ئامانجی ڕاست‌و دروست چیە؟

عه‌بدوڵا کوێخا موباره‌ک
  2019-07-19     1104
ئامانجی ڕاست‌و دروست چیە؟
چەند جۆر سیاسی ھەن لەکوردستان...؟
کام جۆرەیان ڕاستن‌و بەشوێن ئامانجی دروستەوەن..؟

سێ خاڵ وەک ئامانجی ڕاست‌و دروست‌و سەرەکی کە ئەرکە ھەوڵبدرێت‌و سیاسەت بکرێت لەپێناو بەدی ھێنانیاندا.

یەکەم: نیشتیمانپەروەری‌و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بەسیاسەتێکی دروست‌و ئەقڵانی تا ئەوکاتەی پایەکانی دەوڵەتداری دروست دەکرێت‌و ھەلێکی گونجاو دەڕەخسێت بۆ سەربەخۆ بون.

دووەم: ھەبونی نیزامێکی سیاسی ئەمین کە لەژێر کۆنترۆڵ‌و لێپرسینەوەدا بێت‌و مەجالی بەرەو تاکڕەوی‌و دیکتاتۆرێتی نەبێت، تا خەڵک بتوانن لەسایەی ئەو نیزامە سیاسیەدا پارێزراوو ئازاد بن.

سێیەم: دامەزراندنی حکومەت‌و دامودەزگای سیستەماتیک بەشێوەیەک خەڵک حەق‌و مافی خۆیان بزانن‌و بتوانن وەری بگرن، خەڵک لەسایەی ئەو سیستەمەدا پشویەک بدەن‌و خۆشگوزەران بن.

لەھەرێمی خۆماندا سێ جۆر حزب‌و گروپ‌و کەسایەتی سیاسی دەسەڵاتدارو بێ دەسەڵات ھەن کە ئیدعای چەسپاندنی ئەو سێ خاڵەی سەرەوە دەکەن.

جۆری یەکەم: سیاسەتی چەپەڵ‌و پڕ لەخیانەت و شەرمەزاری سەرکردایەتی پارتی‌و یەکێتی کە لەمێژوی دروستبونیانەوە ھەوڵێکی وا ئەقڵانیان نەداوە بتوانن یەک ھەنگاو بەرەو سەربەخۆی بڕۆین، بەڵکو ھەمو ھەوڵێکی ئەوان کوردستانی بەرەو شکستێکی گەورە بردوە و بەردەوامیش خیانەتیان لەنیشتیمان کردوە و ھەر یەکەو لەلایەکەوە دەستی دوژمنانی کوردیان ڕاکێشاوە بۆ ناو خاکی کوردستان، ھەروھا ڕون و ئاشکرایشە کە نەک کار بۆ بەدیھێنانی نیزامی سیاسی ئەمین و سیستەمێک بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک ناکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوپەڕی ڕێگری لێ دەکەن و حەزیان لە مەلەی گۆمێکی لێڵە تا بتوانن گەندەڵی و بەھەدەردانی داھات بشارنەوە و بتوانن دەسەڵاتی خۆ سەپاندن و زوڵم و زۆرداریان بەردەوام بێت.

جۆری دوەم: سیاسەتی پاشکۆیەتی و ھەمیشە دۆڕاو، ئەو حزبانەی کە شوێنکەوتوی عەقڵێت و سیاسەت و حکومڕانی پارتی و یەکێتین لەپێناو جێگای خۆکردنەوە و دەسکەوتنی شتێک لە پۆست و پارەی پاشماوەی پارتی و یەکێتی، ناڵێم ئەمانە نیشتیمان پەروەر نین یان حەزناکەن حکومڕانی بە سیستەم بکرێت و نیزامێکی سیاسی ئەمین ھەبێت، بەڵام کاری بۆ ناکەن و مەگەر ھەر لە دڵی خۆیانەوە حەزبکەن شتێکی وا ھەبێت.

جۆری سێیەم: گروپە ناڕازیەکانی کوردستان لە ھەمو ڕەنگ و چین و توێژەکان، ئەم گروپانە زۆرینەیەکی پەرشوبڵاون و دژی سیاسەتی چەپەڵ و سیاسەتی پاشکۆیەتی جۆری یەکەم و دوەمن، ئەشێت لێرەش کەس و گروپ ھەبن عەوداڵی پێگە و مەساڵیحی خۆیان بن و لەبەرئەوەی جێگایان نەبۆتەوە لە پاڵ پارتی و یەکێتیداو دەمیان ناگات بە پاشماوەی ئەوان کەوتبێتنە ناو ئەم جۆری سێیەمەوە، بەڵام ئەمانە ئەگەر ھەشبن کەمینەیەکی کەمن.

ئەم جۆری سێیەمە ناڕازی و نیشتیمان پەروەری ڕاستەقینەن‌و بەجدی پەرۆشی سەربەخۆی و دەسەڵات و حکومڕانیەکی دادپەروەر و شەفاف و دیموکراتین، بەڵام ئەرکی لە پێشینەیان یەکخست یان ھاوپەیمانی ھەمو گروپەکان و پێکەوە کارکردنیانە تا بتوانن نوێنەرایەتی تەواوی خەڵکی ناڕازی کوردستان بکەن کە بەپێی دواین ھەڵبژاردن لە ٦٠٪‏ زیاتری خەڵک بایکۆتیان کرد و بڕوایان بە حکومڕانی و سیاسەتی حزبە کوردیەکانی جۆری یەکەم و دوەم نەبو.

ئەگەر ھەمو گروپ و کەسایەتیە سیاسی و دینی و ڕۆشنبیرە ناڕازیەکان بتوانن لە ژێر یەک چەتر و ناودا یان ھاوپەیمانیەکدا کاربکەن، ئەوا ئەتوانن بەتەواوی ئەو بۆشایی ئۆپۆزیسۆنە پڕبکەنەوە کە ئێستا لە ھەرێمی کوردستاندا دروست بوە، ئەتوانن ڕێگر بن لە زۆر ھەنگاوی بەرەو تاکڕەوی و گەندەڵی حزبەکانی نێو دەسەڵات، تەنانەت ئەتوانن ڕۆڵی گەورەیان ھەبێت لە ڕوی دیبلۆماسی و نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەوە، جێگای ئومێدێکی گەورەش دەبن بۆ ئایندە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×