پیاوسالاریی‌و خێزانکوژیی لەکەیسی ئامانج‌و لانەدا

د. چۆمان ھەردی
  2019-10-20     4273
”کوشتی، کوشتی، کوشتی!“ ڕەنگە زەمەنێکی بوێت بۆ ئەوەی ئەم ڕستەیە چیتر لە گوێمدا نەزرنگێتەوە. بۆ من ئەم سێ وشەیه‌ بەیانکردنی حەقیقەتێکی تاڵن کە زۆرکەس نایانەوێت باوەڕی پێ بکەن؛ حەقیقەتی ئەوەی کە لە سیستەمی پیاوسالاریی و لەژێر ناوی خۆشەویستیدا، پیاوێکی بە ڕواڵەت مرۆڤدۆست و میھرەبان دەتوانێت ھاوسەر و منداڵەکەی و خۆشی بکوژێت لەبەرئەوەی ئەم ژنە چیتر نایەوێت لەگەڵ ئەودا ژیان بکات. مەرگی دوو ڕۆژنامەنووس ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵە سێ ساڵەکەیان قسەی زۆری لەسەرکرا و من نامەوێت لێرەدا دوبارەیان بکەمەوە. تەنھا دەمەوێت وەڵامی ھەندێک پرسیار و گومان بدەمەوە کە لای خەڵک دروستبووە بۆ ئەوەی حەقیقەت ڵێڵ نەکرێت و خۆمان لە بەرپرسیارێتی نەدزینەوە.

ھەندێک گومان دەکەن له‌وه‌ی پیاوێک، کە ژیاندۆست و بێزیان دەردەکەوێت، بتوانێت ھاوسەر و منداڵەکەی و پاشان خۆشی بکوژێت. ئەم تێڕوانینە بێئاگایی پێوە دیارە لەسەر سروشتی مرۆڤ و مێژووی مرۆڤایەتی کە چەندین تاوانکاری لەمجۆرەی تێدایە. لە ڕاستیدا کوشتنی ئەندامانی خێزان لەلایەن تاوانکارەوە (کە زۆرینەی جار پیاوە نەک ژن) جۆرە تاوانێکە کە ناوێکی تایبەت بە خۆی ھەیە و بە فامیلیساید (famillicide)، واتە خێزانکوژیی ناسراوە. بەپێی لێكۆڵینەوەکان، زۆرینەی ئەو پیاوانەی خێزانکوژیی و دواتر خۆکوژیی ئەنجامدەدەن، ئەوانەن کە پێشتر توندوتیژییان دژی ھاوسەرەکانیان بەکارھێناوە، بۆیە توندوتیژیی بە یەکەم ھێما دادەنرێت بۆ ئەمجۆرە تاوانانە. ھێماکانی تریش کە ئەگەری ئەمجۆرە تاوانە زیاددەکەن بریتین لە ئاسانیی دەستگەیشتن بە چەک، دڵپیسیی پیاو، بینینی ژن و منداڵ وەک موڵکی پیاو، ھەڕەشەکردن لە کەسی قوربانی و جیابوونەوە یان ھەڕەشەی جیابوونەوە. واتە ئەو پیاوە دڵپیس و توندوتیژانەی کە بە ئاسانی دەتوانن چەک بەدەستبێنن، ھاوسەر و منداڵەکانیان بە موڵکی شەخسی خۆیان دەزانن، ھەڕەشەی کوشتن لە ھاوسەرەکانیان دەکەن و ڕووبەڕووی جیابوونەوە دەبنەوە ئەگەری ئەنجامدانی ئەم تاوانەیان زیاترە. سەرجەمی ئەم فاکتەرانەش لە کەیسی ئامانج و لانەدا ھەن. ئەوانەی لەم دوو کەسەوە نزیکبوون باس لەوە دەکەن کە گەرچی لەناو خەڵکدا ئامانج وەک پیاوێکی ڕۆمانسی و پڕ لە خۆشەویستی و ڕێز دەرکەوتووە لە ڕاستیدا مێژوویەکی دوورودرێژیی ھەبووە لە دڵپیسی و بەکارھێنانی توندوتیژیی دژی لانه‌ی هاوژینی. لەم دواییەشدا، کاتێک لانە دەیەوێت جیابێتەوە، زۆرکەس ئاگاداری ھەڕەشەکانی ئامانج بوون لە لانە، ”گەر لێم جیابیتەوە تۆ و منداڵەکە و خۆشم دەکوژم!“

