دەربارەی جەوهەری نائیسلامی پەلاماردانی کوردو ئەرکی موسوڵمان و ئیسلامخوازی کوردستانی

ئەبوبەکر عەلی
  2019-10-12     1802
لە دیدی ئیسلامیەوە ، لەسیاسیەتدا ، زوڵم‌و دادپەروەری، زیان ‌و بەرژەوەندی‌و هاوشێوەكانیان پێوەر ی ڕیزبەندی و داوەریکردنن. نەك (كوفر) و (ئیمان). هەر لەسەر ئەم بناغەش، ستەمی موسڵمان یاخود ئیسلامیەك ، نەك هەر ڕەوا نیە، بەڵكو قێزەونترە، بە حوكمی ئەوەی تێکەڵ بەناوی خوا‌و ئیسلام‌و پیرۆزییەكانی دەبێت.
هەربۆیە تۆ بۆت هەیە بەرامبەر موسڵمانێکی دەستدرێژیکار ، بەرگری لە خۆت بكەیت : [فَإِن بَغَتْ إِحْدَاهُمَا عَڵی الْأُخْرَیٰ فَقَاتِلُوا الَّتِی تَبْغِی ... ] . كورد سەد ساڵ زیاترە دووچاری (بغی) بۆتەوەو زوڵمی لێدەكرێت. لێرەشەوە ،ئیسلامی بوونی سەرۆکی تورکیاو دەسەڵاتدارانی ئەووڵاتەو هەر وڵات و هێزێکی تر ، هیچ لە سروشتی دەستدرێژیكارانەی هەڵمەتی سوپاكەیان دژبە گەلی کوردستان و خواست ومافەکانی ، بەمافی سەربەخۆبوونیشەوە ناگۆڕێت . دینی ‌و نادینی بوونی پەكەكە و هەرهێزێکی تری کوردستانیش ، هیچ لە عادیلانە بوونی مەسەلە ی کورد ناگۆڕێت. چونكە خۆیان هەرچی بن ، نوێنەری مەسەلەیەكی ڕەوان كە مەسەلەی كوردە. لەم چوارچێوەدا دەكرێت و هەندێ جار پێویسە، لەسەر هەڵە سیاسیەكانی پەكەكە‌و پەیەدە‌و هێزەکانی تر بووەستین و ڕەخنە لە تەکتیك و شێوازی خەبات و جۆری بەڕێوەبردنی ململانێکان و شرۆڤە سیاسی و دیاریکردنی هاوپەیمانیەتیەکانیان بگرین .وەك بەشێك لە خزمەتکردنمان بە بزوتنەوەی سیاسی گەلەکەمان لە پارچە جیاوازەکانی کوردستاندا.. ئێمەش یەکێ لەو قەڵەمانە بووین لە ڕابردوودا ئەو ئەرکە نەتەوەییەمان ئەنجام داوە. ئەمە جیاوازە لە کەمتەرخەمی بەرامبەر مەسەلەی نەتەوەکەمان بەپاساوی فیکری جیاواز یاخود ئەدای خراپی سیاسی هێزەکان. هەر لەم چوارچێوەدا و بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر دەکرێت لە پەیوەندی بە ئیسلام وسەرجەم ئەو لەشکرکێشیانەی دەکرێنە سەرمان، پەلاماری ئەمجارەی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا بە نموونە وەربگرین و، سەرنج بۆلای ئەم خاڵانەی لای خوارەوە ڕابکێشین :
1. توركیا وڵاتێكی نەتەوەییە. بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی چۆن بخوازێت وادەكات.
2. سوپای توركیا سوپایەكی نەتەوەییە ‌و بۆ شكۆمەندی تورك‌و توركیا شەڕدەكات .
3. خاكی توركیا یەکسان نیە بەخاكی موسڵمانان ‌و نەتەوەی توركیا نەتەوەی ئیسلامی نیە ‌و دەوڵەتی توركیاش خەلافەتی ئیسلامی نیە. بەڵكو هەموو ئەوانە بەرهەمی مۆدێرنەی خۆرئاوا وکەمالیزمن.
