سلێمانی: دارستانی " رۆبن هودەکانی" کورد

لاوك سەڵاح
  2019-07-21     1370

خەونێک لە پیاوێکی شەکەتەوە، شەکەتی شۆرش و نشوستیەکانی، متمانە و بێ مروەتەکانی، روداوە چاوەڕوان نەکراوەکانی، مێژوە پەرش و بڵاوەکانی، بەڵام ئومێدێکی سیزیفانە بۆ بەردەوام بون لە چوارچێوەی ئەو مێژوەەی  کە هەر ئەوەیە و لەوەندە زیاتر نییە.


پیاوێک هەر هەوڵی خۆی، دیدی خۆی، نەوەک دامەزراوە و نەوەک پشتیوانی دەوڵەتی و نەوەک پشتیوانی دەزگا سیخۆرەکان. خەون و پیاوێک هەردوکیان بێکەس، خەونێک بە باڵی دو دێوزمەوە، یەکێکیان مێژویەکی ژیاوی پڕ کارەسات و ئەویتریان سەرابێک لە ئاییندەوە و بە گژداچونەوەی ئەو مێژوە باوەی سەدان ساڵە هەیە، پێ دەڵێن چیمان بۆ دەکەیت، چیمان دەدەیتێ تا نەپەرینەوە ئەوبەر، بۆ ئەوەی بەجێت نەهێڵین، ئەو دەڵێت سەرپشکبن خۆتان سود بە کۆمەڵگە بگەیەنن.

شوێن کوردستانە، سلێمانییە، دارستانێکی چرە، سیخناخە بە ئیسلامییە سیاسییە بەهەشتییەکان و کۆمۆنیستە ئەفلاتۆنییەکان و سۆشیاڵ دیموکراتە مۆدێل خوازەکان و ناسیونالیستە بریندارەکان و گۆرانخوازە رۆبن هودەکان، ئەوانەی عەوداڵی دادپەروەری و یەکسانیین، ئەوانەی خەون لە ئاییندەوە دەخوازن بۆ بەڕێکردنی ئێستا، بەڵام برسێتی و نەبونی و بەشخوراوی زۆربەیان و تەم و تاریکی و چڕی دارستان رێیان پێنادات ئاسۆی ئاییندەیان باش ببینن.

سلێمانی لانکە و دارستانی تەمتومانی هەمومانە، زۆر جار یەکتر ناناسینەوە، لە یەک حاڵی نابین، زۆر جار رێزێکی بێ پایان لە یەکتر دەگرین هەر لە قوربانتەوە تا ماچە زۆرەکان، بەڵام متمانەکردن لە ساتێکی هەڵچوندا وەک شاخێک لە کڵۆی بەفر زۆر بە ئاسانی دەتوێتەوە، هەمومان لە ژێر کەپرێك یان گەڵایەکی زەردا هاواری رەوایەتی دەکەین، کە کۆمۆنیستێک یان ئیسلامییەک شەهید دەبێت یان هەر شەهیدێکی دیکە دۆخی دارستانەکە تێک دەچێت، لورەی رەشەبا هەمو ئەو ماڵانەی کە بە گەڵای رزیو هەڵچنراون دادەرمێن. دارستان لە پڕێکدا دەبێتە دۆزەخێکی سور و بەخشتی ئاگرین گەمارۆ دەدرێت.

نازانین، ئێمە نازانیین، بۆ ئەوندە بەد بەختیین، ئێمە سەر بە دارستانین یان بەو گروپانەی کە بە دارستان راستی و حەقیقەتی خۆیان شاردۆتەوە و داپۆشیوە. بەداخەوە، کەس ئاوی دارستان نادات. بەداخەوە، ئێمە دژی هێمنی و بێدەنگی و سروشی دارستانین، دژی ژینگە و ئەو شوێنانەین کە داڵدەمان دەدات، قەدری نازانین، دونیایەک خەڵک لە دونیادا هەن شۆستەیەک شک نابەن بۆ ئەوەی باوەش بە رەقی بەردەکانیدا بکەن، هاوار بۆ بەرد دەبن بۆ ئەوەی بیانپارێزێت، یەزدانی مەزن، ئێمەت لە سەرەتاوە هەر وا دروست کردوە؟!

شوێن دارستانە ئاڵۆزەکەی سلێمانییە، ئەو دارستانەی کە چڵوپۆپەکانی چڕ چڕ بەیەکدا چون و ئاوێزانی یەکتر بون، گەڵا سەوزەکان بە بون و بێ بونی وەرز هەڵدەوەرێن، مـێژویەکی جەنجاڵ و سیخناخ، پڕ گومان و شکست، مێژوی دۆستە ‌شەهیدەکان، ئەوانەی سەرمایە و بڕوانامەی ئێمەن، ئەوانەی بە بیری خەڵکی دێنینەوە کە ئەوان پاڵەوان بون و ئێمە شاهێدی پاڵەوانێتی ئەوانیین، بەڵکو ببینە بەشێک لە مێژوی پاڵەوانێتی ئەوان! بەڵام خۆمان، لەگەڵ خۆماندا، لە مێژە لە بیرمان کردون، ئەوانەی بە هەڵەی ئێمە شەهید بون و مێژوی رەسمی حیکایەتێکی دیکە بۆ نەوەکان دەگێرێتەوە تا کاڵ دەبێتەوە.

