سێ سەرنج لەسەر قسەکانی عەلی قەرەداخی

مه‌ریوان وریا قانع
  2019-10-16     2074

ئەم قسانەی عەلی قەرەداخی لەو پۆستەدا کە پەیوەستە بەدۆخی ئەمڕۆکە ڕۆژئاڤاوە دەربڕی سێ ڕاستیی گرنگن:

١- ئامادەگی ھۆشیارییەکی شێواو کە توانای بینی و ناسینیی سادەترین دەرکەوتەکانی واقیع و دیاردەکانی ناوی نییە. ھۆشیارییەک ناھۆشیار بەوەی ڕووئەدات و دەگوزەرێت. ئەوەی ئەم ھۆشیاریە ئاراستەدەکات توانا ڕەخنەییەکانی عەقڵ نییە لە شیکردنەوەی دیاردەکاندا، بەڵکو وەفادارییە بۆ شتێک، کەسێک، مەسەلەیەک، لە دەرەوەی خۆیدا. وەفاداریی لێرەدا شوێنی وزەی ڕەخنەییانەی بیرکردنەوە دەگرێتەوە.

٢-ئامادەگیی وەلائێکی ئایدیۆلۆژیی ڕەھاو پەڕگیر کە توانای جیاکردنەوەی ستمەگەری لە ناستەمگەر و زۆرداری لە قوربانیی و تاوانی لە بێتاوان، نییە. وەلائێکی ئایدیۆلۆژیی کە تاریکیی نەبینین و ھەستپێنەکردن گەورەتر و ڕەھاتر دەکات.ھەم بێدەنگیی دروستدەکات، ھەم لەناو قسەکردن و گوفتاردا تەمومژ و سەرلێشێوانێکی گەورە دروستدەکات. ئەم وەلائە ئایدیۆلۆژییە توانایەکی گەورەی ھەیە تاوانبار بۆ پاڵەوان و مرۆڤکوژ بۆ ڕزگارکەر، گوناھبار بۆ بێگوناھ، بگۆڕێت، دەتوانێت لەژێر ناوی جیاوازدا بەھانەی جۆربەجۆر بۆ خۆێنڕشتن و تاوانی گەورە بھێنێتەوە.

٣- غیبای ویژدانێکی ئینسانیی کە بتوانێت ڕێ لەوە بگرێت ”ئەویتر“ی لەخۆت نەچوو وەک ئینسان نەبینیت و وەک ئینسان مامەڵەنەکەیت. توانای بینینی برین و ئازارە ئینسانییەکانی ئەوانیتر، ھەنگاوی یەکەمی دروستبوون و کارکردنی ئەم ویژدانە ئینسانییەیە. ئەوەی ئەم غیابە دروستیدەکات سڕینەوەی ھەستکردنە بە گوناھ، بە ھەڵەبوون، بەوەی ئامادەبیت دەسکاریی ئینسانبوونی خۆت بکەیت بۆ ئەوەی نەھێڵیت ببیت بە کابوسێکی ئینسانیی.

ئەوەی عەلی قەرەداخی لێرەدا دەیڵێت نیشاندەری ئامادەگیی ئەو سێ شتەیە کە باسمکرد. ئامادەگیی ھۆشیارییەکی شێواو و وەلائێکی ئایدیۆلۆژیی کوێرانەو لەدەستدانی ئەو ویژدانە ئینسانییە سەرەتاییە کە ئینسان دەکاتە بونەوەرێکی عەقڵانیی‌و بەرپرسیار.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×