ھەندێک کەسی تر متمانەیان بە دەسەڵاتی کوردی، لێکۆڵینەوەی پۆلیس و دادگاکانی ھەرێم نییە بۆیە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەم کەیسە دەخەنە ژێر پرسیارەوە. بێگومان باوەڕنەکردن بە ڕاپۆرتی پۆلیس جێگەی سەرسوڕمان نییە لەبەرئەوەی لە ڕابردوودا کاتێک تاوان دژی ڕۆژنامەوانان ئەنجامدراوە لێکۆڵینەوەکان گوماناوی و بەرھەمھێنی سیناریۆی سەیر بوون. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە ئەم کەیسەش یەکێکی ترە لەو جۆرە سیناریۆیانە. ئێمە لە کەلتووریی تاوان و گوماندا دەژین، لە شوێنێکین کە حەقیقەت بە ئامانجی جیاوازی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بە ئاسانی وندەکرێت. لە ڕاستیدا ئەم کەیسە باشترین کایەیە بۆ ئەو کەسانەی باوەڕیان بە تیۆری موئامەرە ھەیە و ئەوانەش کە ئەمە بە دەرفەتێک دەزانن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسیی دەستخوێناوی و گەندەڵ بکەنە ئامانج. بەڵام دەبێت لە بیرمان نەچێت ھەندێکجار حەقیقەت ھەر ئەوەیە کە لەبەر دەمماندایە و ھیچ نھێنییەکی تری لە پشتەوە نییە.

ئەوانەش کە ھاوسۆزییان لەگەڵ ئامانج ھەیە دەڵێن گەر ئامانج ئەم تاوانەی ئەنجام دابێت ئەوا لەبەر ئەوەیە کە نەخۆشیی دەروونیی ھەبووە و خۆزگە زووتر بیانزانیایە و کۆمەکیان بکردایە. ئەمە یەکەمجار نییە کە نەخۆشیی دەروونیی وەک پاساوێک بەکاردەھێنرێت بۆ کەمکردنەوەی قورسایی تاوانەکان. کەم نین ئەوانەی بەردەوام پێماندەڵێن ئەو پیاوانەی کە لە ھاوسەرەکانیان دەدەن یان دەیانکوژن ”پیاوی باش و بێزەرەر بوون.“ من ھەمیشە سەیرم لە تێڕوانین و پێناسەی کۆمەڵگەی ئێمە دێت بۆ ئەوەی کێ پیاوی باشە و کێ خراپە. ھەمیشە تووشی شۆک دەبم کە دەبینم خراپەکارییەکانی پیاو بەرامبەر بە ژن، چەوسانەوەی، توندوتیژی بەرامبەری، کۆنترۆڵکردنی جەستە و ژیانی نابنە ھۆی ناشرینبوونی ئەو پیاوە لە کۆمەڵگەدا، چونکە زۆرینە پێیانوایە ئەمە کێشەیەکی ”شەخسییە“ و پەیوەندی بەوانەوە نییە.

ھۆکاری سەرەکیی بەردەوامبوونی پیاوسالاریی، بێدەنگی و بێلایەنیی زۆرینەی پیاوانە، بە نووسەر، ھونەرمەند، سیاسی، بازرگان و دەسەڵاتدارەوە و تەنانەت بەوانەشەوە کە خۆیان بە داکۆکیکاری عەدالەت و حەقیقەت دەزانن. رەیوان کۆنێڵ لە کتێبە گرنگەکەیدا لەسەر پیاوەتیی باس لەم دیاردەیە دەکات و بە پیاوانی بەشدار لە تاوان (complicit) ناویان دەبات. پیاوانی بەشدار لە تاوان ئەو پیاوانەن کە خۆیان لە ژن نادەن، بەڵام دژی دیاردەی لە ژندان و پیاوی توندوتیژ ناوەستنەوە، خۆیان ژن ناچەوسێننەوە، بەڵام ھەرگیز پەیوەندی خۆیان لەگەڵ پیاوێکی تر تێکنادەن لەسەر ئەوەی ژن دەچەوسێنێتەوە، خۆیان نوکتەی خراپ لەسەر ژنان ناکەن، بەڵام کە پیاوێکی تر نوکتەی لەو جۆرە دەکات ئەمانیش پێدەکەنن. بە کورتییەکەی ئەم جۆرە پیاوانە، کە زۆرینەی پیاوانی جیھانن، خۆیان پیاوسالارانە ڕەفتارناکەن، بەڵام دژی پیاوسالارییش ناوەستنەوە لەبەر ھۆکارێکی سادە، چونکە بە شێوەیەکی گشتیی ھەموویان لە سیستەمی پیاوسالاریی و چەوسانەوەی ژن سوودمەندن.