4. لە هەرکات وشوێنێکدا دەوڵەت‌و سوپای توركیا هەست بكەن بەرژەوەندی نەتەوەییان دەیخوازێت ، هەرگیز گوێ‌ بە عەقیدەی هێزی بەرامبەر نادەن. مەگەر لە ئێستادا هەزاران سەرپۆش بەسەر ‌و پیاوی موسڵمان ‌و پابەندی جەماعەتی گوڵەن لە زیندانەكانی توركیادا نین، لەبەر ئەوەی جوڵانەوەكەیان تۆمەتبارە بە بەشداریكردن لە كودەتا سەربازییەكەدا؟ مەگەر توركیا پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل نیە‌و ساڵەهای ساڵ ئیسرائیل یارمەتی توركیای نەداوە لە شەڕی دژبە پەکەكەدا‌و، (5)ملیار دۆلار قەبارەی بازرگانی نێوانیان نیە؟ هەر بۆیە ئەگەر هێزێكی ئیسلامی چەکداری كوردیش داوای مافەكانی گەلەكەی بكات وملکەچی خواستەکانیان نەبێت ‌، بێ‌ هیچ دوودڵیەك شەڕیان لەگەڵ دەكات وهەوڵی تەفروتونا کردنیان دەدا. چونکە ئەوە لۆژیکی دەوڵەتی نەتەوەیە کە کێشەی لەگەڵ فرەنەتەوەیی ناوی هەیەو ئامادە نیە وەك ئەوەی پێویستە دان بە ناسنامە نتەوەییە جیاوازەکانی ناویدا بنێت.
5. ئەگەر رەخنەی توركیا لە پەكەكە عەقیدەی پەكەكەیە نەك مەسەلەی كورد، خۆ لە بنەڕەتدا پەكەكە دژ بەنیزامێكی عەلمانی نەتەوەپەرستی داپڵۆسێنەر‌و كەمالیزم سەریهەڵدا‌وەو دواتر خەباتی چەكداری دەست پێكردووە. واتە لەسەردەمی داد‌و گەشەپێداندا و دژبە دەوڵەتێکی ئیسلامی دروست نەبووە، هەربۆیە کێشەی دەسەڵاتدارانی ئێستای تورکیا لەگەڵ پەکەکە سیاسیە نەك دینی. دین وەك ئامرازی ململانێی سیاسی تێکەڵ بەپرسەکە کراوە. مەگەر چەندین جار لەگەڵیان دانەنیشتن ‌و گفتوگۆیان لەگەڵ نەكردن لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا؟ ئایە قەت بیستووتانە داوایان كردبێت پەكەكە واز لە عەقیدەی خۆی بێنێ‌؟ یاخود داوایان لێكردوون چەك دابنێن‌و لەگەڵیان رێکبكەون ‌و دواتر كاری سیاسی ئاشتیخوازانە بكەن؟
6. ئەگەر (دین) و (نادین) پێوەری سیاسەتكردن بێت دەی خۆ حیزبەكەی ئەتاتورك (جەهەپە) كە لە مێژووی نوێدا شت نەماوە بە ئیسلام و ئیسلامیەکانی ئەو وڵاتە ی نە کات هێزی گەورەی ئۆپۆزسیۆنە؟ چەندەها ناوەند‌و كەس هەر لەم چوارچێوەدا هەن بۆ رێگا بەبوونیان دەدەن؟ لەوەش سەیرتر ئەم پارتە پشتیوانی لە سەرۆك وهەڵمەتەکەی سوپا دەربڕی.پرسیار لێرەشدا ئەوەیە تۆبڵێی ئەم پشتیوانی دەربڕینە لەسۆنگەی سروشتی دینی شەڕەکەوە بێت؟!
بۆیە دەبێت بەرچاو ڕوون بین، راستە چەپ بوونی پەكەكە لەهەندێ ڕوەوە بۆلێدانی مەسەلەی کورد بەکارهێنراوە وزیانمان لێکردووە کەئێرە جێگەی ئەو باسە نیە، بەڵام بەكارهێنانی ناوی ئیسلام‌و خوێندنی سورەتی (فتح) لە مزگەوتەكانی تورکیادا ، سروشتی نەتەوەیی شەڕەكە ناگۆڕێت‌و سوپای تورك ناكات بە ڕیزی باوەڕداران‌و بەرامبەرەكانی بە بێباوەڕ ‌و موشریك. چونكە ئەو سوپایە ، بە درێژایی مێژووی نوێ‌ سوپای زوڵم بووە، سوپای دژایەتی ئیسلام و (كورد) ودیموکراسی بووە.
