ناوچە جێناکۆکەکان لەچاوەڕوانی شێوازێکی نوێی کاری نیشتمانیی

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2019-11-09     1069
دەربارەی پرسی ناوچە جێ ناکۆکەکان وچۆنیەتی ئەو دۆسیە،پێویستمان بە پێداچوونەوەیەکی هەمەلایەنەی ڕابردوو ڕوحیەتێکی نوێ وداڕشتنی ستراتیژێکی هەمەلایەنە بۆداهاتوو سیستماتیزەکردنی کارکردنمان هەیە بۆ داهاتوو. سروشتی کێشەکەو چۆنیەتی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنییشی

ڕزگارکردنی ئەم پرسە لە مامەڵەی مەقتەعی وکاری سەرپێی وپچڕپچڕ ونەبوونی مەرجەعیەت ولاوازی شرۆڤەو بەدواداچوون وتەنانەت بەئامرازکردنی بۆ پرسی سیاسی لەخۆی بچوکترو کردنی بە بابەتی ململانێی حیزبی نانەتەوەیی وکورد ڕسواکەرو بەرامبەر دڵخۆشکەروچەندین شتی تر بەم جۆرەی خوارەوە دەخوازێت:

١گرێدانی مینۆکۆنفرانسێکی دوور لە چاوی ڕاگەیاندن بەمەبەستی:
ا وەستان لەسەرسروشت وواقیعی ئێستای کێشەکە.

ب پێداچوونەوە یەکی ڕەخنەگرانە بە شێوازی ئیشکردن ومیکانیزم ولاوازی وبەربەستەکان لە قۆناغی ڕابردوودا.
ج دەستنیشانکردنی لایەنە نێوخۆیی ودەرەکیەکانی پەیوەست بەکێشەکەو پاڵنەرو ئامانج وچاوەڕوانی وکێشە
ومەترسی هەریەکەیان لەمەڕ پرسەکەو کورد.

د داڕشتنی ستراتیژێك بۆکارکردنی داهاتوو.

