لە کەناری دارووخاندا!

دڵشاد ئەنوەر
  2019-09-12     877
گەر بە دیقەتەوە لە دۆخی ئێستای هەرێم بروانین و بەراوردی بکەین بەو رژێم و سستمانەی لەناوچەکەدا ڕووخاون، دەردەکەوێت ئەو فاکتەرانەی هۆکاربوون بۆ داڕووخانی ڕژێمەکان، بەزیادیشەوە لە دەسەڵاتی ئێستای هەرێم بوونیان هەیە.
شتێک نەماوە بەناوی حکومەت و دەوڵەت و دامەزراوە لەهەرێمدا، ئەوەی هەیە گروپ و کوتلە و تاقمە کە بەرێوەی دەبات، بەڵام فاکتەرە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکان، دەسەڵاتی لەق و بنکۆڵکراوی هەرێمی تا ئێستا هێشتۆتەوە.
دۆخی ئێستای هەرێم، ڕێک وەکو دۆخی ئێرانی ساتی داڕووخانی محەمەد رەزا شایە، هەموو ئەو فاکتەرانەی محەمەد ڕەزا شای لەکورسی دەسەڵات فڕێدایە خوارەوە، ئێستا بە دەسەڵاتی هەرێمەوە دەبینرێن، بەڵام بۆ هەرێم تا ئێستا بەرگەی گرتووە؟
دەسەڵاتی هەرێم لە دەسەڵاتی شای ئێران بەهێزتر نیە، تەنها جیاوازی ئەوەیە، شا بەدیلی هەبوو، خەڵکی ئێران بە ئومێدەوە کاریان بۆ ڕووخانی و هێنانە سەر دەسەڵاتی بەدیلەکەی دەکرد کە خومەینی بوو، لەکاتێکدا حیزبی کوردی هەر خۆیان بەدیلی خۆیانن و هەموویان کۆپیکراوی یەکترین، بۆیە خەڵک لەو پەڕی نائومێدیەوە لە دۆخەکە دەڕوانێت.
دابڕانی خێزانی شا و بێ ئاگابوونیان لە گرفتەکانی کۆمەڵگای ئەوکاتی ئێران، دانانی خەڵکی نەشیاو لە پۆستە گرنگ و هەستیارەکان، تێوەگلانی بەرپرسانی باڵا و بەتایبەت خێزانی شا لە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و کەرەستەی شوێنەواری، لەگەڵ دەورەدانی دەسەڵات بە حاشیەیەکی هەلپەرست، کە زانیاری هەڵەیان لە بارەی دۆخی وڵات دەدایە دەسەڵاتداران، هەموو ئەوانە بوونە هۆی ڕووخانی دەسەڵاتی خێزانی پەهلەوی.
تەنانەت هەندێک ڕووداوی سەیر لە بارەی بێ ئاگابوونی بنەماڵەی پەهلەوی لە وەزعی کۆمەڵگا و بەهەڵەبردنیان لەلایەن دارودەستەکانیان دەگێڕدرێتەوە، وەک فەریدە دیبای خەسوی محەمەد رەزا شا دەیگێرێتەوە، ئێوارانێک لەگەڵ شا و کچەکەیدا لە کۆشکدا دەبن، کاتێک سەرۆکی پاسەوانی کۆشک، شا لە وەستانی دوو گوندنیشین لەبەردەم کۆشکدا ئاگادار دەکاتەوە، کە مەڕێکی قەڵەویان پێ یە و داوای بینینی شا دەکەن.
کاتێک شا رەزامەندی دەردبڕێت و دوو گوندنیشینەکە دەچنە لای، هۆکاری بردنی مەڕەکە بۆ شا دەگێڕنەوە بۆ باشبوونی دۆخی گوندەکانی ئێران و خۆشگوزەرانیان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی شادا.
بێگومان شا بەمە دڵخۆش دەبێت، بۆیە رۆژنامەگان ئاگادار دەکەنەوە تا مەسەلەکە بکەنە راپۆرت و بڵاوی بکەنەوە، بەڵام پاسەوانی کۆشک لەمەسەلەکە دەکەوێتە گومانەوەو لێکۆڵینەوە دەکات، بۆی دەردەکەوێت ئەو کابرای مەڕەکەی هێناوە ئەسڵەن گوندنیشین نیە، بەڵکو مەسەلەکە سیناریۆیە و بەرپرسانی حکومەت دایانڕێژاوە، تا خۆیان لای شا خۆشەویست بکەن.
ئەو ڕووداوانەی لە سەردەمی شادا ڕوویانداوە و دەلالەت بوون لە بێ ئاگایی دەسەڵات لەخەڵک، کە دواتر بوونە مایەی مەرگی بنەماڵەی پەهلەوی، ئێستا رێک بە شێوازی تر لە هەرێم دا دووبارە دەبنەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێم لە زۆر ڕووەوە لە دەسەڵاتی ئێرانی سەردەمی شا دەچن، بەتایبەت لەمەسەلەی سەرقاڵبوونی دەسەڵاتداران بە هەوەسبازی، بازرگانی و دەستبردن بۆ زۆر شتی تر، لەسەرووی هەمووشیەوە دروستبوونی درز و پەیدابوونی قەیرانی متمانە لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا..
ڕووداو و فاکتەرەکان لەنێوان دۆخی ئێستای هەرێم و ئێرانی سەردەمی شا وەک یەکن ، بەڵام دەرئەنجامەکان زۆر جیاواز دەبن.
کێشە کەڵەکە بووەکانی سەردەمی شا ئومێدی گۆڕانکاری بۆ خەڵکی ئێران بەدواوە بوو، کە دواجار سستمێکی سەڵتەنەتیان ڕووخاند و سستمێکی رۆحانیان هێنایە سەر دەسەڵات، بەڵام ئەمە بۆ هەرێم جیاوازە، خەڵک لەوپەری نائومێدیدایە و هێزی بەدیل بوونی نیە، ئەمەش جێگەی گەورەترین مەترسیە، کە ڕەنگە بەردەوانی سوڵتە لەسەر خراپەکاری و بێ بەدیلی، داڕووخانی یەکجارەکی قەوارە سیاسیەکە و کۆتایی هاتنی لێبکەوێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×