ئێستاکە، تۆیش، شارەزای ئەو شارانەیت

فەرهاد شاکەلی
  2019-07-23     1070

بۆ مەرگی فەرید زامدار

لەبیرم نییە. نازانم پێش بەهاری ١٩٧٤ یەکترمان دەناسی یا نە؟ بەڵام بەهاری ١٩٧٤ تا بەهاری ١٩٧٥ ئەو فێستیڤاڵە گەورەیەی خەبات و کوردایەتی و هونەر و ئەدەب بوو، ئەوەی بەشداریی تێدا کردبێت هەرگیز لە بیری ناچێتەوە. دەیان نووسەر و هونەرمەند و سیاسەتمەدار و پێشمەرگە هەبوون، کە پێشتر هەر دووراودوور ناوی یەکدیمان بیستبوو، یا بەرهەمی یەکترمان خوێندبووەوە، بەڵام لە ماوەی ئەو ساڵەدا هەر هەموومان لە کوردستان بووین، لە کوردستانێکی ڕزگارکراودا، بە ئازادی دەژیاین و بەنووسین و بە ئەدەب و بە هونەر، بە دەنگ و بە ڕەنگ، بە بێدەنگی و بە چرکەی قەڵەم، بەشداریی شۆڕشمان دەکرد.

کاک فەرید زامدار یەکێک بوو لەو شاعیرە لاوانەی کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا دەیان جار یەکمان دەبینی و ئاشنایەتییەکی دڵسۆزانە و ڕاستگۆیانەمان پێکەوە هەبوو. دوای هەرەسی ١٩٧٥ هەر یەکێکمان کەوتە لایەک و بەسەر گۆی ئەم زەوییەدا پەرتەوازە بووین. بیستوپێنج ساڵ دواتر دیسان چاومان بە یەک کەوتەوە. ئەو کاتە ئەو لە سلێمانی دەژیا و سەرگەرمی فەرهەنگ و سیاسەتیش بوو. بەڵام سیاسەتی نەکردبووە پەردەیەک بۆ شاردنەوەی خۆی یا داپۆشینی بەرامبەرەکەی. 

ئەم جارە هەر خۆمان نەبووین، هەردوومان ماڵ و منداڵیشمان هەبوون. ئەوانیش یەکتریان ناسی و ئاشنایەتییان پەیدا کرد. ئەو مانگونیوەی لە کوردستان بووم، زۆر جار چاومان بە یەکدی کەوت و زۆر شتمان باس کردن. فەرید هەر لاوە هێمن و دڵپاک و ڕووخۆش و دڵگەرمەکەی جاران بوو. دواتریش چەند جارێک وا ڕێک کەوتووە لە سەردانەوەکانمدا بۆ کوردستان، کاک فەریدم بینیوە و یەکمان گرتووەتەوە.

ئەم جارە کە بێمەوە بۆ کوردستان، ئیتر فەرید زامدار نابینم. ئەو چووە بۆ گەشتێک، تازە ئیتر ئێرەی بە لاوە گرنگ نییە. لەوێ هاوڕێی تر و دۆستی دیکەی هەن، هەزاران دۆستی هەن، هەندێکیان ئەوانەن کە لێرە ئەویش و ئێمەیش دەمانناسین، بەڵام زۆرینەیان ئەوانەن کە نە ئێمە و نە ئەو پێشتر هەرگیز نەمانبینیون. دڵنیام لەوێ دەچێتە سەردانی گۆران و مەسعوود محەمەد و عەلائەددین سەججادی. دڵنیام سەر لە سەییاب و پوشکین و بۆدلێر و ماغووت، سێپەهری و فەڕڕوخزاد و نازم حیکمەت و بایرۆنیش دەدات. لەوێ کەس پێویستی بە تەرجومان نییە. لەوێ هەموویان هەموو زمانەکان دەزانن.

کاکە فەرید! هاوڕێکانی ئێرەت، دۆست و ئاشناکانی ئەم سەرزەوینە، هەموو بەڕێوەین بەرەو ئەوێ، بۆ بەشداری لەو فێستیڤاڵە گەورە و ڕەنگاوڕەنگ و نێونەتەوەییەدا. هەمووان بە دیداری هەمووان شاد دەبنەوە. لەوێ ئیتر نە ستەم هەیە و نە چەوساندنەوە، نە ڕەگەزپەرستی و نە داگیرکردن، نە سنوور و ڤیزا و نە پۆلیس. 

لە مەرگی مامۆستا شوکور مستەفادا شیعرێکم نووسیبوو، لێرەدا چەند دێڕێکی، لە مەرگی بەسوێی تۆدا دووبارە دەکەمەوە:

ئێستاکە، تۆیش، شارەزای ئەو شارانەیت،
ئاشنا و هاودەمی
ئەو دۆست و ئەو عاشق و ئەو یارانەیت.
ئێستا کتێبی ئاوەڵواتاکانی ڕووناکایی و
دژواتاکانی تاریکایی دەور دەکەیتەوە... 

وێنەکە [١٩٧٤]، (ڕاوەستاوەکان لە چەپەوە): لەتیف هەڵمەت، عەبدوڵڵا عەباس، کامەران قەرەداغی، محەمەد موکری، فەرهاد شاکەلی، فوئاد حەمەخورشید.

دانیشووەکان لەچەپەوە: فەرید زامدار، عەبدولوەهاب تاڵەبانی، محەمەد بەدری، جەلال میرزا کەریم، عەبدولخالق سەرسام.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×