٢دامەزراندنی ناوەندێکی هاوبەشی نیشتمانی(ئەگەرپێویستیکردیاساشی بۆ دەربچێت) بۆ بایەخپێدان وبەدواداچوون وکۆکردنەوەی زانیاری وپێشکەش کردنی پڕۆژەو بەرجەستەکردنی یەکگرتوویی دیدو هەڵوێستی هێزەکوردیەکان.ئەم ناوەندە لەنێوان یەکێتی وپارتیدا قەتیس نەمێنێ ومۆرکێکی نیشتمانی گشتی پێ بدرێت.دەزگایەکی سینك تانکی هەبێت وکۆمەڵێ توێژەری پسپۆڕ کاری تێدابکەن.سەرجەم ئەوشتانەی دەربارەی ئەم پرسە لەجیهاندا بڵاو دەکرێتەوە کۆبکاتەوەو ئەرشیفی بکاتەوە وپوختی بکاتەوەو بیخاتە بەرچاوی لایەنی پەیوەندیدار.گۆڤارێکی وەرزی بە چەند زمان دەربکات.بەگوێرەی نەخشەیەك بەتورکی وفارسی وعەرەبی وئینگلیزی نوسین دەربارەی ئەم پرسە بڵاو بکاتەوەو بۆئەم کارە پشتیوانی لەکۆمەڵێ قەڵەمی ئەو گەلانەش غبکات.لەگەڵ گروپی قەیرانە نێو دەوڵەتیەکان وun وئەمەریکاو هەندێ وڵات وناوەندی تر هاوکاریان هەبێ وزانیاریان پێ بدات وبەشداری لەدروستکردنی دیدو جۆریچارەسەرەکانیان بکات.لەکاتی پێویستدا کۆنفرانسی ناوەکی ودەرەکی ببەستێت.نەخشەیەکی هەبێت بو هەڵمەتێکی بەردەوامی پەیوەندی گشتی ودیبلۆماسیەتی میللی لەگەڵ پێکهاتە کانی تری ناوچەکەو لەم ڕووەشەوە سودێکی باش لەئیسلامیە کوردەکان وزانایانی ئاینی وکەسایەتیە کۆمەڵایەتیەکان وەربگرێت و دەشێت کۆنفرانسی تایبەتیش بۆم توێژانە ببەسترێت. دەستنیشانکردنی وردی مەترسی وچاوەڕوانی وڕەخنەی پێکهاتەکان لەکوردو کارکردن بۆ ڕەواندنەوەی بەکردەوەی گومان وڕەخنەکان وخستنە ڕووی دەستەبەری ودڵنییاییەکان لە ڕێی بۆنموونە گرێدانی کۆنفرانسێ بەبەشداری یوئێن ولایەنە پەیوەندیدارەکا و پێکهاتەکان لەپێناو ڕاگەیاندنی بەڵگەنامەی مافی پێکهاتەکان لەدۆخی دوای گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەرهەرێم ونیشاندانی چەندین جۆری نیازپاکی لەئێستادا .دەرکردنی ڕاپۆرتی ستراتیژی ساڵانە لەمەڕ ئەو ناوچانەو ئاڵنگاری وگۆڕانکاری وگۆڕان وچەشمەندازەکان. خستنە ڕووی شرۆڤەو دیدی هاوبەش بۆ هێزەکان وپێشکەش کردنی خوێندنەوەیەکی نیشتمانی کوردستانیی بان حیزبی،بۆچارەسەرکردنی دۆخی پاشاگەردانی خوێندنەوەی حیزبی وکاڵ وکرچ وگروپی وناوچەگەریانەی قۆناغی ڕابردوو .چاودێریکردنی دام ودەزگاو بەرپرس ولایەنە کوردییەکان ودەستنیشانکردنی هەڵەو لادانەکانیان وبڕیاردان لەبارەیانەوە.دەرهێنانی مەسەلەی کەروك لە وەی وەك ڕابردوو تائێستاش کێشەیەکی کوردی-کوردی بێت،کەپێشمەرجی هەرکارێکی نیشتمانیی هاوبەشە.ڕۆڵ بینین وەك مەرجەعێکی هاوبەش بۆ بڕیاردان وچارەسەرکردنی دەربارەی پێشهات وکێشەو مەسەلە ناستراتیجیەکان وبەشداریکردن لەبڕیاردانە ستراتیجیەکان.دانیشتنی وەرزی لەگەڵ سێ سەرۆکایەتیەکەو هەرکەسێکی تری پێویست لەوانەش هەندێ لەکاربەدەستانی کورد لەبەغاو سەرۆکی حیزبەکان و...هتدبۆتاووتوێکردنی پێشهات و گۆڕانکاریەکان لەوماوەدا. دەکرێت ئەم دامەزراوەیە لەخەڵکانی سیاسی وتوێژەران وهەواڵگریەکان وچالاكوانان و... پێك بێت وچەندین بەش ٦ودەزگای فەرعی هەبێت لەوانەش توێژینەوە،سیاسی،پەیوەندی گشتی،ڕاگەیاندن...هتد.هەروەهاگرنگە کەرکوکیەکان ڕۆڵی گرنگیان هەبێت .چونکە دەتوانن بابەتیانەترو بەرچاونانەترو هەندێ جاریش دڵسۆزانەتر، قسەلەسەر ئەم پرسەو چۆنیەتی بەڕێوەبردن وهەوڵدان بۆچارەسەرکردنی بکەن.بوونی هەندێ خانمی بەتواناو ڕەمزیی ئاینیش لەم دەزگایەدا گرنگن.دەبێت مەرجەعێکی باڵای پابەند کەری ڕوونیش هەبێت لەکاتی پێویستدا بۆی بگەڕێنەوە.

