاری کۆمەڵگە پەیوەستە بە سیستەمی پەروەردەوە . بەڵگەش وڵاتانی پێشکەوتوو و سیستەمی خوێندنیانە کە لە ڕانکینگی زانکۆکاندا ڕەنگی داوەتەوە .

بە داخەوە لە کوردستان گەورەترین قەیران ڕووبەڕووی کەرتی پەروەردە بووەتەوە. دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار یاخود دوو کۆمپانیای دەسەڵاتدار ئەو کەرتەشیان بە حیزبی کردووە و بازرگانی پێوە دەکەن . ساڵانە بڕێک پارەی زەبەلاح بۆ ئەو کەرتە دابین دەکرێت و کەمترین خزمەتی دەکرێت و پارەکەی دەچێتە سەر حسابی دوو کۆمپانیاکە . نەبونی ڕێکخستن وایکردووە کە لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵادا نەبێت ، چونکە ھەر وەزارەتە و لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەڕێوەدەبرێت. دابیننەکردنی پێویستیەکانی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆکاندا یەکێکیترە لە ھۆکارەکانی پاشکەوتنی کەرتی پەروەردە.نەبوونی فەلسەفەیەکی پەروەردەی پێشکەوتوو ، بە شێوەک کە خوێندکار دوای تەواوکردنی خوێندنی بە باشی فێری ھیچکام لە زمانە بیانیەکان نابێت، کە ئەمە سەرەتاییترین پێویستییە . 

سیستەمی وەرگرتنی خوێندکار لە زانکۆکاندا ، فێرخواز توشی نائومێدی دەکات چونکە ناتوانێت ئارەزوومەندانە ئەو بەشەی ئارەزوویەتی ھەڵیبژێرێت و درێژە بە خوێندن بدات تێیدا . دوای وەرگرتنی خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگاکان دووبارە تووشی نا ئومێدی دەبێتەوە بەھۆی نەبونی کەرەستەی پێویست لە ناوەندەکانی خوێندندا و پشتگوێخستنی پراکتیکەکردنی بابەتەکان . بۆیە دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان ، کەسی ئەکادیمی و پراکتیکزان بەرھەمناھێنرێت و تاکی خاوەن بڕوانامە کاری لە بوارەکەی خۆیدا دەست ناکەوێت و بە ناچاری کارێکی تر دەکات ، کە ناتوانێت داھێنان لەو بوارەدا بکات . بەمشێوەیە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوی بێئومێد دروستبووە . بە نمونە لە ئێستادا گەورەترین پرسیار لەسەر پەروەردەی وەزیری پەروەردە ھەیە ، کە ناتوانێت پۆشاکی خوێندکارێکی سەرکەوتووی سیستەمەکە قبوڵبکات و لە بەردەم زوومی کامێراکان دووریدەخاتەوە !جێگەی داخە کەسێک بەو پەروەردەیەوە لەو پۆستە باڵایەدا بێت ! 


ئەو پارت و لایەنانەی خەڵکی فریودەدەن و بە ناوی چاکسازیەوە بەژداری لە حکومەتدا دەکەن ، ئەگەر مەبەستیان چاکسازی بووایە ئەوە لە جێگەی داواکردنی وەزارەتی دارایی و کشتوکاڵ و پێشمەرگە و ..ھتد ، داوای وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵایان دەکرد و ھەوڵی ڕزگارکردنی ئەو کەرتەیان لەژێردەستی ئەو دوو بنەماڵەیە دەکرد ، لە پێناو خزمەت و بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگەدا . بەڵام بەداخەوە ئەوانیش سەرقاڵی سەرمایەدارین ! 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×