له‌باره‌ی‌ ڕۆژئاوای‌ كوردستانه‌وه‌

ئه‌دهه‌م بارزانی
  2019-10-08     1315
خوشك‌و برای خۆشه‌ویستم
كوردستانیانی ئازیز
پاش تێپەڕینی چڵ‌و چوار ( ٤٤ ) ساڵ بەسەر کارەساتی نسکۆ پێهێنانی شۆڕشی مەزنی ئەیلول لەکوردستانی باشور، هەمو هاوکێشەکان بەشێوەیەکی ریشەیی لەسەرتاسەری جیهان، گۆڕان‌و پەرەسەندنی جەوهەری مەزنیان بەسەرداهاتووە. لێ مخابن ئەوەی نەگۆڕاوە، متمانە کردنی کورد بووە بەئەمریکایەک کە نەدەبوو بەو شێوە رەهایە متمانەی پێبکرێت.

ئەوەی ئەمڕۆ لەکوردستانی رۆژئاوا رویدا، نسخەی ئامادەی ئەو سناریۆیە شومە سیاسیە بو، کە کسینجەری ئەندازیاری سیاسەتی دەرەوەی ئەو دەمی ئەمریکا دژی شۆڕشی سەرتاسەری گەلی کورد، لە کوردستانی باشور جێبەجێی کرد.

هەروەک شۆرشی ئەیلول بەهەموو گەورەیی خۆیەوە به‌رێبه‌رایه‌تی بارزانی موسته‌فا، لەدیدی ئەمریکای بەرژەوەند پەرەستەوە ، تەنیا بایی ئەو ئێمتیازە بوو، کەشای ئێران کەنداوی پێوەر بگرێت، خوێنی یازدە هەزار شەهیدی رۆژئاواو دو هزار شه‌هیدی باشّور لەدیدی بەرژەوەندی ئەمریکای سەردەمی ترامپەوە، هەر ئەوەندە گرنگی‌و بایەخی هەیە، کە دڵی تورکیای پێ رازی بکرێ، کە نە لەهەڵوێست‌و بەیانێکی فەرمی کۆشکی سپی، بەڵکوو لە تویتێکی بازرگانانەدا بنوسێت، و بلێت ئێمە لە بەرابەر هاوکاری کوردەکان گۆژمەی گەورەی پاره‌و و کەلوپەلێکی زۆرمان پێدان.

بەتیبینیکردنی بارودۆخی ناجێگیری عێڕاق و ئەو شەپۆلە مەزنە مرۆڤیەی، کە چاوەڕوان دەکرێ لەئەنجامی هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات واته‌ كوردستانی روژئاوا بکەوێتەوەو بڕژێتە ناو خاکی کوردستانی باشورو ئایەندەی هەرێمەکەمان ، دەبێ خوێندنەوەمان بۆ سیاسەتی ئەمریکا و ئاستی متمانەداری بە بەڵێنەکانی ئەو وڵاتە بەتایبەتی دوای ١٦ ئوكتوبه‌ری ٢٠١٧ و ئەو پشتتێکردنە تراژدیەی ئێستای کوردی رۆژئاوا چۆن و لە چ رادەیەکدا بێت.

زور جێگای داخه‌ كه‌ ٢٠٠٠ شه‌هیدو ١١٠٠٠ بریندار ی كوردستانی باشور، و ١١٠٠٠ شه‌هید و ٢٠٠٠٠ برینداری كوردستانی روژئاوا له‌شه‌ری گه‌وره‌ی دژ به‌تروریستانی داعش به‌شه‌رێكی سه‌خیف‌و قه‌بیله‌ی له‌لایه‌ن سه‌روكی ئه‌مریكا وه‌سف بكرێت، پێویسته‌ له‌ سه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد پێداچونه‌وه‌یه‌كی بنه‌ره‌تی له‌سیاسه‌تی خویدا بكات و نه‌هێلێت چیتر ئه‌م دوزه‌ ره‌وایه‌ به‌ره‌و هه‌لدێر ببردرێت.
باوه‌ر به‌ خۆ بوون و یه‌كرێزیمان ته‌نها رێگای سه‌ركه‌وتنمانه.
خوای گه‌وره‌ پشتوو په‌نامان بێت .

براتان
ئه‌دهه‌م بارزانی
٨-١٠-٢٠١٩
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×