ئەو کارەساتە راگرن کەناوی زانکۆیە

نەوزاد جەمال
  2019-11-06     1641
قەیران و تەنگەژەکان لەژیاندا باشترین وانەی فێرکارین. بەڵام، پێدەچێت لەم هەرێمەدا، ئەقڵیەتێکیتر کارابێت: 'بۆ دەربازبوون لەکێشەیەک، گرفتێکیتر بسازێنە'.
ئەوەی جێی سەرنجە رۆژانە لەگەڵ ریکلامکردنی برنج و چاو رۆندا ، بانگەشەی کردنەوەی زانکۆو پەیمانگە ئەهلی جۆراجۆر لە میدیاکانەوە دەکرێت. جگەلەوەی کە ناوی سەیرو پرۆگرامی چەندبارەیان تێدایە. ئاخۆ: هەرێمەکەمان ئەم هەم زانکۆیانەی بۆ چییە؟ ئامانج چییە لەکردنەوەیان کە ساڵانە هەزاران گەنج بەبڕوانامەی زانکۆییەوە لەماڵی خۆیاندا دادەمەزرێ؟
ئەی، ئەگەر زانکۆ حکومەیەکان پەککیانکەوتووە، زانکۆی ئەهلی چیمان بۆ دەکەن لەکاتێکدا هەمان پرۆگرام و مامۆستاو سیستمی زانکۆ حوکمیەکان پەیڕەودەکەن؟ ئەگەر ئەو بابەت و بوارانەی زانکۆ باوەکان دووبارەو کۆنن و بەکەڵکی ئەمڕۆ نایەن، خێرە هەمان بەش و لق لەزانکۆ ئەهلیەکان چەندبارە دەبنەوە؟
 دەبێت لەبەردەم لێشاوی کردنەوەی زانکۆدا بپرسین: تاچەندە ئەو هەژمارەزۆرەی زانکۆکان، بوونەتە هۆی پێشبڕکێی زانستید و سەرکەوتن؟ یان بوونەتە ئەرک لەسەر گیرفان و داهاتوو بەفیڕۆدانی پاشەڕۆژی لاوان؟
 ئەگەر بمانەوێت سەرچاوەی هەڵەکە دەستنیشان بکەین، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو گوتارەی کە ساڵانێکە لە کوردستان لەژێر دروشمی 'بەستنەوەی زانکۆ بەبازاڕی کارەوە' بازاڕسازییەکی قازانجبەخش بەزانکۆوە دەکرێت. ئم دروشمە بریسکەدارە کە بەڕواڵەت خەم لە دۆزینەوەی هەلیکار بۆ زانکۆییەکان دەکات، لەبنەڕەتدا بزنێسکی گەورەی چەندان پرۆفیسۆری زانکۆو سەرمایەدارەکان و بەپاڵپشتی بەرپرسی دەستڕۆیشتوویە!
هەڵبەت، لەم هەرێمەدا دیاردەی زۆر سەیرهەن کە شایەتحاڵی مایەپووچی دامەزراوەکانی حکومەتە: یەکێک لەوانە، هەر بەرپرسەو دەزگاری راگەیاندن و زانکۆی خۆی هەیە! لەهەر شارۆچکەیەک بەناوی ئاوەدانکردنەوە، زانکۆیەک دروستکراوە، بێئەوەی مەرج و زەمینەی زانستی هەبێت. وەکئەوەی ئیتر چۆن هەر گوندو شارەدێیەک مزگەوت و قوتابخانەی سەرەتایی خۆی هەبێت، دەبێت ئاوەهاش کۆلیجی لێبێت! ئیتر وایلهاتووە، سوڕی ژیانی گەنجی ئێمە لەزێدو شوێنی خۆیدا کورتبێتەوە. بەمەش دابڕانێ لەنێوان شارەکاندا دروستبووە. کەسێ ئامادەنەبێت چەند کیلۆمەترێک ببڕێت بۆ زانکۆ، دەبێت لە کام سەردەمەدا بژی؟!
