بارزانیی کوڕ، فارگۆنی نۆ یان گارسۆنی تۆ
مەزن عوسمان
2019-07-22   2163
بۆ نزیکەی ساڵێک، بێدەرتانیو کەڕەکردن لەهەمبەر وەسەریەکخستنی هەیکەلی حکومەتەکەی لەمەڕ خۆمان، جگە لەپەیامێکی سفتی قەواڵە بەتاڵ، هیچ شەنوکەوێکی دیکە پڕبەپێستی ناکات. دروستکردنی مۆدێلێکی تەکنۆکرات بۆ بەڕێوەبردن هیچ پەیوەستییەکی نییە بەتموحی دەنگدەرەوە، بەڵکو ویستی حزبیی ڕەقەڵ لەفرەیمی شەهوەی دەسەڵاتدا خۆی ڕێکخستووەتەوەو بەگڵۆز داوای تەعویزی ڕۆژانی سەخت دەکاتەوە. پڕکردنەوەی فیگەرەکانی دەسەڵات ئەوەندەی لەبەریەکهەڵچوونی نەوەکانی شاخ بوو، هێندەی لوێچێک پەیوەندی نەبوو بەهەڵکەوتەو لێهاتویی کاندیدەکانەوە.
فارگۆنەکەی بارزانیی کوڕ کە تەنیا ژمارەکەی گۆڕاوە بۆ نۆ، هیچ ڕوئیایەکی بەویقارتری نییە لەبارزانی برازا بۆ حوکمی باشوری دوای دوازدەی ئۆکتۆبەر، بەڵکو سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وزیرانو هەمو پایەکانی دیکەی حکومەتو پەرلەمان وەک ستەیجێکی فێرکاریی بەکاردەبرێن بۆ بەخشینی شانوشەپیلک بەنەوەی یەکەمو دووەمی چەند بنەماڵەیەکی خێڵەکی، کە ئامانجیانە حوکمداریی وەک دەرچەیەکی پێگەیاندنی کاریزما بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا داببڕن.
ئەوەی مەسرور بارزانی لەبارزانی ئامۆزا دادەبڕێتو جیای دەیکاتەوە، ئەوەیە ئەو بەبەڕکێکی پڕی حزبییانەو پشتیوانییەکی بەهێزی پارتییەوە دێتە ساحەکەوەو تەحەدای هەموو فارگۆنەکانی پێش خۆی دەکات. ڕوونە ئەم کارە زادەی دونیابینی نەئەوو نەهیچ لەوانی پێشخۆی نییە بۆ باشترکردنی ڕەوشی ڕەشوڕوتی کوردستان، بەڵکو وەک کوڕی سەرۆکو درێژکراوەی بەپیرۆزکردنی بنەماڵە تا ئەوپەڕی حوکمداری ئەو بەتەکییەوە ڕادەوستنو جینگڵنادەن. ئەم کابینەیە دەبێتە یەکەم کابینە، کە حزب ئامادە دەبێت هەموو مومتەلەکاتی خۆی بۆ بخاتە خزمەتی، لە پێناو شەرمەزارنەبوونی بارزانیی کوڕدا.
پارتی نایەوێت جارێکی دیکە بارزانی باوک بخاتە دۆخی حەریجەوە، وەک ئەوەی لەڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا بەهەڵەباش ڕاوێژیان بۆی کرد. ئەم وەرزەی حوکمداریی، ئاوەڵاکردنی بەرباخەڵەکانی حکومەتو حزب دەبێت بۆ کوڕە گەورەی بارزانی.
کۆی پەرلەمانو دامەزراوە حکومییەکان وەک گارسۆنو وەگێڕکە لەخزمەت ئەودا بکاردەبرێت. ئەگەرچی ئەم یارییە تاڕادەیەک لەبەرژەوەندی کۆمەڵگا ڕێدەکات، بەڵام ماهییەتی ئەمجۆرەی بەڕێوەبردن تەنها هەڵگری یەک مەسجی ڕەوانە، ئەویش وەبەرگوێ هەڵدانو بەگارسۆنکرندی سەرجەم دامەزراوە نیشتمانییەکان لەپێناو بنەماڵەو حوکمی فەردیدا. بەواتایەکی دیکە، تەواوی دامەزراوە حکومییەکان دەبنە خزمەتکاریی پاڵەوانە فەنتازییەکانی بنەماڵە.