تکایە کاك مەسرور لەئێستادا سەردانی تورکیا مەکە

د. عەبدولڕەحمان مەولود
  2019-11-01     1165
لاپەرەکانی فەیسبووك پرە لەبابەتێك سەبارەت بەکەسێك بەناوی حەسەن خەیری. زۆر بەکورتی بابەتەکە بەم شێوەیە، هاوپەیمانانی سەرکەوتو لەجەنگی جیهانی یەکەم بەسەر ئیمپراتۆری عوسمانی دۆڕاو لەشەر لەبیری ئەوەدان دەولەتی کوردستان هاوشێوەی دەولەتی تورکیا، عیراق، ئوردن، سوریا...تاد دروست بکەن. 

ئەم هەولە بەپێی بەندەکانی ئەو پەیمانامەیە بو کە لەشاری سیڤەری فەرنسی بەسەر ئیمپراتۆری عوسمانی فەرزکراوە  کە تیادا هاتوە ئیمپراتۆری دۆڕاو دەبێت ڕازی بێت بەئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکان، دروستکردنی دەولەتی یۆنان‌و سەربەخۆیی بۆ ئەرمەنیەکان. ئەم رووداوە لەسەروبەندی پەیمانامەی لۆزان بووە.  

کاتێك نوێنەری تورکەکان لەدانیشتنەکانی لۆزان بەم بابەتە دەزان بەپەلە دەکەونە خۆو هەوالەکە دەگەێنن بەئەتاتورك. ئەتاتورکیش حەسەن فەخریی لەدژ سەربەخۆیی کوردستان بەکاردێنێت بەمشێوەیە: 

کەمال ئەتاتورک سەرۆک کۆماری تورکیا بانگی حەسەن خەیریی، نوێنەری ئەوکاتەی شاری دەرسێم،  دەکات‌و پێی ئەڵێت سبەینێ بەجلی کوردییەوە وەرە بۆ پەڕلەمان‌و لای ئاژانسە بیانییەکان بڵێ: ئێمەی کورد دەوڵەتی سەربەخۆمان ناوێت، دەمانەوێت لەگەڵ تورکی برامان بمێنینەوە. 

حەسەن فەخریش ئەم کارەی ئاتاتورك پێی دەسپێرێت دەکات‌و لەئەنجامدا هاوپەیمانان بریاردەدەن دەوڵەتێك بۆ کوردان پێویست نییە. دواتر کە حەسەن فەخری هەست بەو ناپاکیە گەوەرەیە دەکات لەنەتەوەکەی، خۆی نەعلەت لەخۆی دەکات بەشێوەیەك کە وەسیەت دەکات لەکاتی مردنی لەسەر ڕێگایەکی گشتی بینێژن بۆ ئەوەی هەرکەس بەم ناوەیە تێپەرێت سوکایەتی بەگۆڕەکەی بکات.  

دیارە لەکۆتایشدا ئاتورك حەسەن خه‌یریی لەسێدارە دەدات بەتاوانی خیانەتی گەوەرە لەنیشتمان چونکی بەجلی کوردی هاتۆتە پەرلەمان. تا ئێرە کورتەی بەسەرهاتی حەسەن خەیریە کە لەفەیسبوك بڵاوکراوەتەوە. 

هەواڵەکانی کوردستان باس لەوە دەکەن کە ئوردوگان بانگهێشتی مەسرور بارزانی دەکات بۆ تورکیا لەکاتێکدا کە نزیك بەهەموو دونیا دژی ئوردوگانە. 

تورکەکان بەمەبەستی سیاسی ئەو بانگهیشتنە لەئێستادا دەکەن. ئەوان لەئێستادا لەجیهان بەوە پێناسە دەکرێن کە لەهەولی پاکتاوی نه‌ژادی کورداندان. ئامادەبونی مەسرور بارزانی بیانو دەداتە دەست تورکان بۆ ئەوەی بەدونیا بڵێن ئێمە دژی کورد نیین، بەڵکۆ دژی یەپەگەین (YPG) لەڕۆژئاوا. ئەم بیانوە ئەگەر دەستەبەر بێت بۆ تورکەکان هاوشێوەی  باسی ئامادەبونی حەسەن خەیریی لەپەرلەمانی تورکیایە، ئەم بابەتە  رەنگە زۆر زەرەرمەند بیت بۆ  دۆزی کورد بەگشتی و دۆزی ڕۆژئاواش بەتایبەتی.  

لەو کاتەی مەسرور بارزانی بۆتە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان هاوسەنگی بۆ سیاسەتی دەروەی هەرێمی کوردستان تارادەیەکی باش گێراوەتە. ئەو وەك هەرێمێك لەعیراق کاردەکات لەگەڵ هێشتنەوەی پەیوەندیەکی ئاسایی لەگەڵ تورکیا. هەروەها ئەو دژایەتیەی لەڕابردو دژی ڕۆژئاوای کوردستان هەبو ئێستا هەستی پێناکرێت. ئەمانە هەموی پۆزەتیڤن، هیوادارام بەسەردانێك بۆ لای ئوردوگان تێك نەچێت. 

بیانو یان خۆدزینەوە بۆ نەکردنی ئەم سەفەرەی تورکیا زۆرە. بۆ نمونە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت وەلامی تورکیا بداتەوە کە بەپێی ئەو ئاڵوگۆرانەی ئەو دوایە لەپەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان‌و بەغدا رویداوە، مەسەلەکانی دەرەوە پەیوەندی بەحکومەتی عیراقەوە هەیە. ئەگەر هەر کارێکیان هەیە ئەوە بێگەێنن بەعیراق‌و پەیوەندیەکانی دەروەی عیراق لەدەسەلاتی ئێمە نییە... 

جێگای خۆیەتی ئەوە بەبیر هەموان بێنینەوە، کە ئۆردوگان بەچاوێکی دوژمنکارانە دەڕوانیتە هەمو کورد.  بۆ نمونە، ئوردوگان لەڕابردو بەبەرێز مەسعود بارزانی دەوت تیررۆیست. فەرمون سەیری ئەم چاوپێکەوتنەی برێت ماکگورك بکەن  کە لەنیۆرکەر بلاوکراوەتوەو چۆن ئوردگان بەبەرێز مەسعود بارزانی دەڵێت تیرۆریست‌و لەبریت ماکگۆرك دەپرسیت بۆچی لەگەڵ تیرۆیست هاوکاری دەکەن.
 "he‌s a terrorist, and why do you work with that terrorist?. 

ڕەنگە ئێستاش هەروا بڵێت. من خۆم پێموایە مەسرور بارزانی ئەم سەردانە بۆ تورکیا لەئێستادا ناکات، هیوادارم نەیکات. 

عەبدولڕەحمان مەولود
پرۆفسۆری یاریدەدەر، زانکۆی لۆریە واترلو، کەنەدا 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×