بەكاربەری كورد جێگرەوەی كاڵای توركی هەیە؟

زریان محەمەد
  2019-10-28     828

لەدوای ھێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ھاووڵاتیانی كورد لەھەرێمی کوردستان وەک ھەڵوێستێکی نیشتمانی و سزادانی ئابوری بڕیاری بەكارنەهێنانو بایكۆدی كاڵای تورکیان ڕاگەیاند، ئایە ھاووڵاتیان دەتوانن پابەند بن بەم هەڵوێستەیانەوە؟ ئەگەر سەرنجێكی بازاڕەكانی هەرێمی کوردستان و عێراق بدەین دەبینین کاڵای وڵاتی چین، تورکیا و ئێرانن بەشێكی سەرەكی پێداویستییەكانی بازاڕیان پێكهێناوە، بەهۆی لاوازی كەرتی بەرهەم هێنان ھاووڵاتیان ناچارن بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانیان ئەوکاڵایانە بەکار بھێنن، چونکە لەڕوی نرخەوە ھەرزانن و زۆربەی ھاووڵاتیانیش خواستیان لەسەر كاڵای  ھەرزانە، زۆربەی كات گرنگی بە کوالێتی و باشی کاڵاکان نادەن، بەهۆی خراپی بژێوی ئابووری كەمی ئاستی موچە وایکردووە هاوڵانیان تەنھا بیریان لای نرخ بێت، نەك کوالێتی. 

ھۆشیاری ھاوڵاتیان لە پێش ھەموو بڕیارێکەوەیە، لە ڕابردودا زۆرترین گرنگی بەکاڵا دەرەکیەکان دراوە نەك بەرھەمە ناوخۆییەکان، زۆربەی كات ممتمانەو خواستیان لەسەربەرھەمی ناوخۆی نەبووەو ھەمیشە باوەڕیان وابووە کاڵا دەرەكییەكان  باشترن لە ناوخۆییەکان، ئەمەش بەهۆی بێ پلانی حكومه‌ت و دامەزراوەكانی دەوڵەتەوەیە كە نەیان توانییوە لە ڕێگەی پشكنینەوە باشی و بەرزی كواڵێتی بەرهەمی ناوحۆی بە هاوڵاتیان ئاشنا بكەن، بۆیە لەئێستادا پێویستە ھاووڵاتیان گرنگییەكی تایبەت بە بەرهەمی ناوخۆی بدەن، پشتگیری  جوتیاران و وەبەرھێنەرانی ناوخۆی بكەن. زۆرێك لە پێداویستیە خۆراکیەکان و جلو بەرگو پێڵاوو پێداویستیەكانی ناوماڵ هاوردەی وڵاتی توركیان، ئەمەش وایکردووە هەندێك لە هاوڵاتیان بایکۆتکردنی کاڵای تورکیان بەلاوە قورسبێت. 

ھەموو ئەم پشت بەستنانەی ھەرێم بە ووڵاتانی دراوسێ کەمتەرخەمی حکومەت دەردەخات لەماوەی حکومڕانیدا کە ھیچ گرنگی بەزیادکردنی بەرھەمی ناخۆی نەداوە، ھیچ پشتیوانیەکی بۆ دانانی کارگە نەبووە پرۆژەی مامناوەند و بچوکی پشتگوێ خستووە کرێی کارەبا و باج و پێدانی مۆڵەتی لەسەر خاوەن کارو بازرگانان زیادکردووە، ڕێگربووە و پشتیوان نەبووە و ھانی کۆمپانیا و بازرگانانی نەداوە لەجیاتی ھاوردەی بەرهەمی خۆراک هاوكاریان بكات و پشتگیریان بێت بۆ دامەزراندنی كارگە لە ھەرێمدا. 

پلانی نەبووە هەموو کارگە لەکارکەوتوەکانی سەردەمی پێشوتری حکومەتی عێراق کە لەشارەکانی ھەرێمیشدا بوونیان هەیە جارێكی تر وەگەڕیان خاتەوە بۆ بەرھەم ھێنانی جلوبەرگ و جگەرە و شەکر و ڕۆن پێداویستی کارەبای و چیمەنتۆ و چەندین بواری دیکە. بەداخەوە ئێستا ئەو كارگانە کراون بە جێگەی بازرگانی و لەناوبراون گەر حکومەت ئەو شوێنانەی پشگوێ نەخستایە چەندین پێداویستی ناوخۆی بەرھەم دەھات... ئەو بازرگانانەی کە بەرھەمی خۆراكی لە تورکیاوە ھاوردە دەکەن دەتوانن ھانی جوتیاران بدەن ساڵانە زەویەکانیا بۆ چاندنی نۆک و نیسک و فاسۆلیا و لۆبیا و ماش و تەواوی بەرھەمەکانی دیکە تەرخان بكەن ئەمش وادەکات ئەو ماددانە لەناوخۆدا لە کێسنانیان بۆبکرێت و لەناوخۆدا ساخ بكرێنەوە و ھاووڵاتیان دڵنیا دەبنەوە لە کوالێتی و باشی بەرھەمەکان. لەھەموو بازارەکاندا ھاووڵاتیان سەرپشکن لە کڕینی پێداویستیەکانیان چ بەرھەمی ناوخۆی بێت یاخود بەرھەمی دەرەکی، گەر کاڵای ناوخۆی زۆربێت ئەوا بەدڵنیایەوە ھاووڵاتیان پشتیوانی لە بەرھەمی ناوخۆی دەکەن بۆیە گرنگە کە حکومەت ھەموو تواناکانی لەدوای ئەم فشارەی ھاووڵاتیان بخاتەگەر بۆ زیادکردن و بەگەڕخستنەوەی کارخانەکان و وەبەرھێنانی ناوخۆی. چونكە لە ئێستادا توانای بەرهەمی ناوخۆی نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بتوانێت پێداویستی بازاڕ دابین بكات و هەوڵی هاوڵاتیان بۆ بایكۆدی كاڵای توركی سنوردراو ماوە كورت دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×