کورد رووبەروی قۆناغێکی مێژوویی گرنگ دەبێتەوە

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2019-10-13     996

لەوەتی تورک بە زۆر بۆتە دراوسێی ئێمە، هەمیشە پەلاماری داوین و هەموو سنورەکانی ئەخلاق و مرۆڤایەتیشی بەزاندووە، ئەمەش واقعێکی مێژووییە و کەسیش نکوڵی لێ نەکات. من دەڵێم بەزۆر بۆتە  دراوسێمان، چونکە ئێرە وڵاتی ئەوان نییە و  شوێنی سەرەکی ئەوان ئاسیای ناڤینە، لەوێوە هەر بە شەڕو پەلارمادانی گەلانی ناوچەکە  هاتوون، ئەمەشیان هەر واقعێکی تاڵی مێژووییە، چونکە کەس ئامادەنییە هەروا بە ئاسانی وڵاتی خۆی بداتە بێگانە.
ماوەی چەند ساڵێکە کورد لە رۆژئاوا توانیی نیمچە سەربەخۆییەک بەدەستبهێنێت و کەمێک لەژێر چەپۆکی رژێمی فاشیستی بەعسی سوری رزگاری بێت، لێ هەر زوو  دەوڵەتی تورک کەوتە دژایەتیی ئیدارەی رۆژئاوا،  ئەوەش بە بیانووی بوونی پەکەکەوە. سەرەتا لە رێگەی هاوکاریکردنی بەرەی نوسرە و پاشانیش داعش، ئەم کارەشی بەدیارچاوی جیهانەوە کرد و کەسیش سزای نەدا. داعش کە دڕندەترین گرووپی ئیسلامیی توندڕەوە، ئەو وەحشیگەریی و توندڕەویشەیی لەوەوە هاتووە، کە مامۆستاکانی داعش تورک بوون.
کورد هەزاران شەهید و برینداری داوە تاوەکو خۆیی و ناوچەکە و جیهانیش لەم گرووپە وەحشییە رزگار بکات، کە تورک دروستیکردبوو. هەموومان دەزانین کە کورد باجی گەورە جەنگی داعشی داوە، راستە دەوڵەتە هاوپەیمانەکانیش هاوکاری باشیان کردووین، لێرەدا هەمووشمان لەسەر ئەوە کۆکین، لە پەلاماردانی تورکیادا،  دەوڵەتە رۆژئاواییەکان لەپێش هەموویانەوە  ئەمریکا  لەجیاتی هاوکاریکردنمان، بەڵام پشتی تێکردین، بەڵام دیسانەوە لەمەشدا ئێمە نابێت زۆر توندڕەوانە بیربکەینەوە، چونکە وەکو پێشتریش ووتومە، نە ئەوروپا و نە ئەمریکا دوژمنی ئێمە نین،  تاکە دوژمنی ئێمە تورکیایە.  لەوانەبێت گەر تورک نەبوایە ئێستا جیهان هاوکاری ماددیی و سیاسیی زۆری رۆژئاوای بکردایە، بەڵام لەمەشدا هەر تورک بەربەستی گەورە بووە.
فۆکۆیاما لە دوایین کتێبیدا" رەگوریشەی سیستەمی سیاسی" دەڵێت: هەمیشە دەوڵەتەکان و هەستی ناسیۆنالیستی لەکاتی جەنەگەکاندا دورست دەبێت" دەشڵێت: دەوڵەت دەرئەنجامی حەتمی جەنگەکان دروست بووە.
دەمێکە وتومە مەگەر دوژمنەکانمان ئێمە یەکبخەن دەنا زۆر زەحمەتە ئێمە لە عەقڵیەتی خیڵگەراییی و ناوچەگەرایی رزگارمان بێت، ئێستا بۆ هەموو کوردێک روون و ئاشکرابووە، کە تورک دوژمنی سەرسەختی کوردە، خۆ ئەوان نایشارنەوە، بە سیاسییە راستڕە و چەپڕەو و ئیسلامییەکانیانەوە دەڵێن: کورد لە ئەفریقاش بێت، ئێمە دژایەتی دەکەین.
لە ئێستا تاکە چەکی کورد یەکگرتن و یەک هەڵوێستییە،  وەکو زۆربەی سیاسەتمەدارو رۆژنامەنووس و نووسەر و بیرمەندانی  گەلەمان ئاماژەیان پێداوە، شکستهێنانی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان و سەرکەوتنی دەوڵەت تورک لەم هێرشەیدا، ترسی هەیە بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان لەپێش هەمووشیەوە، باشووری کوردستان.  ئەم یەک هەڵوێستیەش چەکێکی گەورەیە، چونکە ئێمە لە رووی ژمارەوە زۆرین و دەتوانین بە هەموومانەوە شتێک بۆ گەل و وڵاتەکەمان بکەین، هەر لێکترازان و ناکۆکیەکیش لەم کاتدا، کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە بۆمان.
لەبەرئەوە پێویستە هەموو کورد لە ئێستادا بەهەموو شیوەیەک دژی هێرشی داگیرکاری تورک بوەستێتەوە، لەهەمانکاتیشدا ریزەکانی خۆی یەکبخات، چونکە ئەمە تاکە چەکی ئێمە دەبێت بەرامبەر بەم دەوڵەت وەحشییە داگیرکەرە. گەر لە رووی سەربازیشەوە سەیری بکەین، سنووری رۆژئاوا هەتا باشووری کوردستان هەمووی بکرێتە یەک سنوور و یەک سەنگەر، ئەوا زۆر زەحمەت دەبێت بۆ دەوڵەتی تورک، کە پەلاماری ئەو هەموو ناوچە سنوورییانە بدات و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
خاڵێکی گرنگی تریش ئەوەیە، نابێت بێ ئومێدی بەسەرماندا زاڵبێت، راستە هەموومان داخ لە دڵین و هەست بە بێزاری دەکەین، بەڵام  نابێت بێ هیوا بین، من بە پێچەوانەوە زۆر گەشبینم  بەوەی کە کورد ئەمجارە سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک:
یەکەم لە ئێستادا یەک ریزییەکی بەهێزی کوردی هەیە، کە هیچ کاتێک وا بەهێز نەبووە. دووەم: هیچ کاتێک کورد هێندە سۆزو عاتیفە و   پشتگیری جیهانی  نەبووە، مەگەر کاتی کۆڕەوەکەی ساڵی 1991. سێهەم خاڵیش ئەوەیە، هیچ کاتێک دەوڵەتی تورک هێندەی ئەمڕۆ لەناو گێتی جیهاندا بە رۆژهەڵات و  رۆژئاواوە، ڕیسوا نەبووە، بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان دژی دەوڵەتی تورک دەوەستنەوە، دیارە ئەمەش پاشئەوەی بۆیان دەرکەوتووە، کە نەخشەکانی دەوڵەتی تورک ، زەرەری بۆ ئەوانیش هەیە. ئەمڕۆ تورکیا لەرووی ئیعلامیی و سیاسییەوە پەلاماری " میسر، لیبیا، ئیمارات، سعودیە، سوریا، عیراق" دەدات.
لەبەرئەوە نابێت ئەم پشتگیرییە جیهانیە بەکەم وەربگیرین و لەهەمانکاتیشدا نابێت بێ ئومێد بین، لە ئێستادا ئێمە رووبەروی قۆناغێکی حەساس و  گرنگ و مێژوویی دەبینەوە، دڵنیام سەردەکەوین و چەتەگەری دەوڵەتی تورکیاش شکستدەهێنێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×