یەکێکیتر لەو سەیروسەمەرانەیتر ئەوەیە، زانکۆ هەبووە تەواو دامەزراوەکەی ئایدۆلۆجی رەوتێکی ئایینی(گولەنیەکان بەناوی قوتابخانەی سەلاحەدین، زانکۆی ئیشق، گەشەپێدان و هتد...) لەپشتیەوە ئیشیکردووە.
باشە، دانیشتوانی هەرێمی کوردستان چەند ملێون کەسە؟ ئەگەر شەشیش بێت، ئەی بەرامبەر ئەمە چەندە زانکۆ پێویستە؟ ئاخر بەپێی ئامارەکانی خوێندنی باڵا (٣٥) زانکۆ(١٦ حکومی و ١٩ تایبەت) و (١٤) پەیمانگا بۆچی باشە کەتائێستاش دەستیکار لەدەرەوە هاوردە دەکرێن[i]؟ ئایا نابێت مەرجی کردنەوەی زانکۆیەک، هەبوونی پێداویستی زانستی لەبوارێکدا بێت؟ ئەم هەموو کۆلیجە پزیشکی و ئەندازیارییە دووبارانە لەپێناوچین؟ مەگەر هەرێمی کوردستان نیوەی دەبێتە دکتۆرو نیوەکەیتریش نەخۆش؟
ئەوە گاڵتەجاڕییە لەلایەک بڵێیت؛ مادام زانکۆ لەگەڵ بازاڕی کاردا نایەتەوە، ئەوەی دەبێتە پێوەر خوێندێکە کە کاری لێبەدیبێت. لەکاتێکدا دەیان زانکۆو پەیمانگەی ئەهلی دەکرێنەوە، هەزاران دەرچوو بێکار دەکەون! لەبەرئەوە، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پرسیارە جەوهەریەکە: ئەرکی زانکۆ بەرهەمهێنانی دەستیکارە؟ یان رەخساندن و هاندانی زەمینەی توێژینەوەی زانستی و برەودانە بەبوارێکی پێویست؟
کاری زانکۆ ئەوە نییە کرێکارمان بۆ ئامادەبکات. چونکە، زانکۆ دامەزراوەیەکی ئەکادیمییەو زیاتر لایەنی تێوری زانست و توێژینەوەیە. کادێری زانکۆیی دەبێتە پسپۆڕو توێژەر لە زانستێکدا. لەکاتێکدا کادێری کار دەبێت لە پەیمانگەپیشەییەکاندا فەراهەمبێت. بەداخەوە، زۆرێک لەپیشەکانی نێو بازاڕ نەبوونەتە ئەکادیمی. لەوڵاتان هەر لە نانەواو فیتەرو چێشتلێنەرەوە تا تەکنیک و ئایتی لە پەیمانگەکانەوە دێن و دەچنەنێو بازاری کارەوە. کەس لەخۆڕا ناچێت دوکانی وەستایی بابەتێک دابنێدت ئەگەر پێشینەی پەیمانگەی پێگەیاندن بۆ ئەو بابەتەو مۆڵەتی کاری وەرنەگرتبێت.
 کەواتە، لەجیاتی ئەو هەموو زانکۆیانە کە بازاڕ پێویستیان بۆدەرچووانی نییە، خوێندنی پیشەیی و ئامادەکاری بۆ کارپیشەیەک لەڕێی پەیمانگەکانەوە بکرێت. هێشتا تێناگەم بۆ دەبێت ئەو هەموو گەنجە بڕۆنە زانکۆ لەکاتێکدا ئامانجی ئەوان دەستکەوتنی کارە نەک توێژینەوەی زانستی؟ پەروەردەو فێرکردن مافی هەمووانە، بەڵام خوێندنی زانکۆیی بۆ هەمووکەس دەستنادات. راستە لەنێو کۆمەڵی کوردەواریدا، خوێندنی زانکۆیی پریستیجێکی کۆمەڵایەتی هەیە، بەتایبەت ئەگەر پزیشکی و ئەندازیارو  قانونی بێت. بەڵام، کاری یەکەم و هەرەپێشی زانکۆ زانستەو کارکردنە لەوە بوارەدا. هەروەک لەناوەکەیدا دیارە: کۆی زانستەکان لەخۆدەگرێت.