٣ بۆئەوەی ئەم ستراتیژە نیشتمانیە هاوبەشە بکەوێتە سەرپێ،دەبێت تێگەیشتنێکی هەمەلایەنەمان بۆ هاوبەشی هێزەکان وجۆری پەیوەندیان لە سەرئاستی هەرێمی کوردستان وناوچەکەدا هەبێت.واتە نابێت کاری هاوبەش لە ناوچە جێناکۆکەکاندا قەتیس بدرێت.چونکە ڕابردووبۆی سەلماندین، ئەم بیرکردنەوە بێ بەرهەمەو بەرگەی هیچ تاقیکردنەوەیەکی جیدی ناگرێت،ڕوداوەکانی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش زۆرشتی بۆڕونکردینەوەو پێویست بە خۆ خڵەتاندن ناکات.
بەکورتی دەبێت پارتی ویەکێتی لەکوردستان تەباو هاوکارو بێ کێشەی گەورەبن.متمانەیان بەیەک هەبێت، لەگەڵ هێزەکانی تر ڕاستگۆیانەو نیشتمانیانە مامەڵە بکەن. کۆتایی بەپاشماوەکانی شەڕی ناوخۆو دابەشبوونی هەرێم وفرەدەسەڵاتی وبوونی زیاد لەهێزێکی چەکداری وپەیوەندی هەرێمایەتی حیزبیی سەربەخۆ بهێنرێت، دان بە ناوچەی تەقلیدیی نفوزی حیزبیی یەکدیدابنێن ، بۆئەوەی سنورێ بۆ دەستێوەردانی حیزبی ودەوڵەتانی هەرێمەکە دابنرێت .هەروەها بەو ئەندازەی کورد دەسەڵاتی بوو ، نابێت خراپیەکانی ئیدارەی کورد لەکەرکوك لەقۆناغی پێشودا دووبارە بکرێتەوە.بەشێ لەوەش بەوە دەبێت کەرکوکیەکان خۆیان ڕۆڵی بنەڕەتی ویەکلاکەرەوەیان لە بەڕێوەبردنی ئیداری وئەمنی شارەکەیاندا هەبێت.بۆناوچە کوردستانیەکانی تریش بەهەمان شێوە.هەروەها بەهیچ جۆرێ ڕێگا بەبوونی دووئاسایش وپەروەردەی جیاواز لەشارەکەدا نەدرێت. چونکە ڕەمزە بۆ کێشەی کوردی کوردی ونەبوونی ستراتیژی هاوبەش وململانێی حیزبی وهەوڵدان بۆ گۆڕینی کەمینەو زۆرینەی حیزبی لەشارەکە وناوچەکەداو مامەڵە لەگەڵ کردنیان وەك شارو ناوچەیەیەکی هەرێم !!!کەبە کارەسات بەسەر کوردا شکایەوە.جگە لەڕێکەوتنێکی تۆکمەی هێزەکان لەسەرچۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەرێم وبیناکردنی دەسەڵاتێکی تۆکمەو ئەنجامدانی چاکسازیەکی ڕاستەقینەو وباشترکردنی ژیانی هاوڵاتی وگێڕانەوەی ئومێد بەدواڕۆژی خۆی،،کارکردن بۆناوچانە کاری هاوبەشی بەغاشی پێویستە.کە ئەگەرئەوەی هەرێم بێتە دی ئەویان ئاسانتر دەبێت.هەموو ئەوەی وتمان بە پلەی یەکەم باسی چۆنێتی دووبارە ڕێکخستنەوەی کارەکان وبەسیتماتیك کردنی هەوڵەکان بوو. بەهیوای دەرگا کردنەوە بە ڕووی مشت ومڕێکی نوێی جیدی وقۆناغێکی نوێی تێکۆشانی ڕاستگۆیانەتر بۆ چا رەسەرکردنی ئەم پرسە نەتەوەیی وئینسانی ومێژووییەئاڵۆزە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×