بۆ پەرلەماتارە بەڕیزەکان‌و وەزیری پەروەردەو وەزیری ناوخۆ

جیهاد محەمەد
  2019-09-02     820
١ ـ بەڕێز وەزیری پەروەردە، هەنگاوێکی باشت نا بۆ گەڕانەوەی بایەخدان هەم بە زمانی دایک و هەم بە خوێندنگا حکومییەکان. باشترین هەنگاوی دووەم لەم ژینگە کۆمەڵایەتیە نەخوازراوە داڕزاوەی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستاندا، کە بە ئاشکار و لەبەردەمی دادگادا بەو پەڕی لە خۆبایی و نەسڵەمینەوە لە بەهای مرۆڤی ژن و نەسڵەمینەوە لە هیچ جۆرە ئەخلاقێکی کۆمەڵایەتی، ژن دەدرێتە بەر گولە و دەکوژرێت، لەم بارودۆخە کۆمەڵایەتیە شێواوەدا، خوێندنی وانەی ئەخلاقە لە فێرگەکاندا، هەر لە باخچەی منداڵانەوە تا دەگات بە زانکۆکان و خودی زانکۆکانیش، باشترین هەنگاوی پێشکەوتووە، دیارە هەرچ قۆناغێک لەو قۆناغانەی خوێندن، وانە و فێربوونی ئەخلاق بە گوێرەی خۆی و تەمەنی فێرخوازان پێویستە.
خوێندنی وانەی ناتوندوتیژی و بەرنگاربوونەوەی توندووتیژی بەرامەبەر بە مێینە، بە لای منەوە و بە گوێرەی قسەی پەروەردەناسان و فەیلەسوفەکانی پەروەردە باشترین و سەردەمیانەترین خوێندن و فێربوونە.
منداڵانی باخچەی ساوایان پێویستە فێری دادپەروەری و یەکسانی بن، فێری مامەڵەیەکی دادپەروەرانە بن لەگەڵ یەکتریدا. فێری ئەوە بن، کە یاریکردن و خۆشەویستی هاوڕێیەتی لەگەڵ یەکتریدا لە نێوان کوڕ و کچەکاندا دروست بێت، تاقمی کچان و کوڕان دروست نەکرێت و تێکەڵی یەکتری بن لە کاتی یاریەکانیاندا.
لە قۆناغەکانی تری خوێندندا، منداڵ و مێردمنداڵ و خوێندکارەکانی تەمەن ١٦ ساڵ و بەرەوژورتر فێری ناتوندوتیژی بکرێن، هەر لە ڕێگەی وانەی ناتوندوتیژیەوە فێری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە مێنیە بکرێن.
ئەم بابەتە پێویستی بە بڕیاری وەزیری پەروەردە هەیە، کە لای من باشترین بڕیاری پێشکەوتووە بۆ ئەو ژینگە ناشیرین و دزێوەی کە مێنیەی تێکەوتووە، بووە بە کارەسات و دەیان و سەدان تاوان ساڵانە بەرامبەر بە مێینە دەکرێت.
٢ـ بۆ گەشەپێدانی بڕیارێکی وا لە لایەن وەزیری پەروەردەوە، پێویستە پەرلەمانتارەکان بڕیارێکی دیکە دەربکەن دژ بە توندوتیژی ناو خێزانەکان. بڕیار و یاسایەک دژی بەکارهێنانی توندوتیژی لە ناو خێزانەکاندا بەرامبەر بە مێینە، ئەم بڕیارە پێویستە بە زووترین کات دەربچێت، ئەوەندەش وردەکاری تێدا بێت، کە مێینەکانی ناو هەرچ خێزانێک نەترسن لە تۆمارکردنی ساکاڵاکانیان بەرامبەر بە دایک و باوک و خوشک و برا گەورەکانیان لە کاتێکدا کە بە چاوێکی نزمتر و جیاوازتر لە نێرینەکانی ناو خێزان تەماشا دەکرێن. ئەم دوو بڕیارە، دەبێت بە بناغەیەک بۆ پشتیوانی لە مێینەی زوڵملێکراو، دەبێت بە زانین و هەستکردن بەوەی کچ و کوڕ لە ناو خێزان و فێرگە و کۆمەڵگەدا جیاوازیان نییە، بەم جۆرە ژینگە توندوتیژیەکەی بەرامبەر بە مێینە ساڵ بە ساڵ کەمدەبێتەوە و نامێنێت.
٣ـ بڕیاری سێیەم، بڕیاری وەزارەتی  ناوخۆیە، بۆ پۆلیسە بەڕێزەکان، کە ببن بە هاوڕێ و هاوەڵی مێینەکان لە کاتی هەستکردن بە توندوتیژی بەرامبەریان، ئەمەش بە کردنەوەی خول و فێرکردن و ڕاهێنانی پۆلیسە بەرێزەکان بۆ هەستکردن بە بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە هەرچ مێینەیەک لە بازاڕدا کە هەراسان دەکرێن، لە ناو خێزانەکانیاندا کە دەچەوسێنرێنەوە. لە هەرچ شوێنێکی کارکردندا کە مێینە هەبێت، پێویستە پۆلیس بە چاوی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەوە چاودێری مێینەکان بکات، کە نێرینەکان توندوتیژی و سوکایەتی نەکەن بەرامبەریان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×