بڕیار شه‌هید ئاسۆ، قوربانی ده‌ستی خێزانه‌كه‌یه‌تی

لوقمان غه‌فور
  2019-08-26     3466

ئه‌بێت بۆ ئه‌و ماكه‌ بگه‌ڕێین كه‌ بووه‌ هۆی مردنی یاخود باشتر بڵێن كوشتنی منداڵێكی ته‌مه‌ن 4 ساڵ. ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی نزیک مانگێک لەمەوبەر باوكی به‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعش شەھید دەبێت. به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و هه‌ڵچوونه‌ سۆزدارییه‌ی نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ قسه‌ده‌كه‌م، چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ پانتایی سۆزدارییه‌كی رووت و قوت نه‌چۆته‌ ده‌ره‌وه‌. شین و شیننامه‌ دادی نه‌ته‌وه‌یه‌ك نادا كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ناو ئاگری مه‌ینه‌تی و شه‌ڕ و كوشتاردایه‌. بۆ ئه‌مه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ منداڵه‌كان دوورخه‌ینه‌وه‌ له‌و ئاگر و شیننامه‌ و دڵته‌نگییه‌.
به‌داخه‌وه‌ ئەو دڵته‌نگی و بێزاری و نه‌گبه‌تییه‌ی كه‌ رووبه‌رووی خۆمان ده‌بێته‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵیده‌واسین به‌ ملی منداڵه‌كانیشمدا. له‌دوای نه‌خۆش كه‌وتنی بڕیار و مردنی ئه‌و منداڵه‌ ته‌مه‌ن 4 ساڵه‌ زۆر شت نووسراوه‌ و زۆر شتیش وتراوه‌، به‌ڵام ده‌ست بۆ برینه‌كه‌ نه‌براوه‌ جا یان كه‌س ناوێرێت یان دركی پێناكه‌ن.
با بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و دیكۆره‌ روخاوه‌ی كه‌ به‌خێوكه‌رانی باشوری كوردستان هه‌میشه‌ بۆ منداڵه‌كانیان ئه‌یڕازێننه‌وه‌. هه‌میشه‌ شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن و منداڵه‌كانیان ئه‌كه‌ن به‌ پاڵه‌وانی سیاسه‌ت. كه‌ ئێمه‌ پێشتر باسمان له‌وه‌ ده‌كرد با منداڵه‌كان دوورخه‌ینه‌وه‌ له‌ سیاسه‌تی كوردستان دانه‌نیشن شیكردنه‌وه‌ی سیاسی بكه‌ن و به‌ دیار سروودی نیشتمانی و پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیده‌وه‌ رایاننه‌گرین. هه‌ندێك ئه‌م ده‌نگانه‌ی ئێمه‌ی به‌ نه‌یاری ئه‌زموونی نادیموكراسی كوردستانی باشور داده‌نا. به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئه‌م خێزانه‌ به‌ده‌ستی خۆیان منداڵه‌كه‌یان له‌ گه‌ڵ باوكیدا برده‌ ژێر گل.
هیوادارم كه‌ هیچ كه‌سی تر و هیچ خێزانێك شه‌هیدی نه‌بێت، چونكه‌ من خاوه‌نی ئه‌و دۆخه‌م ئه‌زانم خێزان ئه‌كه‌وێته‌ ناو چ دۆخێكی ناخۆشه‌وه‌. من له‌ پۆلی شه‌شه‌می زانستی و كۆتایی تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كه‌لۆریا بووم كه‌ براكه‌م شه‌هید بوو. ئه‌و دۆخه‌ قورسه‌، كه‌م كه‌س هه‌یه‌ به‌رگه‌ی بگرێت، به‌ڵام دڵنیام ئه‌توانین منداڵه‌كانمان دوورخه‌ینه‌وه‌ له‌و كه‌شوهه‌وا سه‌خته‌ كه‌ منداڵ تا ته‌مه‌نی 7 ساڵیش زۆر دركی پێناكات. له‌كاتێكدا به‌داخه‌وه‌ دایكی بڕیار نه‌یتوانی منداڵه‌كه‌ی دوورخاته‌وه‌ له‌و كه‌شوهه‌وا ترسناكه‌ و وه‌ك ئه‌وه‌ی پاڵه‌وانی فیلمێكمان نیشان بدات منداڵه‌كه‌ی ئه‌باته‌ سه‌ر قه‌بری باوكی و پێی ئه‌ڵێن ئه‌م هه‌موو به‌ردو خۆڵه‌یان كردووه‌ به‌سه‌ر باوكتدا، تۆزێ له‌م به‌ردانه‌ بكه‌ره‌ گیرفانته‌وه‌، تۆقاندنی هه‌ستی هه‌م منداڵه‌ به‌م وتانه‌ وا له‌ منداڵه‌كه‌ ئه‌كات بیر بكاته‌وه‌ ئه‌ویش وه‌ك باوكی به‌ردو خۆڵ ئه‌كه‌ن به‌سه‌ریدا.
