ئەردۆگان‌و ترەمپ‌و دەرکەوتنی ئێمە لەجیھاندا

مه‌ریوان وریا قانع
  2019-10-22     1204
لەدونیای ئەمڕۆدا یەکێک لەستراتیژیەتە گرنگەکانی خەباتی سیاسیی میلەتانی چەوساوەی وەک ئێمە، بریتییە لەگەیشتن بەجیھان، گەیشتنە بەئەوانیتر، بەو بەشەی جیھان کە ناوی مرۆڤایەتییە. لەم گەیشتن بەجیھانەدا دوو ڕەھەند زۆر گرنگە. ڕەھەندی یەکەمیان ئەوەیە کە ببینرێت، لەبەردەمی جیھاندا دەربکەویت، ڕێگرو بەربەستەکان ببەزێنیت و بگەیتە بەرچاوی جیھان.. ئێدوارد سەعید کە باس لە مێژووی خەباتی فەلەستینیەکان دەکات لەوە ئەدوێت ئەم مێژووە بەردەوام یەک ئارەزووی ھەبووە، ئارەزوی ئەوەی جیھان فەلستینیەکان ببینێت.

جگە لە بینین ڕەھەندێکی دیکەش پێویستە، ڕەھەندی ئەوەوی کە ببیسرێیت. لەڕاستیدا بینین بەتەنھا بەس نییە، تەنھا بڵاوبووونەوەی وێنە و دیمەنەکان بە جیھاندا بەتەنھا بەس نییە، بەڵکو پێویستە بشبیسرێیت، جیھان تەنھا وێنەی تاوانەکان نەبینێت، بەڵکو ئەو حیکایەتانەش ببیسێت کە لەپاڵ ئەو تاوانانەدا دەگێڕدرێنەوە. تێکەڵکردنی ئەم دوو ستراتیژە کاری ورد و ڕۆژانە و بەردەوامی دەوێت.

ھەموو ھەوڵی وڵاتە داگیرکەر و چەوسێنەرەکانیش ئەوەیە ڕێ لەم دوو مەسەلەیە بگیرێت، چەمکی ”سەروەریی دەوڵەت“ خۆشی ئەو ئامرازە سەرەکییەیە کە بۆ ئەم مەبەستە دەخرێتەکار. ھەڵچنینی دیواری گەورەوە بەدەوری ئەو میلەتانەدا، تەلبەندکردنی سنوورەکانیان، میلیتاریزەکردنی ژیان و ڕێگرتن لە ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێران و چاودێریکەران بۆ ئەوەی وێنەکان و دەنگەکان بگوڕێزنەوە، لەپاڵ چەمکی ”سەروەریی دەوڵەت“دا، ستراتیژیەتی سەرەکیی شاردنەوەی ئەو میلەتانەن لە جیھان.

شتێک کە لە بینین و بیستندا پێیوستە ئاگاداریبین ئەوەیە وێنەی ئێمە بۆ دەرەوە تەنھا وێنەی قوربانییە بەردەوامەکان نەبێت، تەنھا وێنەی وێرانکاریی و خوێڕشتن و پەلاماردانەکان نەبێت، بەڵکو ھاوکات وێنەی ئیرادەیەکی گەورەی تەسلمنەبوون و بەرەنگاربوونەوە بێت، تێکەڵ بە ئیرادەی چێژوەرگرتنێکیگەورە لە ژیان. ئەوەی دەچێتە دەرەوە تێکەڵێک بێت لە برین و کۆڵەندان و لە کارەسات و ئارەزووی ژیان. بۆیە گرنگە وێنەی میلەتی ئێمە وەک میلەتێکی چەوساوە تێکەڵبێت بە وێنەی میلەتێکی سەماکەر، مۆسیقاژەن، سەیرانکەر. 

لەوکاتەدا کە وێنەی منداڵێکی کوژراومان بە جیھاندا بڵاودەبێتەوە ھەوڵبدەین وێنەی مناڵێکیشمان کە سەمادەکات، وێنەی کچێک کە خەریکە مۆسیقا دەژەنێت، وێنەی ئاگرێک لە شاخەکاندا کە بەدەوریدا خەڵکانێک کۆبوونەتەوە و گۆرانی دەڵێن، بەیەکەوە بچنە دەرەوە، یان بەیەکەوە لەسەر شەقام و گۆڕەپانی شارە گەورەکانی جیھان ئامادەبن. بە مانایەکی تر پێویستە ئاگادارین ”چوارچێوەیەکی پاسیڤ“، passive frame، بۆ دەرکەوتنمان لە جیھاندا دروستنەبێت.

لە دوای ھێرشەکەی ئەردۆگانەوە بۆسەر ڕۆژئاڤا چوارچێوەیەکی جیھانی نوێ لە دروستبووندایە کە بڕێکی گەورە لە ئامادەگیی بۆ بینینی کورد و خەڵکی کوردستانی تێدایە. لێکنزیکبوونەوە و سۆز بۆ کورد و مەسەلەکەی، ھاوشانە بە ڕق و بێزاریی و توڕەبوونێکی گەورە لە تورکیای ئەردۆگان و سیاسەتی داگیرکردن و پەلاماردانی ئەوانیتر. بە درێژایی سەدەی بیستەم کەم سیاسیی تورکیی ھەبووە، ھێندەی ئەردۆگان بێزراو بێت لە دونیادا. 

ئەردۆگان و ترەمپ لەیەک تەرازوودان و ھەردووکیان ڕووەبڕووی شەپۆلێکی گەورە لە ڕق و ڕەخنە و ناڕازیبوونی جیھانیندا. ھەم ئەردۆگان و ھەم ترامپ جەنگی بردنەوەی ڕای گشتیی ئەوروپیی و جیھانیان دۆڕاندوە. وێنەی ئێمە لەبەردەم ئەو ڕای گشتییەدا وێنەی میلەتێکی بەجێھێڵدراو و خیانەتلێکراوە. 

ئەم دۆخە دەشێت ھەندێک دەلاقەی بچووکمان بەڕوودا بکاتەوە. ئەوەی پێویستە ھەوڵدانێکی ڕێکخراو و سیستماتیکی خۆمانە بۆ درێژەدان بەم دەرکەوتن و بیستنە لە جیھاندا. ئەمەش کارێکی مەحاڵ نییە، بەڵام ئاسانیش نییە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×