نێچیرڤان بارزانی راست دەکات!

عەبدوڵای مەلا نوری
  2019-11-20     1124

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: بەغدا قوڵایی ستراتیجی هەرێمی کوردستانە.
لە راستیدا من ئەم قسەیەم هەم پێ خۆشە، هەم بە راستیشی دەزانم!
بەڵام ئەگەر ئەم قسەیە لایەنێکی تر بیکردایە یەکسەر تەخوین دەکرا و بە کرێگرتەی بەغدا لە قەڵەم دەدرا، لەم روەوە نمونە زۆرە.
قوڵایی ستراتیجی پەیوەستە بە پێگەی جوگرافی و مێژو و ئاسایش و سەقامگیری و بەرژەوەندی هاوبەشەوە.


ئەم برادەرانە هەر لە بنەمادا دیدێکی واقعی و ستراتیجیان نیە، بەڵکو بە گوریسی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان قوڵایی ستراتیجی دیاری دەکەن.
لە ناوئاخنی دەستوری عێراقیدا ئەو قوڵاییە ستراتیجیەی کە نێچیرڤان بارزانی باسی دەکات رەنگی داوەتەوە.


دەسەڵاتدارانی کوردی بۆ ئەوەی ئەو قوڵاییە ستراتیجیە بپارێزن و زیاتر بیخەنە خزمەت بەرژەوەندیە کورت مەوداو درێژمەوداکانی هەرێمەوە، دەبو لە رابردودا لە هەمو لایەک زیاتر مشوری جێبەجێکردنی دەستوری عێراقی فیدراڵیان بخواردایە.


بەڵام ئەوەیان نەکرد، بەڵکو بە مەبەست لێگەڕان لایەنە عێراقیەکان دەستور پێشێل بکەن، بۆ ئەوەی ئەمانیش لە دەرەوەی دەسەڵاتە دەستوریەکانی هەرێمەوە، هەندێک هەنگاو لە چوارچێوەی بەرژەوەندیە بازرگانی و سیاسیە حیزبی و بنەماڵەیی و کەسیەکانی خۆیاندا بنێن و کردیان.


مەسەلەن ئەو کاتەی بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەت بو ، نێچیرڤان بارزانی بە بێ ئەوەی هیچ پۆستێکی حکومی رەسمی هەبێ چەند جارێک سەردانی ئەنقەرەی کردو لاوازی کابینەکەی دکتۆر بەرهەمی قۆستەوەو بناغەی رێکەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوتی نێوان تورکیاو هەرێمی دانا.


لەم پرسە هەرە مەترسیدارو ستراتیجیەدا ئەوەی حسابی بۆ نەکرا بەغدا بو وەک قوڵایی ستراتیجی هەرێمی کوردستان. (ئەم هەڵە ستراتیجیە لە ریفراندۆمیشدا دوبارە کرایەوە)
لە راستیدا ئەم برادەرانە بەس قسە فڕێ دەدەن، بە بێ ئەوەی دیدێکی واقعی و ستراتیجیان هەبێ و، ئەسڵەن برواشیان پێی نیە.


باشترین بەڵگەش ئەوەیە حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم هێشتا ئامادە نین نەوتی هەرێم لە رێگەی عێراقەوە بفرۆشرێت، لە کاتێکدا هەم نرخەکەی و قازانجەکەی زیاترە، هەم گەرەنتی هاتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە دەکات و دەشێت سەرەتایی دروستکردنەوەی متمانەی نێوان هەولێرو بەغداش بێت.


کەواتە ئەمانە باکیان نیەو نیگەران نین لەوەی لە داهاتودا جارێکی تر موچەی خەڵک ببڕێت و گورزێکی تری ئابوری بەر هەرێم بکەوێت و ئەو شڕە سەقامگیریەشمان زیاتر تێک بچێ!؟
ئەمانە لەو مەحفەلانەی کە خەڵکی بێگانەی تێدا دانیشبێت و کامێرای تەلەفزوێنەکان راستەوخۆ بۆیان بگوازێتەوە، میکایجێکی کوالێتی بەرزی بۆ دەکەن و ئیدی قسەی خۆش و گەورەیان بۆ دێت.


ئەمانە؛ پاش دەیان کۆبونەوەو لە کاتێکدا کە ناوچە کێشەلەسەرەکان (بە قسەی خۆتان لە ژێر هەرەشەی جدیدایە) نەتوانن پارێزگارێکی کورد لە کەرکوک دابنێن و نەتوانن قوڵایی ستراتیجی هەرێم کوردستان لەو ناوچانە کوردستانیانە بپارێزن، کوا لە خەمی هەرێم و قوڵاییە ستراتیجیەکەیدان؟!


مانەوەی ئەم حکومڕانیە فشەڵەی ئێستای هەرێم، لە سایەی دەزگای هەواڵگری حزبی و پێشمەرگەی حزبی و ئابوریەکی دزراو و قورخکراو لە لایەن حیزبەوە...هتد، ستراتیجی نێچیرڤان بارزانی و حکومڕانانی تری هەرێمە.
کەچی لە بەیان و رێکەوتنە حیزبیەکانیاندا لە سەر دۆخی شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق داوای سەربەخۆی دادگاو شەفافیەت و بە دەنگەوەچونی خواستەکانی خۆپیشاندەران دەکەن!
لە کۆتایدا دەمەوێ ئەوە بڵێم: ستراتیجێک خۆی تۆکمەو سەلیم بێت دەتوانێ قوڵایی ستراتیجی سەلیم بۆ خۆی دروست بکات، خۆ ئەگەر ستراتیجەکە لە ناو خۆیدا فشەڵ بو، ئەوا ئەگەر هەمو چوار دەوریشی قوڵاییەکی ستراتیجی کۆنکریتی بێت لە ئەنجامدا ستراتیجەکە کە هەرێمی کوردستانە لە هەمو ئانوساتێکدا لە بەردەم ئەگەری لە ناوچونە!
رەنگە باشترین نمونەش ئەوە بێت: ئێران ساڵانێکە لە وڵاتانی دەرەوە خەریکی تۆکمەکردن و پاراستنی قوڵاییە ستراتیجیەکەیەتی، بەڵام لە ناوخۆدا بە ئیهمالکردنی "ژیانی خەڵک" کە کرۆکی ستراتیجی دەوڵەتە، بۆیە وا خەریکە هەم ناوخۆی لە دەست دەچێت، هەم قوڵاییە ستراتیجیەکەی کە خۆی لە چەند پایتخەتێکی وڵاتانی ناوچەکەدا دەبینێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×