7. تێكەڵكردنی ناوی ئیسلام بەم شەڕە (استغلال)كردنێكی قێزەونی دینە بۆ سیاسەتێكی نەتەوەیی و گەرمكردنی ڕای گشتی ‌و پاساودانی جەنگەکەو پشتیوانی لە هەڵمەتەكە. بۆیە دەبێت ئەو جۆرە بەكارهێنانەی دین بە خراپە ‌و زوڵمکردن بەرامبەر خودی ئیسلام‌و بەهاكانی بزانین. بە بوێریەوە ئیدانەی بكەین ‌ولەڕوی هەڵماڵین،. ئەگەر دڵسۆزی ئیسلام‌و گەلەكەمان بین، لێسەندنەوەی رەوایەتی لەم جۆرە بەكارهێنانە ی دین ئەرکێکی ئیسلامی وئەخلاقی نیشتمانیە.
8. راستە سەرۆكی توركیا ‌و سوپاكەی دژ بە كورد نین وەك كورد، بەڵام گومانی تێدانیە دژ بە بوونی كێشەی كوردن، دژی كوردێكن ، هەر بیروباوەڕێكی هەبێت، كە لەسەر بناغەی كوردبوون، كە سەدساڵە بەهۆی ئەو ناسنامەوە دەچەوسێتەوە ، وەك تورك‌و میللەتانی تری موسڵمان داوای مافە نەتەوەییەکانی خۆی بكات .
هەر لەم چوارچێوەدا، پەكەكە بەرهەمی چەوساندنەوە‌و بوونی كێشەی كوردە، نەك كێشەی كورد بەرهەمی پەكەكە بێت، توندڕەوی فیكری ‌و فیزیكی پەكەكەش لە هەندێ‌ كات‌و شوێندا لەڕوێکی گرنگیدا، كاردانەوە بووە بەرامبەر توندڕەوی كەمالیزم‌و قوڵایی ئەو چەوسانەوەی كورد لە مێژووی توركیادا دووچاری هاتووە ‌وتاكو ئێستاش دەوڵەت ئامادە نیە چارەسەری بكات. خۆزكە دەوڵەتی توركیا تەنها دژی پەكەكە بوایە ‌و دژی مەسەلەی كورد‌و مافە نەتەوەییەكانی كورد نەبوایە‌و ئامادە بوایە لە دەرەوەی پەكەكە وە چارەسەری کێشە کە بکات.
9. ئەگەر مەسەلە کەعەقیدە بێت، رەنگە كەم هێز‌و دەوڵەت بەئەندازەی بەعسی سوری عەلمانی و نادیموکرات و نەتەوە پەرست و خوێنڕێژ بووبێت ،مەگەر هاوتا بەعسیەکەی لەعێراقدا، هەموومان دەزانین هەر لە وێرانكردنی (حەما) لە ساڵی (1982)ەوە تاكو ئێستا ئەم رژێمە چی بە موسڵمانان ‌و ئیسلامییەكانی ئەو وڵاتە و گەلی سوریاكردووە. كەچی توركیا لای ئاساییە ناوچە كوردییەكان بخرێنەوە ژێر دەسەڵاتی ئەو، چونکە لەدیدی ئەوەوە گرنگ ئەوەیە بەدەست هێزە كوردییەكانەوە نەمێنێ‌ و کۆتایی بە بوونی قەوارە کوردییەکەی ئەو بەشە بێنێت.!ئامادەیە رووسە ئەرسەدۆكسەكان ناوچەكە كۆنترۆڵ بكەن‌و لە دەست كوردی دەربێنن.هەربۆیە ئەم پرسە لە دوور ‌و نزیكەوە بەپەیوەندی بە(ئیسلام) و (عەقیدە)وە نیە. سەبارەت بە بیرکردنەوەی موسوڵمان وئیسلامخوازێکی کورد یش لە چۆنیەتی هەڵوێست گرتن بەرامبەر پرسە نە تەوەییەکان و لەوانەش ئەم پرسەی ئێستای ڕۆژئاوا، پێمان وایە دەبێت بیرکدنەوەو داوەریکردنی ل چوارچێوەی ئەم خاڵانەی خوارەوەدا بێت:
1. دەبێت ئیسلام وئیلهام وەرگرتن لێی ودیدی ئیسلامی ، كێشەی هەست بە كەمی مرۆڤی كورد لە بەرامبەر نەتەوە و بزوتنەوە نەتەوەیەتیەكانی تر چارەسەر بكات‌و جۆرێ‌ لە غروری ئەخلاقی‌و متمانە بەخۆبوون‌و گیانی یەكسانی لەگەڵە ئەوانی دی پێ ببە خشێت وبۆبگێڕێتەوە کەبەداخەوە لەڕابردوودا ناسیونالیزی کوردی لەم ڕوەوە زۆر سەرکەوتوو نە بووەو کێشەی جددی هەیە .بەحوکمی ئەوڕوحە عەدالەتخوازەی ئیسلام هەڵگریەتی.ئەو ڕۆحەی شێخی نەهری و شێخ عە بدوسسەلامی بارزانی وشێخ سەعیدی پیران وشێخ مەحمودوقا زی محەمەد وکۆمەڵەی ژ ك وچەندین تێکۆشەری تر هەڵگری بوون.وەهەر بیرکردنەوەو ڕوحیەتێکی تر وەلاوە بنێین پێچەوانەی ئەمە بێت.
2. بەبوێریەوەلەڕووی هەموو ئەو هەوڵانە هەڵماڵێ کە بەشێوەیەکی نائەخلاقی هەوڵی خراپ سودلێوەرگرتنی ئاین وهەستی ئاینی دژ بەگەلەکەمان دەدەن و وێناکردنیان وەك ڕێزنەگرتن لە خودی ئیسلام وبەکارهێنانی وەك ئامرازێك بۆئامانجی نائیسلامی وزاڵمانە.
3. بنەمای یەکسانی گەل ونەتەوەکان دادپەروەری لەڕوانگەی ئیسلامەوە، رێگامان پێدەدات ،لە سەردەمی دابەشكردنی جیهان لەسەر بناغەی نەتەوەیی، ئێمەش لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانمان تێبگەین ‌و هەوڵی بەدیهێنان پاراستنیان بدەین ‌،ئەمەش بە خاڵێكی هاوبەشی نێوان هەموو هێزە کوردی وکوردستانیەکان بزانین، بە جیاوازی ئینتیمایانەوە.
4. ئاساییە ئیسلامخوازو ئیسلامیەکان دیدگاو زمانی تایبەت بە خۆیان لەکاتی ڕەتکردنەوەی دەستدرێژی بۆسەر میللەتەکەیان هەبێت ، لەوێنەی جەختکردنەوە لەوەی ئەم جۆرە جەنگ وپەلامارانانەو درێژەكێشانی مەسەلەی كورد‌و چارەسەر نەكردنی، دژ بە سەرەتای برایەتی گەلانی ناوچەكەیە ‌و بوغز‌و رقی نەتەوەیی پەرە پێدەدات‌ وڕێگا بۆ دەستێوەردانی دەرەکی دەکاتەوە. هەروەها ڕێ‌ لەوە دەگرێت نەتەوە موسڵمانەكان یەكێتی یەكی هاوشێوەی یەكێتی ئەوروپا دروست بكەن.واتە یەکیەتیەك واتای هاوکاری نێوان نەتەوە سەربەخۆکان بە دەستەوە بدات.
5. جیاکردنەوەی مەسەلەی کورد لە فیکرو ئینتیمای فیکری وسیاسی هێزە کوردییەکان.بەحوکمی ئە وەی مەسەلەکەخۆی لەخۆیدا وبەدەر لەوانەی نوێنەرایەتی دەکەن، ڕەواو عادیلانەیە . 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×