ئەم کەیسە نموونەیەکی تری توندوتیژییە کە سیستەمی پیاوسالاریی بەرھەمی دەھێنێت. ئەوە سیستەمی پیاوسالاریییە کە تیایدا ژن و منداڵ بە موڵکی پیاو دەزانرێن (تەنانەت لە ڕووی یاساییشەوە ئەمە وایە). لەم سیستەمەدا پیاو بەکارھێنانی توندوتیژی و سەندنەوەی مافی ژیان لە ژن بە مافی خۆی دەزانێت، بڕیاریی جیابوونەوە بە مافی خۆی دەزانێت و ڕازی نابێت ژن لەو جیابێتەوە، بۆیە گەر ژن ھەوڵی کارێكی وا بدات، ئەوا دەیکوژێت. په‌یام و پرنسیپه‌ پیاوسالارییه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: ”یا بۆ منی یا بۆ گڵ!“

کێشەکە لەوەدایە کە ھەر کەیسێک بە نموونەی توندوتیژی سیاسیی بزانرێت، ھەر رۆژنامەوانێک لەسەر ئازادی ڕادەربڕین زەرەرمەند بێت ئەوا سەرجەمی شەقام دێتەجۆش و قسەکردن، بەڵام کاتێک رۆژانە ژن بە دەستی پیاو دەکوژرێت، نابێتە مایەی داچڵەکینی کەس. زۆرینەی پیاوانی ڕۆشنبیر و داکۆکیکار لە عەدالەت لەمجۆرە حاڵەتانەدا پاڵی لێدەدەنەوە و سەیری دەمی ئێمەمانان دەکەن، وەک ئەوەی کوشتن و توندوتیژی بەرامبەر بە ژن پەیوەندیی بە دۆزی عەدالەت، دیموکراسییەت و ئەوانی پیاوەوە نەبێت، کە زۆرینەن لە سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسیی و ئایینی و کەلتوورییدا. لای ئەوان دۆزی رۆژنامەنووس دۆزێکی سیاسییە، بەڵام دۆزی ژنی قوربانیی دۆزێکی کۆمەڵایەتییە و مەترسیدار نییە بۆسەر ئاسایشی گشتیی. ئێمەی فێمینیست دەیان ساڵە لە ھەوڵی ئەوەداین سیاسەت دوبارە پێناسەبکەینەوە و ڕوونی بکەینەوە کە ھەر کەیسێک خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتی تێدا بێت کەیسێکی سیاسییە نەک کۆمەڵایەتی. ژنانی جیھان چەند سەدەیە خەبات دەکەن تا چەمکەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، دادپەروەریی، زەرەرمەندیی، توندوتیژیی و ئاشتی تەنھا لەپەیوەندی لەگەڵ پیاودا پێناسەنەکرێن، بەڵکو ئەزموونەکانی ژنیش لەخۆ بگرن کە زۆرجار، بەبۆنەی جەنگەوە، زیاترن لە نیوەی کۆمەڵگە.

دواجار دەمەوێت بڵێم، چیتر ئەو پاساوە قبووڵناکەین کە پەردەھەڵماڵین لەسەر نادادپەروەرییەکانی پیاوسالاریی کاتی نییە و گه‌لی کورد لەژێر مەترسیدایە. یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی سەر کۆمەڵگای کوردیی سیستەمی پیاوسالارییە کە وای کردووە نیوەی ھێز و توانا و بەھرەکانی ئەم میللەتە بەھەدەر بڕوات، سوودی لێ نەبینرێت و بەدەستی خودی پیاوی کورد لەناوببرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×