لەگەڵ ئەم راستیانەدا حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت کێشەی خوێندن و زانکۆ وەک کێشەیەکی زانستی تەماشاکات. واتە، توێژینەوەو بەدواچوونی زانستی بۆ ئەوەی دەخوێنرێت، بۆئەوەشی چۆن حکومەت سوود لەتواناو پسپۆڕیەکانی نێو زانکۆکان وەربگرێت بکات. حوکمڕانی زانستە، سەرکردایەتی هونەرە. ئەوەی دەبێت کە حکومەت لەبڕیاروسیاسەتەکانیدا رەچاوی بکات و بەپێی پێوەرەکانی زانست بڕیاربدات. ناکرێت پلان و بەرنامەو بڕیاربدرێت ئەگەر توێژینەوەو پاشخانی زانستی لەپشتیەوەنەبێت. هەمان شتیش راستە، کەدەبێت گرفتی خوێندنی باڵا بەزانست خۆی چارەسەربکەیت. واتە، زانست پێوەرەکانت دەستنیشاندەکات نەک بۆچوونی جوان یا دڵسۆزی کەسێک لەو کەرتەدا یان پێوەری بازاڕی کراوە.
بۆیە، لەو دۆخە خراپەی کە زانکۆکان تێیکەوتوون، پەیتا پەیتا زانکۆیتر دەکرێنەوەو تابەم ئاکامە گەیشتین:  کە مردنی زانکۆیە. سەبارەت بەمردنی زانکۆکان لەکۆمەڵی پێشکەوتووەکاندا کە زۆرێک بەکۆتایی زانکۆ دادەنێن(هەڵبەت ئێستە سەرقاڵی نووسینێکم لەوبارەوە) پێموایە زانکۆ وەک ئەو ئەرکەی جاران کە لەسەریبووە کە پێدانی بڕوانامەیەک بۆ دامەزراندن و وەک پێگەیەیکی کۆمەڵایەتی سەیردەکرا ئێستا بەکۆتا گەیشتووە. نەبازاڕی کار بەو قەبارەهەیەو نەتوانای دامەزراندن و تەنانەت ماستەرو دکتۆرا وەک کردنەوە هەژماری فەیسبوکی لێهاتووە! نیشانەیەکیتری مردنی زانکۆکانی ئێمە، ئەوەیە لەرووی توێژینەوەو لێکۆڵینەوە کزولاوازن و تەنها بوونەتە باڵەخانەیەک کە وانەی بەسەرچوویان تێدابوترێتەوە. بەم شێوە، دامەزراوەی زانکۆ بەرەو کۆتایی دەچێت.
کەواتە، ئەگەر بیر لە دەرفەت و هەلیکار دەکرێتەوە، نابێت هانی هەموو گەنجەکان بدرێ بچنە زانکۆ و ئەو ئەقڵیەتە پێویستە بگۆڕدرێت بۆ پێگەیاندنی تواناو بەهرەکان لەپەیمانگە پیشەییەکاندا. ناکرێت گەنجێک لەم سەردەمەدا کەهەموو وزەیەکی هەیە، هیچ بەهرەو کارامەییەکی لەبواری ژیاندا نەبێت و تەنانەت نەتوانێ نامەیەکی داواکاری دامەزراندن یا هەرشتێک لەوجۆرە بەدەستی خۆی بنووسێت. 


[i] https://www.mhe-krg.org/index.php/ku/node/3347

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×