بتەكان
د. بەختیار ئەمین بارام
2019-07-23   794
ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە بەرەو پێشچونی ڕۆژئاوا لەم سەدانەی دوییدا بەهۆی بەدی هێنانی فەرمانڕەوایەتی سیستم و دەوڵەت بوو دووركەوتنەوە بو لەحوكمو پیرۆزیكردنی تاك، لەهەر ڕوانگەیەكەوە بێت، چ ئایینی یا سیاسی یان سەربازی یان هەر جۆرێكی ترو كۆبونەوەی دەسەڵات و حوكمیان كرد لەسیستمداو ئەو سیستمە هەردەم لەچاكسازیو گەشەدایە چ لەلایەن پەرلەمانەوە بێت یان كۆمەڵگای مەدەنی بێت یان هەر لایەنێكی تر، ئەوان بە تاقی كردنەوە زانیان و فێربون كاتێك سیستمو حوكمڕانی لەكەسان و خێزان و خێڵیانا كۆدەبێتەوە ئیتر ووڵات بەرەو قۆرخ كردنی مافەكان تیایدا دەست بەداڕمان و دواكەوتن و پاشتگیری دەوروبەرەكەی دەڕوات و ڕۆژ بەڕۆژ بەهای نامێنێت و بەرەو نەمان دەڕوات.
هەموومان بینیمان فیكری قائیدی زەرورە و هەوڵەكانی چی بە سەر عێراقدا هێنا و یەك سەدە گەڕاندیەوە دواوە،و مەقولەی ئەگەر سەدام ووتی ئەوە عێراق ووتویەتی و بەرەو چ تاریكستانێكی ناشارستانی بردین.
سەڵاحەدینی ئەیوبی توانی ئیمبراتۆریەتێكی زۆر گەورە دروست بكات لە ماوەیەكی كەمدا و باڵ بكێششت بە سەر ناوچەیەكی گەورەدا هەر لە كوردستانەوە بۆ شام و میسر و حیجازو یەمەن و سودان و توانی لووتی ڕۆژئاوای ئەو كاتە بشكێنێت و مێژووی دۆست و دوژمن شایەتی بۆ ئەدات، بەڵام كە دوای وەفاتی خۆی بنەماڵە بوونە فەرمان ڕەواو كوڕو براو برازا هەر یەكەی حوكمی وولایەتێكی ئەیوبیان گرتە دەست و لە سەر ئەرز و ماڵ كەوتنە دوژمنایەتی یەكتر ،ئەو دەوڵەتە زلە لە ماوەیەكی كەمدا توایەوەو بوە مێژوو.
بەڵێ لە سەرەتادا سەركەوتن كە بۆ چەند بەهایەك و فكرێك كاریان دەكرد بەڵام لە دواییدا كە بەهاكانیان بوو بەبەرژەوەندی كەسەكان و حوكمی ئەو كەسانە توانەوەو نەمان.
كچە گەورەكەم ساڵانێك پێش ئێستا ئێوارەیەك بە چاوی پڕ فرمێسك هاتەوە ماڵەوەو ووتم خێر كچم چی ڕوویداوە؟،ووتی باوكە لە شوێنی وەستانی پاسەكە وەستابوم و كابرایەكی زۆر پیر لە نزیكەوە و ەستابوو وبارانەكە لێی ئەداو سەرمای بوو منیش داوام لێ كرد كە بێتە ژێر چەترەكەمەو هات و پاش ماوەیەك بە تووڕەیی ووتم چۆن وا ئەبێت بەم سەرمایە ئەم پاسە چوار خولەك لە وەخت لای داوە، سەیری كردم و پێكەنی و ووتی كچم تۆ مافت هەیە بێزار بیت و توڕەبیت و شكات كەیت بەس من مافم نییە، تۆ هاوڵاتیت بەس من ئەو كەسەم كە ئەم سیستم و ووڵاتەم دروست كردوەو ئەبی پێی ڕازی ببم و چاوەڕوانی پاسەكە بكەم بەبێ دەنگ، پاش ساتێك ووتی من ئەنكەر یۆرگێنسنم،،بەڵێ ئەنكەر دامەزرێنەری سۆشیال دیموكراتی دانیماركە و پێنج خول سەرۆك وەزیران بووەو زۆر پلە و پایەی تریش، لەو ووڵاتە سیستم و حوكم و ماف پیرۆزە و سەدانی وەكو ئەنكەر ئەبێت دوای لاچونیان لە پلەی خۆیان لە مەوقفی پاسا بوەستن و مرۆڤەكان یەكسانن لە ماف و ئەركدا و هیچ كات پیرۆزی نادرێتە مرۆڤ و شوێن نی یە لەم كۆمەڵگایەدا بۆ قائید ی زەرورە و بۆیە بەختەوەرترین كۆمەڵگای سەر ئەرز هەژمارد ئەكرێن.
ئەمڕۆ تازە لە كۆمەڵگای ئێمەدا دەستمان داوەتە بت پەرستی و لە جیاتی قائیدێكی زەرورە چەند دانەیەكمان هەیە و هەر قائیدێكی زەرورە كۆمەڵێك كۆلكە قائیدی زەرورەی لە بنەماڵە و خێڵی خۆی داناوەو ئەبێت گەل خۆیان حازر كەن بۆ كوڕنوش بردن بۆیان و لە احتیاتی تیپی فتبۆڵێن ئەچن.
ئەمڕۆ ئەركی مامۆستا و خێزان و ڕۆشنیران ئەوەیە كە وانەی ڕاستەقینە بڵێنەوە بە نەوەی داهاتو كە هیچ مرۆڤێك قودسیەت و پیرۆزی تایبەتی نییە غەیری قودسیەتی بە مرۆڤ بوون و ئەوەی داوای زیاتر لەوە ئەكات پێویستە بشكێنرێت هەروەك حەزرەتی ئیبراهیم بتەكەی شكاند و هەیبەت و كەرامەتە فشۆڵەكەی بتەكەی نەهێشت لە بەردەم گەلەكەی.
ئەركی سەرشانمانە كە بە نەوەی تازە بڵێینەوە كە پیرۆزی تەنها بۆ ئەو مافانەیە كە پێمان بەخشراوە وەكو مرۆڤ لە سەر ئەم ئەرزە و مرۆڤەكان یەكسانن و ئەوەی ئەمڕۆ خۆی دەكاتە لێمان بە قائیدی زەرورە مرۆڤێكی ساكارەو و تەنها مەدح و سەنای گێلەپیاو مشەخۆرەكانە ئەم وێنە ساختەیەی بۆ دروست كردوون وەكو دەرمانە ساختەكانیان و دوا ڕۆژیشیان لە دوا ڕۆژی عەلی یەمەن و قەزافی لیبیا و قائیدی زەرورەی پێشوی خۆمان باشتر نابێت.
لە كۆتاییدا وەكو نەسیحەتێك دەڵێم و حەز ناكەم هیچ مرۆڤێك تووشی چەرمەسەرری ناخۆشی بێت، ئەوەی بە دەوری قائیدی زەرورە هەستا و لە مرۆڤایەتی ئاسایی خۆی دەرچوو ئەبێت دەورەكە تا كۆتایی شانۆگەریەكە ببینێت و بە چاڵەكەی قائیدی زەرورەی پێشو ڕازی بێت و بە شەق تێهەڵدانەكەی پشتی پیكابەكەی قەزافی و چارەنوسی كوڕەكانی سەدام و قەزافی بۆ نەوەكانیان.