ئه‌م په‌روه‌رده‌ ترسناكه‌ وه‌ستانێكی توندی ئه‌وێت. ناكرێت منداڵێك كه‌ هێشتا نازانێت ژیان چییه‌، تۆ مردنی باوكی پیشان بده‌یت، ئه‌وه‌ی ئه‌و دایكه‌ كردوویه‌تی نه‌ ئازایه‌تییه‌، نه‌ قاره‌مانێییه‌. به‌ڕاستی ئینسان نازانێت چی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بنووسێت! ئینسان نازانێت چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ بكات! ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ وه‌ك چۆن گه‌وره‌كانی تێدا بووه‌ به‌ قوربانی سیاسه‌ت، كه‌سێك نییه‌ خه‌می ئه‌و نه‌وه‌یه‌ بخوات كه‌ 20 ساڵی تر ئه‌بێت به‌ به‌رهه‌مێكی نوێ بۆ كۆمه‌ڵگه‌. ئه‌وه‌ی گه‌وره‌كان خۆیان دڵیان ئه‌یخوازێت و دڵی پێی ته‌نگه‌ ئه‌یانه‌وێت منداڵه‌كه‌شیان دڵی پێی ته‌نگ بێت.
له‌وانه‌یه‌ پێتان سه‌یر بێت تا ئێستا هه‌ردوو كچه‌كه‌م نازانێت سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌تی كوردستان و سه‌رۆكی عیراق كێیه‌!؟ له‌وانه‌یه‌ پێتان سه‌یر بێت ته‌مه‌نی گه‌یشتووه‌ به‌ 22 ساڵ نه‌مهێشتووه‌ بۆ یه‌ك سات گوێ له‌سیاسه‌ت بگرێت. ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌ی دایكی بڕیار بێت، ئه‌بوو هاوسه‌رانی سه‌ربازانی ئه‌مریكا له‌ماوه‌ی ساڵی 2000 -2008 به‌ لێشاو منداڵه‌كانیان ببردایه‌ بۆ سه‌ر ته‌رمی باوكیان و پێیانبوتنایه‌ رۆڵه‌ باوكیان له‌عیراق كوژرا. ئه‌مه‌ گۆڕی باوكتانه‌.
من قسه‌ له‌سه‌ر مردن و ژیان ناكه‌م. ئه‌مه‌ ته‌نیا ئیلاهی لێی به‌رپرسه‌، به‌ڵام ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ی كه‌ بڵاوبۆته‌وه‌. له‌ دوو تایمی جیاواز گفتۆگۆیه‌ له‌نێوان بریار و ژنێك كه‌ من وای بۆده‌چم دایكی بێت. پێمان ده‌ڵێت: ئه‌و منداڵه‌ قوربانی ده‌ستی ئه‌و خێزانه‌یه‌. ئه‌و دایكه‌ وه‌ك چۆن مێرده‌كه‌ی له‌كیسچوو لاشعورییانه‌ منداڵه‌كه‌ی له‌كیس خۆیدا. ئاخر من سه‌رمسوڕماوه‌ بۆ ئه‌م دایكه‌ به‌ منداڵه‌كه‌ی ئه‌ڵێت باوكه‌ گیانیش نه‌ما! پێش هه‌موو شت بۆ ئه‌هێَڵیت ئه‌و جه‌ده‌ل و گفتوگۆیه‌ بكرێته‌وه‌. بۆ پێی ناڵێیت باوكت له‌ گه‌شتێكی دوورو درێژه‌ چووه‌ بۆ هه‌نده‌ران دواتر ئێمه‌ش ئه‌با. بۆ ئێمه‌ی كورد له‌شه‌و رۆژێكدا توانای سه‌د درۆی ره‌شمان هه‌یه‌، به‌ڵام ناتوانین له‌دۆخێكی ئاوادا درۆیه‌كی سپی بكه‌ین؟
دوا قسه‌ی من ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سوكاری ئه‌م خێزانه‌ ئاگایان له‌ سێ كوره‌كه‌ی تری شه‌هید ئاسۆ نه‌بێت تووشی ده‌یان نه‌خۆشی و گرفتی ده‌روونی ئه‌بن. له‌نێو ئه‌م هه‌موو ژینه‌ ناخۆشه‌دا، پێم سه‌یره‌ مایكی ته‌له‌فیزیۆنێك خراوه‌ته‌ به‌رده‌می كوڕێكی نۆ ساڵه‌یان ئه‌ڵێ هه‌ستت چۆنه‌ به‌رامبه‌ر شه‌هیدبوونی باوكت و مردنی براكه‌ت؟ كه‌سێكی ئازا و به‌جه‌رگی لێ نییه‌ یه‌ك شه‌ق هه‌ڵدا له‌ مایكه‌كه‌ و پێی بڵێت ئه‌مه‌ نه‌ ئازایه‌تییه‌ نه‌ دروسته‌ و خیزانه‌كه‌ خۆی كۆڵه‌واره‌، كۆڵه‌وارتری مه‌كه‌.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×