نەوەکانی رۆبن هود چاوەڕوانی ئاییندەیەکی نادیار دەکەن، هەمویان لە هەمویان حاڵی نابن، راستە هەمو عەوداڵی یەکسانی و دادپەروەریین، بەڵام دەیانەوێت سەردەمەکان لە ناو یەک زەمەندا چڕ بکەنەوە، راستە زۆرینە خەون بە ئاییندەیەکی باشترەوە دەبینن، بەڵام زۆر جار خەونەکان شپرزەن و پەرش و بڵاون، ئەوەندەی لە سەرچاوەکەی دەنۆشن، ئەوەندە تەوەرەکانی فراوان ناکەن. ئەوانەی پایان لەسەر عەردە دەگمەنن، هەندێکیان دڵرەقن بەرامبەر بە یەکتر تا رادەی ئێسک شکاندن، هەندێکیان ناناسرێنەوە، هەندێکیان نارازیین بە هۆ و و بێ هۆ، هەندێکیان رێبواری ناو فارگۆنێکی بێ وێستگەن، زۆریان بەرجەستەی مروەت و مرۆڤدۆستی و لێبوردەیی و لە خۆبردویەتی و فیداکاری و بەهاکانی هاورێیەتی راستەقینەن. ئاخر دەبێت سیفەتە سەرەکییەکانی رۆبن هودەکان ئەوەبن!  

نەوەکانی رۆبن هود غەریبی سەر دار و بن دارن و هەڵگری تەمەنێکی پر ناسۆری چرچ ولۆچی کارەساتەکانن. خەونەکانیان زۆرجار لە سنوری دارستان ناترازێت، دۆخی دارستان جیاوازە لە دۆخی دەرەوەی بەڵام دەشێت مەدەنییەت و شارستانییەت لە ناوەوە و دەرەوەی دارستاندا بونیاد بنێیت، ئەمە دەکەوێتە سەرخۆت. بەداخەوە، راستە، رۆبن هودەکانی کورد پراو پڕن لە هیوای مەزن بەڵام پێویستیان بە توانای زیاتر هەیە، راستە، عەوداڵی یەکسانیین بەڵام ئامرازەکانی بەردەستیان دەبێت زیاتر بێت.

یاسای دارستان تەنها و تەنها فێری خۆپارستنی خۆرسکانەت دەکات. دارستان بۆن و بەرامی هەمومان لە پاش سەدان ساڵ دەناسێتەوە و هەمیشە کاست دەکات. دارستان شوناسی خۆرسکە، کێ دەتوانێت سیما و خەسڵەتی بۆ مەدەنیەت بگۆرێت؟ کە ئێوارەی دارستان دادێ هۆشداری و ‌‌‌هۆشمەندی لە لێخوڕینی عەرەبانەکان و بەجێ هێشتنی خاشاک وەک خۆری ئاوا دەردەکەو‌ێت و پەیامێکی زەق بە شوناسدا دەدات کە ئەم دارستانە ئاگادار نەبیت و وریا نەبیت دەبێتە جەنگلستان.

کێ دارستان دەکاتە جوگرافیای ژیانەوە و هاوڵاتی دور لە توندرەوی؟  یان دارستان هەر وەک پانتایی خێڵ و گروپی جیاوازی بێ شوناس دەمێنێتەوە. نەوەکانی ئاییندە لە دارستاندا جێگایان دەبێتەوە یان هەمو دار و لق و چڵەکان و گەڵاکان هەڵدەوەرن و بار دەکەین؟ دارستان مەنزلگای کێیە و کێ داڵدە دەدات؟ نەتەوە یان هاوڵاتی یان خێڵ یان خێزان یان دامەزراوە یان هەمویان پێکەوە یان هیچیان؟

دارستان مەستت دەکات، مەست دەبیت بە سروشتی ناوازە و سێبەری دڵڕفێن و سوکنایی بە رۆحت دەبەخشێت، بەڵام لەگەڵ بڕینەوەی درەختەکان و لەگەڵ گۆرینی دیمۆگرافیای دارستان، رۆبن هودەکان هەر گروپەی بەرەو ئاراستەیەک هەڵ دێن و خەون و پەیامە دێرینەکانیان لە ناو گێژاوی گومان و هەوڵی بێکەسانە بۆ بەدەستهێنانی زانینی دروست و دەربازبون لە بازنەی بەرژەوەندی تایبەتدا لێڵ و ون دەکەن.

کێ دارستان دەپارێزێت و دەبوژێنێتەوە بۆ ئەوەی کوێر نەبێتەوە؟ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە! یان رۆبن هودە سەرمەستەکان یان گروپە پەرشوبڵاوەکان یان مەخلوقات و ورچ و دێوزمەکانی دەرەوەی سنوری دارستان. کێ هارمۆنیەت و پێکەوە ژیانی ناو دارستان دەپارێزێت؟ دارستان شوێنی داڵدەدانی هەمومانە، بە چڕایەکی کز رۆشن نابێتەوە، ئەگەر نەتوانی، تاریکی و بێدەنگی و سروشتی نایاب و ژیانی خۆرسکی تیا مەدۆرێنە، با سامی هەر بمێنێت. دارستان لەبەردەم رەهێڵە و بومەلەرزەیەکی دیکەدایە کێ هێور و خامۆشیان دەکاتەوە..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×