داڕمانی کولتوری و نەبوونی سیاسەتێکی کولتوری تۆکمە.. داخستنی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە بە نمونە

زامۆئا داراغا
  2019-09-30     712
ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەڕێت دەرئەنجامە هۆکاری ئەو سیاسەتە کولتوریە هەڵانەیە کە لەم 28 ساڵەی رابووردودا کراوە, قوربانی یەکەمی هەموو شکستێکی سیاسی هونەر و ڕۆشنبیری و کولتورە ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەرێتەوە, یەکێک لە و هۆکارانە ئامادە نەبوونی ئەعەقڵیەتی بەرێوەبرنە ( منجمێنت ) و نەبوونی سیاسەتێکی کولتوری سەربەخۆ کە ئەمە وایکردوە هونەر و ڕۆشنبیری وەک پاشکۆ دەربکەوێت وە لە پێناو بەرژەوەندی دەستە و تاقمێکدا.
لەگەڵ نەمانی ئەو دەستە و تاقمانەدا ئەم دەزگا هونەریانەش نامێنن, هەموو مان مێژووی ئەمنە سوورەکە دەزانین چەند گرنگە بۆ شارێکی وەک سلێمانی لە ڕووی سیاسی و مێژوویەوە, لێرەدا دەمەوێت ئەو خاڵە بخەمە ڕوو کە چۆن کێشەی نەبوونی سیاسەتێکی ڕوون و شەفاف وا دەکات پڕۆژەیەکی گەورەی وەک
( مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە ) کەلە ژێر ناوی ( تا لە یادمان نەچێت ) شکست بهێنێت.
پڕۆژەکە ئەم چالاکیانە لە خۆ دەکرێت:- گەلەری ئەمنەکە, سینەما, هۆلی کەلەپوور, هۆلی ئاوێنە, زیندانەکانی ڕژێمی پێشوو, هۆلی کۆرەو, هۆڵی ئەنفال, هۆلی مین, هۆلی پێشمەرگە.
ئەوەی گرنگە لێرەدا باس بکرێت بیرۆکەی گۆرینی ئەمنە سوورەکە لە دەزگایەکی داپڵۆسێنەرەوە بکرێت بە شوێنێکی کولتوری بەبێ ئەوەی ناسنامەی شوێنەکە لەدەست بدان, بەڵام بوونی ئەم هەموو چالاکیانە کە زۆربەیان بەبێ پلان بووە وە پرسیاری جدی لە بارەیەوە نەکراوە زۆر ساویلکانە بووە بۆ نموونە بوونی ( نمایشی فەرش ) دەبێت چ سودێکی هەبێت لەناو ئەم شوێنەدا؟؟ وە هەروەها هەندێک لەو چالاکیانە دووبار و سێ بارەن لە زۆربەی زۆری پرۆژەکانی تری شاردا بونیان هەیە کە ئەمە وایکردووە ببیتە هۆی فەشەلی پڕۆژەکە هەر لە سەرەتاوە.
خالێکی کە زۆر گرنگە ئەویش ئەوەیە بۆ تا ئێستا ئەم شوێنە نەخراوەتە سەر بەشی شوێنەواری سلێمانی یان بەرێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی , ڕاستە لە سەرەتاوە بیرۆکەکە وە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە حیزب کردوێتی وە کەسانی دڵسۆزی لە پشت بووە بەڵام مانەوەی ئەم شوێنە وەک شوێنێکی حیزبی بە زەرەرێکی گەورە کەوتۆتەوە کە بە باوەڕی من لە دوای ڕۆخانی ڕژێمی بەعس واتا لە ساڵی 2003 وە دەبوو بە فەرمی ئەم مۆزەخانەیە بگەرایەتەوە سەر فەرمانگەی شوێنەواری سلێمانی بۆ ئەوەی بتوانرایە زیاتر بەرەو پیش بچوایە وە لە خاوەندارێتی حیزبی بگەڕایەتەوە بۆ مولکی گشتی و سەر بە فەرمانگەی شوێنەواری سلێمانی بۆ ئەوەی بتوانرایە کەسانی پسپۆر و شارەزا بۆ دابین بکرایە وەک لە ئێستادا چۆن مۆزەخانەی سلێمانی ناوبانگی دەرکردووە لە سەر ئاستی عراق بە هەمان شێوە ئەمنە سوورەکەش دەبووە شوێنێکی گرنک هەم لەسەر ئاستی سلێمانی و هەم لەسەر ئاستی عراق.
بە دەزگا بوونی ئەم شوێنەوارانە وە دانانی سیاسەتێکی کولتوری تۆکمە و ڕوون و ئاشکرا زۆر گرنگە هەبێت , بە پێجەوانەوە نەبوونی پلان وستراتیجی سیاسەتی کولتوری دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم شوێنانە بکەونە ژێرهەڕەشەی نەمان و لە ناوچوونەوە, من لێرەوە دەپرسم دەبێت چارەنوسی مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە چی لێبێت ؟؟ ئایا بەرەو کوێ دەڕوات؟؟
من داوادەکەم کە ئەم شوێنە بخرێتە سەر فەرمانگەی شوێنەواری سلێمانی وەک شوێنێکی مێژووی مامەڵەی لە گەڵ بکرێت و بەڕەو پێش ببرێت, چونکە ئەو شوێنە مولکی گشتیە وە هەروەها مێژووەکەشی مێژووی گشتیە پەیوەندی بە هەموو خەڵکی شارەوە هەیە وە بووە بە ڕەمزێک بۆ ڕاپەرینی ساڵی 1991 لە مێژووی گەلەکەماندا, تا ئێرە من سوپاسی ئەرک و ماندوو بوونتان دەکەم کە توانیتان ئەم شوێنە بپاریزن و بیکەن بە مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە, بەلام بۆ ئەوەی ئەم شوێنە لە فەوتان و ڕووخان ڕزگار بکەین پێوستمان بەوەیە کە سیاسەتێکی کولتوری تۆکمە بنیاد بدەین بە بەرێوەبەردنێکی سەردەمیانە کە ئەو شوێنە ناسنامەی خۆی ون نەکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×